سەرۆكی دوو وڵات كە لە ئۆكرانیا جیابوونەتەوە، داوا لە ڤلادیمێر پوتین سەرۆكی ڕوسیا دەكەن دان بە وڵاتەكانیاندا بنێت، ئەویش دەڵێت، “بڕیاردەدەم”.
ئەمڕۆ دینیس پوشلین سەرۆك كۆماری دۆنیتسك و بیۆنید پاشیچنیك سەرۆك كۆماری لۆگانسك كە هەردوو وڵاتەكە ساڵ 2014 لە ئۆكرانیا جیابوونەتەوە و هیچ وڵاتێك تا ئێستا دانی پێدانەناون، لە دوو پەیامی ڤیدیۆییدا داوایان لە ڤلادیمێر پوتین سەرۆكی ڕوسیا كرد دان بەو دوو وڵاتەدا بنێت و لە كاروباری بەرگری و سەربازیدا زیاتر هاوئاهەنگبن.
ئێوارەی ئەمڕۆ پوتین لەگەڵ هەردوو ئەنجومەنی دۆما و ئاسایشی ڕوسیادا لەبارەی ئەو دوو داوایەوە كۆبووەوە. دوای كۆبوونەوەكە ڕایگەیاند، هەر ئەمڕۆ لەبارەی داننان بە سەربەخۆیی هەردوو كۆماری دۆنیتسك و لۆگانسك-ـەوە بڕیاردەدات.
هاوكاتی لێدوانەكەی پوتین، سەرۆكی حكومەتی ڕوسیا ڕایگەیاند، پێشوازی لە بڕیاری دانپێدانان بە هەردوو كۆمارەكەدا دەكەن، ئەوەش وا لێكدەدرێتەوە كە پوتین بڕیاربدات و دانپێدانانی ڕوسیا بەو دوو وڵاتەی لە ئۆكرانیا جیابوونەتەوە ڕابگەیەنێت.
هەر ئەمڕۆ و هاوكاتی زیاتر هەڵكشانی ئاڵۆزییەكانی نێوان ڕوسیا و ئۆكرانیا و كوژرانی پێنج كەسی ئۆكرانی لەلایەن سوپای ڕوسیاوە كە مۆسكۆ بە تێكدەر ناویبردوون، سێرگی لاڤروڤ وەزیری دەرەوەی ڕوسیا وتی، “ئامادەین لەگەڵ واشنتن وتووێژبكەین لەبارەی ئەو پرسانەی مایەی ناكۆكین، بەتایبەت ڕاگرتنی كشانی هێزەكانی هاوپەیمانیی ناتۆ بەرەو خۆرهەڵات”.