سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بڵاویكردووەتەوە، چەند ڕاسپاردەیەكیان بۆ چارەسەركردنی مووچەی خانەنشینان ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی كرد.
ئازاد محەمەد ئەمین، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بڵاویكردووەتەوە، ئەمڕۆ شەممە بە ئامادەبوونی قائیمقامی سلێمانی و بەڕێوەبەری گشتیی لقی سلێمانی بانكی ناوەندیی هەرێم و نوێنەری وەزارەتی دارایی و سەرجەم بەڕێوەبەری بانكەكانی سلێمانی بۆ دابەشكردنی مووچە كۆبوونەوەیەكیان ئەنجامداوە.
ئاماژەی بەوەكرد، لەكۆبوونەوەكەدا چەند پێشنیازێك بۆ چارەسەركردنی گرفتی مووچە خانەنشینان خرانەڕوو لەگەڵ كێشەی كەمی پارە لە بانكەكان و لە كۆتاییدا بڕیاردراوە چەند ڕاسپاردەیەك ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی بكرێن كە بریتین لە:
١- جیاكردنەوەی مووچەی خانەنشینیی سەربازی لەخانەنشینیی مەدەنی لەكاتی دابەشكردنی مووچە.
٢- لەكاتی دانانی خشتەی مووچەدا ئەولەویەت بدرێت بە مووچەی خانەنشینان .
٣- زیادكردنی بینا و بنكەی دابەشكردنی مووچە بۆ بانكەكان، لە شوێنێك كە پێویستبێت.
٤- لەكاتی دابەشكردنی مووچەی خانەنشیندا، بەپێی ژمارەی ناسنامەی خانەنشینی یاخود بەپێی پیتەكانی ئەلفوبێی ناوەكانیان بێت.
٥- شوێنی گونجاو شایستە دابینبكرێت بۆ خانەنشینان لەكاتی چاوەڕێكردنیان بۆ وەرگرتنی مووچەكانیان.
چەند ڕاسپاردەیەكی دیكە گەڵاڵەكران لەوانە :-
پەلە بكرێت لە جێبەجێكردنی قۆناغی دووەمی سیستمی بایۆمەتری.
ا- دابەشكردنی مووچە بكرێت بە سیستمی كارتیی ئەلیكترۆنی.
ب- پەلەبكرێت لە جێبەجێكردنی سیستمی ژمارەی هاوتای كەسی.
ج- هەژماری بانكی بۆ مووچەخۆران و خانەنشینان بكرێنەوە.