سەرجەم لایەنەكان كۆكن، ئەوەی نەسازاوە و دەترسێت پارتییە

جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی: پێنج فراكسیۆنی جیاواز لەگەڵ پەرلەمانتارە سەربەخۆكان سازاون لەسەر هەموواری یاسای هەڵبژاردن

لەگەڵ ئەوەی زۆرینەی لایەنە سیاسییەكان لەگەڵ هەمواری یاسای هەڵبژاردن و پاككردنەوەی تۆماری دەنگدەرانن بەر لە هەنگاونان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن، پارتی ترسی لە هەمواركردنەوە هەیە و پشتی لە سازان كردووە.

سازان لەسەر ئەو پرسانەی ڕەهەندی نیشتمانییان هەیە زۆرجار ئەو دروشمەبوو كە بەرپرسانی پارتی لە بۆنە جیاجیاكاندا دووپاتیاندەكردەوە، ئێستا كە هەمووان كۆكن لەسەر سازان ئەو باس لە زۆرینە دەكات.

هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كە بەپێی مەرسومی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان ڕۆژی 1ی تشرینی یەكەمی داهاتووی بۆ دیاریكراوە، هێزە سیاسییەكان لارییان نییە لەسەر ئەنجامدانی لەوادەی دیاریكراوی خۆیدا، بەڵام ناكۆكی لەبارەی یاسای كارپێكراو و تۆماری دەنگدەران هەیە.

زۆرینە و هەڕەشە
نوێترین هەڵوێستی پارتی لەبارەی هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردن و كاراكردنەوەی كۆمسیۆن ئەمڕۆ لەلایەن فراكسیۆنەكەیەوە ڕاگەیەنرا كە تیایدا جەختی لەسەر ئەنجامدانی لە وادەی خۆیدا كردەوە.

زانا مەلا خالید، فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان ئەمڕۆ لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا گلەیشی لە ڕێواس فایەق سەرۆكی پەرلەمان كرد و وتی، پێویستە سەرۆكی پەرلەمان كار بۆ ئەنجامدانی كۆبوونەوە بكات لەبارەی پرسی یاسای هەڵبژاردن و كۆمسیۆن، بەوتەی خۆیان، “ناكرێت سەرۆكی پەرلەمان لایەنگری بۆ حزبێك بكات”.

سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی هەڕەشەی ئەوەشی كرد، سەرەڕای ئەوەی لەم خولەدا تەنها یەك جار زۆرینەی پەرلەمانییان بەكارهێناوە، بەڵام ئەگەر سەرۆكی پەرلەمان دانیشتنی پەرلەمان ڕانەگەیەنێت، پارتی زۆرینەی پەرلەمانی بەكاردەهێنێت.

بەوتەی ئەو، ڤیتۆیان لەسەر پڕۆژەیاسای هیچ لایەنێك بۆ هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردن نییە، بەڵام پێویستە بهێنرێتە پەرلەمان و گفتوكۆی لەبارەوە بكرێت.

“سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و برادەرانی یەکێتی دەبێت ئەوە باش بزانن کە نە هەولێر بەغدایە و نە پەرلەمانی کوردستانیش ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقە کە بیانەوێت بە یەک لەسەر سێی پەکخەر دانیشتنەکانی پەرلەمانی کوردستان و پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی کوردستان پەکبخەن” زانا مەلاخاید وای وت و ئاماژەی بەوەشكرد، “زۆرینەی پەرلەمانیی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان بەکاردەهێنین و سەپاندنی ئیرادە لە هیچ کەس و لایەنێکی سیاسی لە پەرلەمانی کوردستان و هەرێمی کوردستان قبووڵکراو نابێت”.

پەرلەمانی كوردستان

پێنج فراكسیۆن و سەربەخۆكان لەگەڵ هەمواركردندان
لە بەرامبەردا فراكسیۆنی یەكێتی دووپاتیدەكاتەوە، ئەزموونی ساڵانی ڕابردوو سەلماندوویەتی بڕیاری تاكڕەوانە بە نەهامەتی بۆ خەڵكی كوردستان شكاوەتەوە و داواشدەكات پارتی ئەزموون لە هەڵەكانی ساڵانی ڕابردوو وەربگرێت.

