هاوپەیمانییەكەی عەبادی داوای گفتوگۆی نێوان بەغداد و هەولێر دەكات

ئاڵای عێراق و هەرێمی كوردستان

هاوپەیمانی نەسڕ هەر جۆرە بارگرژییەكی نێوان حكومەتی ناوەند و هەرێم ڕەتدەكاتەوە و داواشدەكات هەردوولا گفتوگۆیەكی هێمنانە و جددی ئەنجامبدەن.

هاوپەیمانی نەسڕ بە سەرۆكایەتی حەیدەر عەبادی، سەرۆكوەزیرانی پێشووتری عێراق ئەمڕۆ یەكشەممە لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند، داوای هێوركردنەوە و گفتوگۆی جدی لەنێوان بەغداد و هەولێر دەكەین بۆ وەلانانی ناكۆكییەكان و هەرجۆرە بارگرژی و ئاڵۆزییەكی تایفی ڕەتدەكەینەوە و هۆشداریش دەدەین لە هەڕەشەكانی سەر یەكبوون و پێكەوەژیان.

ئاماژەشیداوە، “ئەوەی ڕویدا لە ناڕەزایی كورد لەسەر یاسای پڕكردنەوەی كورتهێنانی دارایی ئەنجامێكی سروشتی پەنانەبردنەبەر دەستور و یاسا و دامەزراوە و داناییە سیاسییەكانە”.

لەكاتێكی پێشتری ئەمڕۆدا نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانییدا وتی، “هەرێمی کوردستان نیگەرانە لە هێزە عێراقییەکان و شێوەی دەربڕینی زمانی ئەو یاسایە، شێوەی سزادانە، سزادانی هاوڵاتییان و موچەخۆرانی هەرێمە و بە پێشهاتێكی مەترسیداری دەبینین”.

ئەوەشی خستەڕوو، “لە حكومەتی عێراق دەپرسین، ئەرێ هەرێمی كوردستان بەشێكی لە عێراق؟، ئایا موچەخۆرانی هەرێم بەشێكن لە موچەخۆرانی عێراق؟، ئەگەر دەڵێن، بەڵێ، ئەوە ئەو یاسایە پێچەوانەی ئەوەیە، ئەو هەنگاوە پێچەوانەی ئەو پرەنسیپانەیە كە عێراقمان لە دوای ساڵی 2003ەوە لەسەری دامەزراندووە”.

نێچیرڤان بارزانی ئەوەشی وت، “دەركردنی ئەم یاسایە گەورەترین شكستی بەڕێوەبردنی عێراقە لە ئێستا، هەروەها ئەوەی ڕویدا بۆ ئێمە موفاجەئەیەکی گەورەبوو”.

لەبارەی دابینکردنی مووچەوە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، کاری لەپێشینەی ئەوان دابینکردنی مووچەیە و سوپاسی خۆڕاگریی مووچەخۆران و خەڵکی کوردستانیشی کرد. وتیشی، “دەبێت بەغدا بەزووترین کات بیر لە چارەسەرکردنی ئەو بابەتە بکاتەوە”.

لەبارەی ڕێککەوتنی 50 ساڵەی هەرێمی کوردستان لەگەڵ تورکیا و ڕوسنەفت و کاریگەری لەسەر ڕێکنەکەوتنی هەولێر و بەغداد، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەكرد، “ڕێککەوتنی 50 ساڵەی هەرێمی کوردستان لەگەڵ تورکیا و ڕوسنەفت، هیچ پەیوەندی بە ڕێکنەکەوتنی بەغداد و هەولێرەوە نییە”.

نێچیرڤان بارزانی، باسی لەوەشكرد، “هەرێمی کوردستان بە هەموو جۆرێک ئامادەیە لەسەر هەموو کێشەکان لەگەڵ بەغداد گفتوگۆ و ڕێککەوتن بکات، کاتی ئەوەش هاتووە بەغداد شێوازی مامەڵەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان بگۆڕێت”.

بابەتی پێشتر

ئەسیوبیا.. لە ئەنجامی هێرشی چەند چەكدارێك 34 كەس كوژران

بابەتی دواتر

لە سەیدسادق زیاتر لە هەزار پارچە بابەتی جوانکاریی خانمان دەستیان بەسەرداگیرا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share