قوباد تاڵەبانی لە ڕۆژی شەهیدی یەكێتیدا ڕایدەگەیەنێت، “ڕۆژێكە بۆ بەخیداچوونەوەی هەموو یەكێتییەكی دڵسۆز”.
لە ڕاگەیەندراوێكدا ئەمڕۆ شەممە 21ی تشرینی دووەم، قوباد تاڵەبانی بەبۆنەی ڕۆژی شەهیدی یەكێتییەوە ڕایگەیاندووە، “ڕۆژی شەهیدی یەکێتیی نیشتمانیی كوردستان، ڕۆژێکی پیرۆزە لە مێژووی پڕ سەرەوەری حیزبی شەھیدان، ڕۆژی نوێكردنەوەی پەیمان و وەفایە بۆ ئامانجەكانی یەکێتی و گەلەکەمان کە ھەزاران تێکۆشەر و ڕۆڵەی بە ئەمەک لە شاخ، لە زیندانەکانی بەعس و لە بەرەکانی شەڕی تیرۆر، گیانیان لەپێناویدا بەخشی”.
قوباد تاڵەبانی ئەوەشی خستوەتەڕوو، “ڕۆژی شەهیدانی یەكێتی، ڕۆژێکیشە بۆ بەخۆداچوونەوەی هەموو یەکێتییەکی دڵسۆز تا بزانین چەندە ڕەفتار و هەڵسووکەوتەکانمان لەگەڵ ئەو ڕێبازەی کە هەڤاڵەکانمان گیانی خۆیان لەپێناویدا بەخت کرد، تەبا و هاوتان”.
“لەم ڕۆژە پیرۆزەدا سەری ڕێز و نەوازش بۆ گڵكۆی یەک بە یەکی شەهیدانی یەکێتی و هەموو شەهیدانی گەلەکەمان دادەنەوێنین، یاد و بیرەوەرییان بۆ هەتاهەتایە لەناو دڵماندا بە زیندوویی ڕادەگرین، هەروەها سڵاوی وەفاداری و ئەمەکیش بۆ کەسوکاری سەربەرزیان دەنێرین”، قوباد تاڵەبانی وای وتووە.
لەكۆتایی پەیامەكەشیدا نوسیویەتی، “درود بۆ گیانی سەرۆك مام جەلالی رابەر و ھەموو شەھیدانی رزگاریخوازی گەلەكەمان”.