پاش ڕووداوەكەی بوچا
تاوانی جەنگ چییە و چۆن بڕیاری لێدەدرێت؟

لێكۆڵینەوە لە تاوانەكانی جەنگ دەشێت لەسەر سەربازان، سەرانی مەیدانی و تەنانەت سەرۆكی وڵاتانیش بێت

شارەزایانی بواری یاسا دەڵێت، دادگاییكردنی سەرۆكی ڕوسیا یان هەر بەرپرسێكی دیكەی ئەو وڵاتە ئاستەنگی زۆری لەبەردەمە و چەندین ساڵ دەخایەنێت، ئەمەش دوای ئەوەی ئۆكرانیا ڕوسیای بە ئەنجامدانی تاوانی جەنگ لە شارۆچكەی بوجای نزیك لە كیێڤ-ی پایتەخت تۆمەتباركرد.

شەممەی ڕابردوو سەرۆكی شارەوانی بوچا ڕایگەیاند، هێزەكانی ڕوسیا 300 كەسی دانیشتووی شارۆچكەكەیان كوشتووە لەمیانەی ئەو هێرشەی لەماوەی مانگێكدا بۆسەری ئەنجامدراوە. ڕۆژنامەنوسانی ڕۆیتەرز و فرانس پرێس دەڵێن، تەرمی قوربانیانیان لە گۆڕی بەكۆمەڵ و بە كەوتوویی لەسەر شەقامەكان بینیوە.

لە بەرامبەردا وەزارەتی بەرگریی ڕوسیا دەنگۆكانی ئۆكرانیا رەتدەكاتەوە، دیمەنە ڤیدیۆیی و وێنەكان كە تەرمی كوژراوان نیشاندەدەن بە “نمایشی شانۆیی لەلایەن ڕژێمی كیێڤ-ەوە بۆ میدیا ڕۆژئاواییەكان” ناوبرد.

پێشتریش ڕوسیا بەئامانجگرتنی هاوڵاتییانی مەدەنی ڕەتكردەوە و دەنگۆی ئەنجامدانی تاوانی جەنگی لەو هەڵمەتە سەربازییەدا ڕەتكردەوە كە لە 24ی شوباتی ڕابردووەوە بۆسەر ئۆكرانیا دەستیپێكردووە.

تەنانەت بەر لە بوچا-ش، ئۆكرانیا و هاوپەیمانە ڕۆژئاواییەكانی، هێزەكانی ڕوسیایان بە بەئامانجگرتنی بێسەروبەری هاوڵاتییانی مەدەنی تۆمەتباركرد، بەڵگەشیان بۆ ئەوە ئەو بۆردومانە بوو كە كرایەسەر نەخۆشخانەی لەدایكبوون لە شاری ماریۆبۆل و بینایەكی شانۆ كە لەسەری نوسرابوو تایبەتكراوە بە پەناگەی منداڵان.

تاوانی جەنگ چییە؟
بەپێی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی لە لاهای، تاوانی جەنگ بریتییە لە “پێشێلكردنی ڕوون و زەقی” ڕێككەوتنەكانی جنێف كە پاش جەنگی دووەمی جیهان واژووكراوە و ئەو یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییانە دیاریدەكات كە پێویستە پەیڕەوبكرێت لەكاتی جەنگدا.

شارەزایانی بواری یاسا دەڵێن، پێشێلكارییەكان بە ئەنقەست بەئامانجگرتنی مەدەنی، ڕوودانی زیانی گەورە لەڕیزی هاوڵاتیان لەكاتی هێرش بۆسەر ئامانجێكی سەربازی دەگرێتەوە، وەك ئەوەی ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاویكردووەتەوە.

یەكێتیی سۆڤیەت لە ساڵی 1954 دانی بە ڕێككەوتنی جنێف-دا نا. ساڵی 2019ش ڕوسیا داننانی بە یەكێك لە پڕۆتۆكۆلەكانیدا ڕەتكردەوە، بەڵام لەگەڵ وڵاتانی دی مایەوە سەبارەت بە پڕۆتۆكۆلەكانی دیكە.

چۆن دەتوانرێت لێپرسینەوەی یاسایی لە ڕوسیا بكرێت؟
مانگی ڕابردوو كەریم خان داواكاری گشتی لە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی ڕایگەیاند، لێكۆڵینەوەیەكی كردووەتەوە دەربارەی ئەگەری ئەنجامدانی تاوانی جەنگ لە ئۆكرانیا.

ڕوسیا و ئۆكرانیا ئەندامی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی نین، مۆسكۆ دان بە دادگاكەدا نانێت.

بەڵام ڕوسیا ڕەزامەندی خۆی نیشاندا لەسەر لێكۆڵینەوە لەو دەنگۆی پێشێلكارییانەی سەر خاكەكەی، كە دەگەڕێتەوە بۆ كاتی خستنەپاڵی نیمچە دوورگەی قرم لەلایەن ڕوسیاوە لە ساڵی 2014دا.

