ناتۆ: دانپێدانان بە تاڵیبان-دا دەکەوێتەسەر ڕەفتارەکانی بزوتنەوەکە

ئەمینداری گشتیی ناتۆ ئاشکرایکرد، دانپێدانان بە دەسەڵاتی تاڵیباندا دوای ئەوەی لە ناوەڕاستی مانگی ئابدا دەستیگرت بەسەر کابولی پایتەختی ئەفغانستان و زۆرینەی وڵاتەکەدا، بابەتی گفتوگۆی چڕی ئەندامانی هاوپەیمانییەکەیانە.

جێنس ستۆڵتنبێرگ ئەمینداری گشتیی هاوپەیمانیی ناتۆ ڕایگەیاند، دانپێدانان بە دەسەڵاتی تاڵیباندا کە مێژوویەکی هەیە لە حكومڕانیی توندوتیژ لە ساڵانی نەوەدەکاندا، دەکەوێتەسەر ڕەفتارەکانی بزوتنەوەکە و ڕێڕەوی ئەو حکومەتەی دایدەمەزرێنێت لەماوەیەکی نزیکدا.

ئاژانسی ڕۆیتەرز لەزاری ئەمینداری ناتۆوە بڵاویکردەوە، ناتۆ کاردەکات بۆ گواستنەوەی ئەو هاوڵاتییانەی ئەفغانستان کە مەترسییان لەسەرە و بۆ ئەو مەبەستەش لەگەڵ تاڵیبان لەپەیوەندیدا دەبن.

وتیشی، ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتییانی ئەفغانستان هاوکاریی هێزە نێودەوڵەتییەکانیان کردووە و ئێستا لەمەترسیدان و لە ئەفغانستان ماونەتەوە.

پێشتریش یەکێتیی ئەوروپا ئاشکرایکردبوو، دانپێدانان بە حکومەتی تاڵیباندا مەرجی جددی و توندی هەیە.

جۆزێف بۆرێڵ بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا ئەمڕۆ هەینی ڕایگەیاند، “گفتوگۆکردن لەگەڵ تاڵیبان بەمانای ئەوە نایەت کە داندەنێین بەو حکومەتەی لەداهاتوودا تاڵیبان پێکیدەهێنێت”.

وتیشی، یەکێتیی ئەوروپا نیەتی تاڵیبان تاقیدەکاتەوە، چەند ئاماژەیەک نیەتی بزوتنەوەکە دەردەخەن، نابێت ئەفغانستان ببێتە ناوەندێک بۆ هەناردەکردنی تیرۆر بۆ وڵاتانی دیکە، دەبێت پابەندبێت بە گەیشتنی ئازادانەی کاروانی هاوکارییە مرۆییەکان، پابەندبێت بە پاراستنی بنەماکانی مافی مرۆڤ و سەروەریی یاسا و ئازادیی ڕۆژنامەگەری.

بابەتی پێشتر

لێكۆڵینەوەیەك: ڤیاگرا ئەم سوودە سەرسووڕهێنەرانەی هەیە

بابەتی دواتر

نزیکەی 30%ی جۆرەکانی درەخت لەجیهاندا مەترسیی لەناوچوونیان لەسەرە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share