وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانی هەرێم، رایگەیاند، ” لە هەوڵەکانمان بۆ بەجینۆساید ناساندنی ئەنفال بەردەوامین”.
وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانی هەرێم لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، “ئەمڕۆ یادی تاوانێکی گەورە و زامێکی ساڕێژنەبووی گەلی کوردستان دەکەینەوە، کە 37 ساڵ لەمەوبەر، رژێمی پێشووی عێراق، لە پێناو سڕینەوە و قڕکردنی گەلی کوردستان، شاڵاوی جینۆساید و کۆمەڵکوژیی ئەنفالی ئەنجامدا”.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، “وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان وەک ئەرکێکی سەرەکی بەردەوامە لەهەوڵەکانی بۆ زیاتر ناساندنی کەیسە جیاوازەکانی وەک جینۆساید کە دەرهەق بە گەل و خاک و ژینگەی کوردستان کراوە، ویست و مەرامی وەزارەت ئەوەیە کە ئەم تاوانانە لە ناوەندە هەرێمی و نێودەوڵەتیەکان زیاتر بناسێنێت”.
وەزارەتەکە لە راگەیەندراوەکەیدا دەڵێت، “جارێكی تریش جەخت لەسەر داواكاریی رەوای خەڵكی كوردستان و کەسوکارى قوربانییان دەكەینەوە بۆ ئەوەی حكومەتی عێراقی فیدراڵ چیدی پرسی قەرەبووكردنەوەی زیانلێكەوتووانی دەستی رژێمی پێشوو دوانەخات و لە چوارچێوەی ماددەی 132ی دەستووری عێراقدا بەم ئەركە یاسایی و دەستوورییەی خۆی هەستێت و لە هەمانكاتدا گەرەنتی ئەوە بدات کە ئەمجۆرە کۆمەڵکۆژییانە لە عێراقی نوێدا هەرگیز دووبارە نابنەوە، نەمریی بۆ شەهیدانی ئەنفال و سەرجەم شەهیدانی کوردستان، سەربەرزی بۆ خانەوادەکانیان”.