رێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی نەتەوە یەکگرتووەکان (فاو) رایدەگەیەنێت، لە مانگی تەمموزی ئەمساڵدا، نرخی خۆراک بۆ بەرزترین ئاستی دوو ساڵی رابردوو بەرزبووەتەوە.
رێکخراوەکە لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە، بەپێی بەدواداچوونەکانیان، لە مانگی تەمموزی 2025ـدا، نرخی خۆراک تێکڕای 130.1 خاڵ بووە [بەپێی پێوەری نەتەوە یەکگرتووەکان]، کە بەراورد بە مانگی حوزەیران بە رێژەی 1.6% زیادیکردووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمە بەرزترین رێژەیە لە مانگی شوباتی 2023ـوە تاوەکو ئێستا.
ئەوەشخراوەتەڕوو، بەرزبوونەوەی نرخی گۆشت و رۆنی رووەکی لە مانگی تەمموزدا، لە دابەزینی نرخی دانەوێڵە، بەرهەمە شیرەمەنییەکان و شەکر زیاتر بووە، ئەمەش بە هۆکارێکی سەرەکیی بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک دادەنرێت.