بەهۆی تیرۆركردنی دادوەرەکەی میسانەوە ئەنجومەنی دادوەری لە هێزە ئەمنییەكان ‏نیگەرانە

ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق سەرکۆنەی تیرۆرکردنی دادوەر ئەحمەد ساعدی دەکات ‏لە پارێزگای میسان، بەرپرسیارێتیی ڕووداوەکەش دەخاتە ئەستۆی هێزە ئەمنییەکان، ‏بەوەی کەمتەرخەم بوون لە ئەرکەکانیاندا.‏

لە ڕاگەیەندراوێکدا ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق ڕایگەیاند، “بەتوندی سەرکۆنەی ‏تیرۆرکردنی دادوەر ئەحمەد فەیسەڵ ساعدی دەکەین و ڕەتیدەکەینەوە، کە لەلایەن ‏چەتەکانی دەرەوەی یاساوە ئەنجامدارا”.‏

ئەنجومەنی دادوەریی سەرجەم بەرپرسیاریەتییەکانی ڕووداوەكەش دەخاتە ئەستۆی هێزە ‏ئەمنییەکان و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی پارێزگاکە، “بەهۆی کەمتەرخەمیی ‏ڕوونیان لە بەجێگەیاندنی ئەرکەکانی سەرشانیان”. ‏

ئەنجومەنەکە لیژنەیەکی تایبەتی دادوەری ڕادەسپێرێت بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە بۆ ‏دەستخستنی زانیاری سەبارەت بە کەمتەرخەمی لە گرتنەبەری ڕێکاری پێویست بۆ ‏پاراستنی ئاسایشی پارێزگاکە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە. ‏

ئەنجومەنی دادوەری داوا لە مستەفا كازمی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان دەکات، ‏پێداچوونەوە بكات بۆ فەرماندە و کەسایەتییەکانی بەرپرس لە ئاسایشی پارێزگای میسان و ‏جێبەجێکردن و سەروەریی یاسا لەو پارێزگایە لەپێناو بەرژەوەندیی گشتی.‏

شەوی ڕابردوو لە پارێزگای میسان، ئەحمەد فەیسەڵ، كە دادوەر بووە و بە ‏بەگژداچوونەوەی باند و بازرگانانی ماددەی هۆشبەر ناسرابوو و لێكۆڵینەوەی لە ‏دۆسیەكانی تایبەت بەو پرسە دەكرد، لە ناوەڕاستی شاری عەمارەی ناوەندی پارێزگای ‏میسان تیرۆركرا.‏

میدیای عێراقی دادوەرەكەی بە تایبەتمەند لە پرسەكانی ماددەی هۆشبەر و بەرەنگاربوونەوەی دیاردەكە وەسفكردووە، بۆیە تیرۆركردنەكە كاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا.

بەشێك لە كاردانەوەكان لە میدیای عێراقیدا بە ئاراستەی ئەوە بوون، كە كەسانی دەستڕۆیشتوو و بەرپرسان لە پشت بازرگانیكردن بە ماددەی هۆشبەرەوەن و هەر ئەوانیش لەپشت تیرۆركردنەكەوەن، وەك ئەوەی لە میدیای عێراقیدا كاردانەوەكان گواستراوەتەوە.

بابەتی پێشتر

 هەواڵگریی ئەمریکا: کیێڤ لە تەنها دوو ڕۆژدا دەکەوێت

بابەتی دواتر

بەراورد بە 100 ساڵی ڕابردوو جیهان بەهۆی ئۆمیکرۆنەوە زۆرترین ژمارەی نەخۆشی تێدایە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share