لوقمان وەردی، جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕایگەیاند، ئەزموونی ساڵانی ڕابردووی هەرێمی كوردستان ئەو ڕاستییەی سەلماندووە هەموو ئەو بڕیارانەی بە تاكڕەویی حزبی دراون، سەرئەنجام، بڕیاری سیاسی بن یان ئابوری، بە نەهامەتی بۆ خەڵكی كوردستان شكاوەتەوە.

وتیشی، “باشتروایە پارتی لەم حەقیقەتە تێبگات و ئەزموون لە هەڵەكانی ساڵانی ڕابردوو وەربگرێت”.

یەكێتی پێیوایە هەڵبژاردن پرسێكی نیشتمانییە و پێویستی بە سازانی هێزە سیاسییەكانە، وەردی وتی، “ئێمە مكوڕین لەسەر ئەوەی دەبێت هەمواری یاسای هەڵبژاردن بە سازانی تەواوی هێزە سیاسییەكان بێت”.

پەرلەمانتارەكەی یەكێتی ئومێددەخوازێت پارتی بێتە ژێرباری ئەوەی بەیەكەوە هەموواری یاسای هەڵبژاردن بكەن و لەڕێیەوە “هەرێمی كوردستان دابەشی چەند بازنەیەكی هەڵبژاردن بكەین، تۆماری دەنگدەران پاكبكرێتەوە، بەشێوازێك كورسی كۆتا و پێكهاتەكان ڕێكبخەینەوە كە خزمەت بە پرۆسەی دیموكراسی و سیاسی لە هەرێمی كوردستان بكات”.

زەمەنی هەڕەشە، زەمەنی پەنجە ڕاوەشاندن تاقیكرایەوە و ئەنجامەكەیمان بینی

دەربارەی هەڕەشەكانیش لوقمان وەردی وتی، “زەمەنی هەڕەشە، زەمەنی پەنجە ڕاوەشاندن تاقیكرایەوە و ئەنجامەكەیمان بینی پەشیمانی لەدواوە بوو، بۆیە ئەمەش هیچی لێ سەوزنابێت دڵنیاین”.

سەبارەت بە كورسیی پێكهاتەكانیش پێیوایە پارتی “یارییەكی ناشرینیان پێدەكات” و ئەوان دەیانەوێت یاساكە بەجۆرێك بێت پێكهاتەكان تۆماری دەنگدەرانی تایبەت بەخۆیان هەبێت و دابەشبكرێت بەسەر بازنەكانی هەڵبژاردن بۆ ئەوەی پێكهاتەكان بتوانن نوێنەرایەتی راستەقینەی خۆیان هەڵببژێرن و داكۆكی لە مافەكانی خۆیان بكەن.

جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی ڕوونیشیكردەوە، پێنج فراكسیۆنی جیاواز لەگەڵ پەرلەمانتارە سەربەخۆكان سازاون لەسەر هەموواری یاسای هەڵبژاردن ئەوەی نەسازاوە پارتییە. لەوەشدا دووپاتیكردەوە، “سوورین لەسەر ئەوەی كۆتایی بە بڕیاری تاكڕەویی حزبی لە پرسە نیشتمانییەكان بێت. سوورین لەسەر ئەوەی یاسای هەڵبژاردن هەمواربكرێتەوە، سازانی نیشتمانی هێزە سیاسییەكانی لەسەربێت”.

ترسی ناوێت!
یەكێكی دیكە لەو هێز و فراكسیۆنانەی پشتیوانی لە هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردن بە سازان دەكەن، یەكگرتووی ئیسلامییە و داواشدەكات پارتی نەترسێت.

شێرکۆ جەودەت سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە لێدوانێكدا ڕایگەیاند، یاسای هەڵبژاردن پێویستی بە گۆڕانکاریی ڕیشەیی هەیە، هەمواری یاساکە زەرورەتە و ئەو یاسایەی ئێستا لەگەڵ ئەقڵیەت و دنیابینیی دەنگدەری ئێستای کورد یەکناگرێتەوە.

سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو ڕەخنە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە شێوەی یەک بازنەیی کراوە دەگرێت و دەڵێت، ئەوە وایکردووە حزبێک لە سنوورێک زۆرینەبێت و نوێنەرەکانی لە پەرلەمان زۆرینە بن، بەو زۆرینەیەش کۆنترۆڵی هەرێمی کوردستان بکات، ئەمەش کاریگەریی خراپ دروست دەکات.

