قەتەر ناسنامەی دایك و باوكی منداڵە فڕێدراوەكە ئاشكرادەكات

بەهۆیەوە پشكنینی ژنانە بۆ گەشتیارانی ژن ئەنجامدرا و ئەمەش تەنگژەی نێودەوڵەتی لێكەوتەوە

دەسەڵاتدارێتی قەتەر ناسنامەی باوانی ئەو منداڵە تازە لەدایكبووەی ئاشكراكرد كە لە سەرەتای تشرینی یەكەمی ڕابردوو لە فڕۆكەخانەیەكی دەوحەی پایتەخت فڕێدرا، ئەو ڕودوای ڕێوشوێنەكانی دۆزینەوەی دایكی خەریك بوو تەنگژەیەكی لەگەڵ ئوستراڵیا بۆ دروست بكات.

داواكاری گشتی قەتەر ئەمڕۆ دووشەممە 23ی تشرینی دووەم بڵاویكردەوە، هەردوو تۆمەتباری ڕوداوەكەی فڕۆكەخانەی حەمەد ڕادەستی دادگای تاوان كراون. كە بەپێی بەیاننامەیەكی داواكاری گشتی “ڕەگەزنامەی ئاسایی”یان هەیە.

بەڵام ئاژانسی فڕانس پرێس بڵاویكردەوە دەسەڵاتدارێتی دەوحە داوای “ئاماژەی سوور”ی لە ئینتەرپوڵ كردووە لەپێناو هێنانی دایكەكە بۆ وڵاتەكەی بەمەبەستی ڕوبەڕووكردنەوەی بە تاوانەكە.

لە 2ی تشرینی یەكەمی ڕابردوو منداڵێكی تازە لەدایكبوو لەنێو سەلەیەكی خۆڵی تەوالێتی فڕۆكەخانەكەی حەمەد لە دەوحە دۆزرایەوە و ڕاستەوخۆ هەڵمەتێكی پشكنین بۆ دۆزینەوەی دایكی دەستیپێكرا.

بەپێی بەیاننامەكە، دایكی منداڵەكە، كە ڕەگەزنامەی یەكێك لە وڵاتانی ئاسیای هەیە، پەیوەندی لەگەڵ كەسێكی دیكەی هەڵگری ڕەگەزنامەی وڵاتێكی دیكەی ئاسیایی هەبووە، بەهۆی ئەو پەیوەندییەوە منداڵە دۆزراوەكە دروست بووە، “دایكەكە لەكاتی جێهێشتنی وڵاتەكەدا بڕیاری فڕێدانی منداڵەكەی لە یەكێك لە تەوالێتەكانی هۆڵی جێهێشتنی فڕۆكەخانە داوە و، ڕاستەوخۆ بە فڕۆكە وڵاتەكەی جێهێشتووە”.

باوكی منداڵەكە “دانی بە پەیوەندی لەگەڵ دایكی منداڵەكەدا ناوە”

ڕوونیشیكردوەتەوە، لێكۆڵینەوەكانیان بووەتە هۆی دۆزینەوەی باوكی منداڵەكەش كە “دانی بە پەیوەندی لەگەڵ دایكی منداڵەكەدا ناوە” و نامەیەكی دایكەكەشی پیشانی دەسەڵاتداران داوە كە تیایدا نوسیویەتی “ئەو منداڵەی لەو بوویەتی فڕێیداوە و بەرەو وڵاتەكەی خۆی هەڵهاتووە”.

بەپێی بەیاننامەكە ئەنجامی پشكنینی (DNA)ی تۆمەتباران هاوتای هەمان پشكنینی منداڵەكە بووە.

لە چوارچێوەی ئەو لێكۆڵینەوانەی پێشتر بۆ دۆزینەوەی دایكەكە ئەنجامدرا، هێزە ئەمنییەكانی قەتەر پشكنینی ژنانەیان بۆ ژنانی نێو فڕۆكەخانەكە ئەنجامدا و ئەمەش نیگەرانی دەسەڵاتدارێتی ئوسترالیای لێكەوتەوە و لە بەرامبەردا قەتەر داوای لێبوردنی كرد و لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكرد، “پێویست بووە ئەو ڕێوشوێنە خێرایە لەگەڵ گەشتیاراندا بگرێتەبەر، بۆ ئەوەی ئەو تاوانە قێزەونە ئاشكرابكات”.

ڕاشیگەیاند، “داوای لێبوردن دەكەین كە هەر گەشتیارێكمان هەراسان كردبێت یان جۆرێك مامەڵەی بێمەبەستیان لەگەڵدا كرابێت كە وەك دەستدرێژی بۆ سەر ئازادی كەسی لێكدراوەتەوە”.

سەبارەت بە تەندروستیی منداڵەكەش حكومەتی قەتەر ئەوكات ڕوونیكردەوە، منداڵەكە لەنێو كیسەیەكی پلاستیكدا دۆزراوەتەوە كە خراوەتە سەلەیەكی خۆڵەو، ئێستا تەندروستیی زۆرباشە و لە دەوحە لەژێر چاودێریی تەندروستییدایە.

یەكێك لەو وڵاتانەی ڕەخنەی لەو هەنگاوەی قەتەر گرت وڵاتی ئوسترالیا بوو كە لە زاری ماریز باین، وەزیری دەرەوەی وڵاتەكەوە ڕایگەیاندووە، پشكنینی “ناو ڕەحم” بۆ 18 هاوڵاتیی وڵاتەكەی كراوە.

وەزیرە ئوسترالییەكە ئەوەشی خستوەتەڕوو، “بە هەموو تەمەنم شتی لەو جۆرەم نەبیستووە، ئەو كەیسەمان ڕادەستی پۆلیسی فیدڕاڵی ئوسترالیا كردووە”.

ئوسترالیا ئاماژەی بەوەشكردووە، لەگەڵ ئەو وڵاتانە هەماهەنگی دەكات كە هاوڵاتییەكانیان لەو فڕۆكەخانەیە پكشنینەكەیان بۆ كراوە بۆ ئەوەی یەكدەنگ بن لەو كەیسەدا.

بابەتی پێشتر

كوشتنی ژن.. ئەو ڕوداوەی لە هەرێم نابڕێت

بابەتی دواتر

سیاسەتی چین بۆ ڕێگری لە زیادبوونی ژمارەی دانیشتووانی وڵاتەكەی پێچەوانە بووەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share