سبەی تەرمی فرسەت سۆفی دەگەڕێندرێتەوە

فرسەت سۆفی، پارێزگاری كۆچكردووی هەولێر

حكومەتی هەرێمی كوردستان پرسەنامەیەك بەبۆنەی كۆچی دوایی پارێزگاری هەولێر بڵاودەكات و ئاشكراشیدەكات، سبەی تەرمەكەی دەگەڕێندرێتەوە.

حكومەتی هەرێم ئەمڕۆ چوارشەممە 18ی تشرینی دووەم بەبۆنەی کۆچی دوایی د. فرسەت سۆفی، پارێزگاری ھەولێر، پرسە و سەرەخۆشی لە خانەوادە و كەسوكاری خوالێخۆشبوو و تەواوی خەڵكی کوردستان بەگشتی و پارێزگای ھەولێر بەتایبەتی دەكات.

لە پرسەنامەكەدا دەشڵێت، “د. فرسەت سۆفی وەک مرۆڤێكی سادە و نیشتمانپەروەر لەو ماوەیەی کە پۆستی پارێزگاری هەولێری وەرگرتبوو، بە بەردەوامی و شەونخوونی كاری دەكرد و لەم ماوە کەمەشدا دەست و پەنجەی لە هەموو بوارە ئیداری و خزمەتگوزارییەكانی ئەم پارێزگایەدا دیارە”.

حكومەتی هەرێم ڕوونیشیكردوەتەوە، سبەی پێنجشەممە بە ئامادەبوونی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی پەرلەمان، جێگری سەرۆکی حکومەت، وەزیر و پەرلەمانتار و لایەنە سیاسییەکان، مەراسیمی هێنانەوەی تەرمی خوالێخۆشبوو لە فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بەڕێوەدەچێت و لە شاری هەولێر بە خاک دەسپێردرێت.

لەلایەكی دیكەوە ئەمڕۆ ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر بڕیاریدا سێ ڕۆژ ماتەمی گشتی بەبۆنەی كۆچی دوایی پارێزگاری شارەكەوە ڕابگەیەنرێت.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ كۆچی دوایی فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر لە دەرەوەی وڵات ڕاگەیەندرا، كە بەهۆی توشبوونی بە ڤایرۆسی کۆرۆناوە بارودۆخی تەندروستیی ناجێگیربوو.

فرسەت سۆفی، لە ساڵی 1978 لە قەزای چۆمان لەدایکبووە، مانگی 9ی ساڵی ڕابردوو بووە پارێزگاری هەولێر.

دکتۆرای لە یاسای گشتی هەیە، مامۆستای زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بووە، دواتر ئەندامی خوولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان بوو.

فرسەت سۆفی، ئەندامی دەستەی ڕاوێژکاریی یاسایی بوو لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، هەروەها ئەندامی لیژنەی نووسینەوەی دەستووری هەرێمی کوردستان بوو، ئەندامی لیژنەی باڵای چاکسازی بوو.

بابەتی پێشتر

پیرو 0 - 2 ئەرجەنتین

بابەتی دواتر

پەرلەمان یاسایەك دەردەكات بۆ ڕێگری لە دەستدرێژیكردنەسەر تۆڕەكانی ئاو

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share