بەپێی وتەی شێرکۆ جەودەت-یش جگە لە پارتی و پێکهاتەکان پارتە سیاسییەکانی دیکە ئامادەن بۆ ئەوەی گۆڕانکاری لە یاسای هەڵبژاردن بکرێت و بکرێت بە فرەبازنەیی.

“پارتی لەسەر ئەو پرسە نەسازاوە، بەڵام هیوادارین بسازێت، چونکە پرسێکی نیشتمانییە، پێویست ناکات پارتی لە سیستمی فرە بازنەیی بترسێت ئەگەر لە دەنگدەری خۆی دڵنیابێت، چونکە ئەگەر خۆیان باشتر ڕێکبخەن، سیستمی فرەبازنەیی لە بەرژەوەندی ئەوانیشە”، شێرکۆ جەودەت وای وت.

پارتی نییەتی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی نییە
فراكسیۆنی كۆمەڵ كە یەكێكە لەو لایەنانەی جەخت لەسەر هەمواری یاسای هەڵبژاردن دەكاتەوە، پارتى هیچ نیه‌تێكى نییه‌ بۆ ئه‌وه‌ى هه‌ڵبژاردن له‌كاتى خۆیدا ‏بكرێت و هه‌موارى یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كان بكرێته‌وه‌.

عه‌بدولستار مه‌جید سه‌رۆكى فراكسیۆنى كۆمه‌ڵ نمونەی ئەوەش دەهێنێتەوە، “ئه‌گه‌ر نیه‌تیان هه‌بووایه‌ دوێنێ ئێمه‌ ‏بڕیاربوو له‌ هۆڵى پرۆتۆكۆڵى په‌رله‌مان كوردستان كۆببینه‌وه‌، بڕیاربوو ئه‌وانیش بێن، ‏به‌ڵام نه‌هاتن، هه‌ر بهاتنایه‌ خۆ ئێمه‌ نه‌مانوت با بگه‌ینه‌ رێككه‌وتن، ته‌نیا بهاتنایه‌ یان ‏رێكده‌كه‌وتین یان نا!”.‏

“به‌شێكى ئه‌م بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندى به‌ ساخته‌كارییه‌وه‌ هه‌یه‌، ئێمه‌ تۆمارى ‏ده‌نگده‌ره‌كانمان 400 هه‌زار جیاوازى هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا، ئاخر ئێمه‌ به‌مه‌وه‌ ده‌مانه‌وێت ‏بچینه‌ هه‌ڵبژاردنه‌وه‌؟! خولى پێشووى هه‌ڵبژاردن 36 په‌رله‌مانتار به‌ تەنها لە دهۆک بۆ ‏پارتی دەرچوە لە کۆی ٤٥ کورسی، زۆرینەی پەرلەمانیەکەیان ئاوا دروست کردووە بۆیە ‏نایانەوێت یاساکە هەموار بکرێتەوە”‏ عەبدولستار مەجید وای وت.

دەربارەی بیانووی نەبوونی كاتیش دەڵێت، “‏خۆ له‌ 20ى كانونى دووه‌مه‌وه‌ كۆمسیۆن واده‌كه‌ى به‌سه‌رچووه‌، ئه‌ى بۆ ئه‌وكات هیچیان ‏نه‌ده‌وت؟!”.‏

بابەتی پێشتر

نەتەوە یەكگرتووەكان: زیاتر لە 11 ملیۆن هاوڵاتی لە ئۆكرانیا ئاوارەبوون

بابەتی دواتر

وەزیری نەوت: پێوەری نوێ بۆ دیاریكردنی پشكی هەرێم دادەنرێت

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

جڤاتى نیشتمانیی گۆڕان ده‌سته‌یه‌كى ڕاگوزه‌ر بۆ به‌ڕێوه‌بردنى بزوتنه‌وه‌كه‌ هه‌ڵده‌بژێرێت ‏

بڕیاره‌ ئه‌مڕۆ جڤاتى نیشتمانیی بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان ده‌سته‌یه‌كى ڕاگوزه‌ریی حه‌وت بۆ نۆ ‏كه‌سی بۆ به‌ڕێوه‌بردنى بزوتنه‌وه‌كه‌ هه‌ڵبژێرێت.‏ سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌…
Total
0
Share