ئەمڕۆ یەكەم كاروانی كۆچبەران لە بەریتانیاوە بۆ ڕواندا دەگوازرێتەوە

خۆپیشاندانی پاڵپشتی و بەخێرهێنانی كۆچبەران لە بەریتانیا

بڕیارە ئەمڕۆ یەكەم گەشتی فڕۆكە بۆ گواستنەوەی كۆچبەران بەرەو ڕواندا دەستپێبكات، ژمارەی كۆچبەرەكان بۆ تەنها هەشت كەس كەمبووەتەوە.

دوابەدوای بڕیارەكەی دوێنێی دادگای پێداچوونەوەی بەریتانیا، بڕیارە لە درەنگانی ئەمڕۆدا یەكەم كاروانی كۆچبەران بەرەو ڕواندا بگوازرێنەوە كە ژمارەكەیان هەشت كەسە.

ئەمەش دوای ئەوەی ژمارەیەك لەو كۆچبەرانەی ناویان لە لیستی یەكەمی گواستنەوەكەدا بوو پەنایان بردەبەر دادگا و سكاڵایان لەسەر بڕیاری گواستنەوەكەیان نیشاندا، بەهۆیەوە ناویان لە لیستەكەدا سڕدرایەوە.

پێشتر بیست كەس لە سەرانی كڵێسای ئینگلتەرا لەنێویشیاندا سەرۆكی كڵێساكانی كانتربری و یۆرك پلانەكەی حكومەتیان بە “سیاسەتێكی نائەخلاقی و شەرمئامێز بۆ بەریتانیا” ناوبرد.

لیز تراس وەزیری دەرەوەی بەریتانیا ڕایگەیاند، فڕۆكەكە ئەمشەو دەردەچێت، ژمارەی ئەوانەی تیایدا دەبن هەرچەندێك بێت.

باسی لەوەشكرد، پلانی گواستنەوەكە دەبێتەهۆی بەرگرتن بە بازرگانیكردن بە مرۆڤەوە.

پێشبینی دەكرێت تێچووی گەشتەكە زیاتر لە 600 هەزار دۆلار بێت.

حكومەتی بەریتانیا پێشتر پلانێكی بۆ ڕەوانەكردنی ئەو كۆچبەرانە خستەڕوو كە بەشێوەی نایاسایی دەگەنە شانشینی یەكگرتوو، بە گواستنەوەیان بۆ ڕواندا لە دڵی ئەفریقا، لە چێوەی بەرنامەیەكی هەماهەنگیی دووقۆڵی كە تیایدا مافی پێشكەشكردنی داوای مانەوەیان لەوێ دەبێت لەگەڵ سوودمەندبوون لە سیستمی فێربوون و كار.

ئامانجی هەنگاوەكە وەك ئەوەی حكومەتی بەریتانیا ڕایگەیاندووە، ڕێگریكردنە لە چوونی كۆچبەران بۆ بەریتانیا بە ڕێگای مەترسیدار، وەك بەكارهێنانی بەلەم لەڕێی دەریاوە، هەروەها پوچەڵكردنەوەی كاری تۆڕەكانی قاچاخچێتی.

فیلیپۆ گراندی كۆمسیاری نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری كۆچبەران ئیدانەی پلانەكەی شانشینی یەكگرتووی كرد دەربارەی ناردنی خوازیارانی مافی مانەوە و وتی “هەمووی هەڵەیە”، هۆشداریشیدا لەوەی دەبێتە پێشینەیەكی “كارەساتبار”.

بابەتی پێشتر

ئاوڵەی مەیموون لە تۆوی پیاوەوە دەگوازرێتەوە

بابەتی دواتر

لە دوو ڕۆژی داهاتوودا ڕاوەماسی دەستپێدەکاتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share