سەركردەیەكی یەكێتی ئەو پرۆژەیاسایانە ئاشكرادەكات، كە لەلایەن سەرۆكایەتیی كۆمارەوە ڕەوانەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كراون لەماوەی سەرۆكایەتیی د. بەرهەم ساڵح-دا.
مەحمود خۆشناو، سەركردە لە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ڕایگەیاند، سەرۆكایەتیی كۆمار لە ماوەی سەرۆكایەتیی د. بەرهەم ساڵح-دا بەشداربووە لە ڕۆڵی پێشەنگ لە ژیانی سیاسی و یاسادانان و كۆمەڵایەتی، زۆرترین ژمارەی پرۆژەیاسای زیندوو و گرنگی ڕەوانەی ئەنجومەنی نوێنەران كردووە، بۆ كاراكردنی دەسەڵاتە دەستوورییەكانی سەرۆك بە ناردنی پرۆژەیاسا بۆ ئەنجومەنی نوێنەران.
ئاژانسی فەرمی عێراق لە زاری خۆشناو ڕوونیشیكردەوە، دیارترین پڕۆژەیاسا گرنگەكان كە سەرۆكایەتی ڕەوانەی ئەنجومەنی نوێنەرانی كردووە بریتین لە (یاسای گەڕاندنەوەی پارەی گەندەڵی، یاسای ئەنجومەنی ئاوەدانكردنەوە، یاسای ڕزگاربووە ئێزدییەكان، یاسای قەرەبووكردنەوەی قوربانیان و شەهیدانی سپایكەر، یاسای سزادانی عێراقی، یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران، یاسای كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان، یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان و هەروەها یاسای ڕیشەكێشكردنی توندوتیژیی خێزانی)، سەرەڕای دەستپێشخەریی زیندووكردنەوەی دۆڵی ڕافیدەین، هەروەها پێكهێنانی لیژنەیەكی دەستووریی فراوان بۆ هەمواركردنی دەستوور، كە تائێستا گەیشتووەتە ئەنجامی گرنگ.
خۆشناو لەگەڵ خستنەڕووی ئەو پرۆژە و دەستپێشخەرییانە، دووپاتیكردەوە، یەكێتی سوورە لەسەر كاندیدكردنی بەرهەم ساڵح بۆ پۆستی سەرۆكایەتی كۆمار، ئەوەش كاندیدكردنێكی حزبییانە نییە، بەڵكو كاندیدكردنی نیشتمانییە، بەهۆی ئەوەی بەراورد بە كاندیدەكانی دیكە، پەسەندكراوێكی نیشتمانییە.
وتیشی، بەرهەم ساڵح “سەرۆكایەتیی كۆماری بە توانا و حیكمەتەوە لە كاتە دژوارەكاندا بەڕێوەبردووە”.