لەكاتی قسەكردن دەربارەی ئۆكرانیا جۆ بایدن هەڵەیەكی لە دەربڕیندا كرد، ئەمەش كۆشكی سپی ناچاركرد ڕاستیبكاتەوە.
جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمریكا كاتێك وتەیەكی لەبەردەم هێزەكانی وڵاتەكەی لە پۆڵەندا پێشكەشكرد، قسەیەكی كرد كە وا لێكدەدرایەوە سەربازانی وڵاتەكەی ڕەوانەی ناو ئۆكرانیا دەكات، كە لەئێستادا لە شەڕدان بەرامبەر ڕوسیا.
بایدین بۆ سەربازان وتی، “دەبینن كاتێك لەوێ دەبن و، بەشێكتان لەوێ بوون، كچان و گەنجان لە ناوەڕاستی (ڕێگاكاندا) و لەبەردەم تانكە نەفرەتییەكاندا دەوەستن و دەڵێن جێیناهێڵین”.
دەستەواژەی “كاتێك لەوێ دەبن” وا لێكدانەوەی بۆكرا كە هێزەكانی لە ئۆكرانیا بڵاوەپێدەكات، ئەمەش گومانی هەندێكی زیادكرد بەوەی واشنتن بڕیاری ڕەوانەكردنی هێزی بۆ ئۆكرانیا داوە.
بەڵام ئیدارەی ئەمریكا دواتر دووپاتیكردەوە كە هیچ گۆڕانكارییەك بەسەر هەڵوێستی ئیدارەی بایدن-دا نەهاتووە.
تۆڕی (فۆكس نیوز) لە زاری وتەبێژ بەناوی كۆشكی سپی ڕایگەیاند، سەرۆك ڕوونیكردەوە كە هێزی ئەمریكا ڕەوانەی ئۆكرانیا ناكات، هیچ گۆڕانكارییەك بەسەر ئەو هەڵوێستەدا نەهاتووە.
ئەوە هەڵوێستی بایدن بوو تا چەند مانگێك بەر لە دەستپێكردنی شەڕی ئۆكرانیا لە 24ی شوباتی ڕابردوو.
بەڵام تا 17ی ئەم مانگە، ژمارەی هێزەكانی ئەمریكا لە ئەوروپا بۆ 100 هەزار سەرباز بەرزبووەوە، دوای ئەوەی لە كانونی دووەمی ڕابردوو نزیكەی 80 هەزار بوو.
ئیدارەی بایدن دەیەوێت ژمارەی هێزەكانی ئەمریكا لە ئەوروپا بەشێوەیەكی بەرچاو زیادبكات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەكانی ڕوسیا، بەڵام تائێستا هیچ لێدوانێكی دەربارەی ناردنی هێز بۆ ئۆكرانیا نەداوە.