پێویستە لەسەر داواكاری گشتی تۆمەتەكە لەسەر تۆمەتبار بسەلمێنێت

دادگاییكردن پشت بە چی دەبەستێت؟
دادگای تاوانی نێودەوڵەتی یاداشتی دەستبەسەركردن دەردەكەن ئەگەر بانگەشەكاران بتوانن “هۆكاری باوەڕپێكراو” دەربارەی ئەنجامدانی تاوانی جەنگ پێشكەش بكەن.

بەپێی وتەی شارەزایان بۆ ئەوەی حوكمی ئیدانەكردن بدرێت، پێویستە لەسەر داواكاری گشتی تۆمەتەكە لەسەر تۆمەتبار بسەلمێنێت، بەجۆرێك بواری گومان نەهێڵێتەوە.

یەكێك لە ڕێگاكان ئەوەیە كە داواكاری گشتی بیسەلمێنێت هیچ ئامانجێكی سەربازی لە شوێنی هێرشەكەدا نییە، هەروەها تەنها ڕووداوێكی بێ پلان نەبووە.

ئەلێكس ویتینگ، مامۆستا لە كۆلێجی یاسای زانكۆی هارڤارد دەڵێت، “ئەگەر ڕوودانی بەردەوام بوو چەند جارێك و دەركەوت كە ستراتیژەكە هاوڵاتییانی مەدەنی دەكاتە ئامانج لە شوێنە شارستانییەكاندا، ئەوە دەبێتە بەڵگەیەكی بەهێز لەسەر نیازی ئەنجامدانی ئەو كارە”.

بە دیاریكراوی كێ تۆمەتبارە؟
شارەزایان دەڵێن، لێكۆڵینەوە لە تاوانەكانی جەنگ دەشێت لەسەر سەربازان، سەرانی مەیدانی و تەنانەت سەرۆكی وڵاتانیش بێت.

داواكاری گشتی دەتوانێت بەڵگەیەك پێشكەش بكات كە پوتین یان هەر سەرۆكێكی دیكە تاوانی جەنگی ئەنجامداوە لەڕێی دەركردنی فەرمانی ڕاستەوخۆ بە ئەنجامدانی هێرشی نایاسایی یان بە ئاگابوونی لە ڕوودانی تاوانی جەنگ و ڕێگرینەكردن لێی.

تۆمەتباركردن قورسە؟
شارەزایانی یاسایی دەڵێن، بۆردومانی شانۆكە و نەخۆشخانەكەی منداڵبوون لە ماریۆبۆل وا دەردەكەوێت كە دەچێتە خانەی تاوانی جەنگەوە. بەڵام دەركردنی بڕیاری ئیدانە پێدەچێت قورس بێت.

سەرەڕای ئەو ئالنگارییانەی ڕووبەڕووی دەبنەوە لە سەلماندنی نیەتی زۆرێك لە پرسەكان و بەستنەوەی ڕاستەوخۆی بەرپرسان بە هێرشە دیاریكراوەكانەوە، هەروەها دەشێت داواكارانی گشتی ڕووبەڕووی دژواری ببنەوە لە بەدەستهێنانی بەڵگە لە ناوچەی جەنگ، لەوانەش ئەوەی پەیوەندی بە چاوپێكەوتن هەیە لەگەڵ شایەتحاڵان كە ئەگەری هەیە ڕووبەڕووی ترساندن ببنەوە، یان نەیانەوێت قسەبكەن.

لە دۆخی ئۆكرانیادا، داواكارانی گشتی لە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی تەنها دەتوانن پشكنین بۆ بەڵگە ڤیدیۆیی و وێنە فۆتۆگرافییەكان كە بۆ هەمووان بەردەستە بكەن.

هەروەها ڕەنگە ڕادەستكردنی تۆمەتباران بە دادگا بەهەمان شێوە قورس بێت.

پێشینەكان چی دەڵێن؟
لە دامەزراندنیەوە، دادگای تاوانی نێودەوڵەتی سەرپەرشتی 30 دۆسیەی كردووە، هەندێكیان زیاتر لە تۆمەتبارێكی گرتووەتەوە، وەك ئەوەی لە سایتەكەیدا بڵاویكردووەتەوە.

دادوەرانی دادگاكە پێنج تۆمەتباریان بە ئەنجامدانی تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و تاوانی كوشتنی بەكۆمەڵ ئیدانەكردووە، چواری دیكەیان بەبێتاوان ناساندووە.

س: ئەلحوڕە + ئاژانسەكان

بابەتی پێشتر

بەڤیدیۆ.. گەشتێك بەنێو كارگە نوێیەكەی تێسلا لە ئەڵمانیا

بابەتی دواتر

ئەمریکا فشاردەكات ڕوسیا لە ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤ دووربخاتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

نرخی نەوت بەرزبووەوە

نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهان بەرزبوونەوەی بەخۆوە بینی و یەك بەرمیل نەوتی خاوی برێنت لە سەروو 74 دۆلارەوە…
Total
0
Share