وەزارەتی پەروەردە: مامۆستایان تەنها كاتی وانەكان لە خوێندنگەكان دەبن

ئەمڕۆ چوارشەممە 13ی كانونی دووەم، وەزارەتی پەروەردە چەند ڕێنماییەكی تایبەت بە دەستپێكردنەوەی پرۆسەی خوێندن ڕاگەیاند، پارێزگاری سلێمانی-یش سەبارەت بە هەمان پرس دەدوێت.

هەڤاڵ ئەبو بەكر، پارێزگاری سلێمانی لە لێدوانێكی تایبەتدا بە “تۆڕی میدیایی ئێستا”ی ڕاگەیاند، “سەرەتای هەفتەی ئاییندە، خوێندكارانی قۆناغی 12ی ئامادەیی، دەست بە خوێندن لەناو خوێندنگەكاندا دەكەنەوە، بڕیاریشە لە ڕێكەوتی 1ی ئادار-ەوە خوێندنی سەرجەم قۆناغەكانی تری خوێندن ئاسایی بكرێتەوە و دەستپێبكاتەوە.”

بەڵام وەك پارێزگاری سلێمانی ئاماژەی بۆدەكات، ئەو ماوەیە وەك ئەزموونی دەبێت بۆ ئەوەی بزانرێت پرۆسەكە تا چەند سەركەوتووە و وتی، “لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی پەتای كۆرۆنا، لە ڕێكەوتی 2ی شوبات-دا جارێكی دیكە كۆدەبێتەوە و هەڵسەنگاندن دەكات بۆ دۆخی پرۆسەی خوێندن لە ماوەی 15 ڕۆژی پێش ئەو وادەیەدا، پشتبەست بە ئەنجامەكانی ئەو هەڵسەنگاندنە، بڕیاری یەكلاكەرەوە سەبارەت بە ئاساییكردنەوەی پرۆسەی خوێندن دەدرێت.”

لە درێژەی لێدوانەكەیدا بۆ “ئێستا” هەڤاڵ ئەبو بەكر پارێزگاری سلێمانی ئاشكرایكرد، “بە بڕیارێكی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی كوردستان، مامۆستایان تەنها لەو كاتانەدا لە قوتابخانەكاندا ئامادەییان دەبێت، كە وانەیان هەیە، جگە لەو كاتانە، دەتوانن ناوەندەكانی خوێندن بەجێبهێڵن.”

هاوكات و سەبارەت بە هەمان پرس، وەزارەتی پەروەردە چەند ڕێنماییەكانی دەركرد و لە ڕاگەیاندراوێكدا جەختیكردەوە كە پرۆگرامی خوێندن بە ڕیزبەندی دەخوێندرێت و ڕۆژ و کاتی تاقیکردنەوەکانی وەرزی و تاقیکردنەوە گشتییەکان، بە گوێرەی ئەو خشتانەی کە بە نووسراوی فەرمی بڵاودەکرێنەوە، کاریان پێدەکرێت.

دەقی ڕاگەیاندراوەكە:-

ڕاگەیەندراوێک لە ڕاگەیاندنی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە :

پاش کۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممە، 13ی 1ی 2021ی لیژنەی باڵای ڕوبەڕوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بە سەرپەرشتی بەرێز وەزیری ناوخۆ و ئامادەبوونی بەرێزان: لە وەزیرانی تایبەتمەند و پارێزگار و سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆکان، بریاردرا:-

  • رۆژی شەممە 16ی 1ی 2021 خوێندن لە قۆناغی 12ی ئامادەیی بەهەموو بەشەکانییەوە، لە قوتابخانە و خوێندنگە حکومی و ناحکومییەکان دەستپێدەکاتەوە.
  • پرۆگرامی خوێندن بە ڕیزبەندی دەخوێندرێت. ڕۆژ و کاتی تاقیکردنەوەکانی وەرزی و تاقیکردنەوە گشتییەکان بە گوێرەی ئەو خشتانەی کە بە نووسراوی فەرمی بڵاودەکرێنەوە کاریان پێدەکرێت.
  • لەسەر ڕاسپاردەی وەزارەتی تەندروستی و بە مەبەستی خۆپارێزی، مامۆستایانی بەڕێز تەنها ئەوکاتانە لە قوتابخانە دەبن کە وانەیان هەیە، پاش وتنەوەی وانەکانیان پابەند ناکرێن بە مانەوە لە ناو قوتابخانە.
  • لە ڕۆژی شەممە 16ی 1 تا ماوەی یەک هەفتە، ئەو بژاردەیە دەخرێتە بەردەم بەخێوکاری قوتابیان و خوێندکاران، لە ڕێگای فۆرمێکەوە کە وەزارەتی پەروەردە ئامادەی کردووە و لە قوتابخانەکان پڕدەکرێتەوە، کە بەخێوکار سەرپشک دەکات قوتابییەکەی لە ناو پۆل بخوێنێت یان دەتوانێت خوێندنی ئەلیکترۆنی و ئۆنلاین و پاڵپشتیی ماڵەوەی بۆ دابینبکات و نەچێتەوە بۆ قوتابخانە، بەڵام تەواوی تاقیکردنەوە نووسینەکییەکانی لە ناو پۆل دەبێت ئەنجام بدات.
  • ڕێنماییە خۆپارێزییەکان لە ناوەندەکانی خوێندن جێبەجێدەکرێن و پێگیریی بە رێنماییەکان زامنکاری بەردەوامبوونی خوێندنە، بۆ ئەو مەبەستە ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بۆ بابەتی پرۆسەی خوێندن کە بە سەرپەرشتی بەڕێز پارێزگار یان سەرپەرشتیاری ئیدارە و بەڕێوەبەرانی گشتی پەروەردە و تەندروستیی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان پێکهاتووە، هەماهەنگی دەکەن بۆ باش بەڕێوەچوونی پرۆسەكە.
  • لەڕووی پرەنسیپەوە، کۆبوونەوە، پلانی وەزارەتی پەروەردەی پەسەندکرد بۆ دەستپێکی خوێندنی قۆناغەکانی 1ی بنەڕەتی تا 11ی ئامادەیی و پەیمانگاکان، حکومی و ناحکومی، کە لە 1ی 3ی 2021 دەستپێبکات، لە 2ی 2ی 2021 لیژنەی باڵا کۆدەبێتەوە بۆ هەڵسەنگاندنی ڕەوشی تەندروستی و هەر بڕیارێکی نوێ کە پێویست بێت بۆ گۆڕانکاری لەو ڕێكەوتە (بۆ قۆناغەکانی 1ی بنەڕەتی تا 11ی ئامادەیی) بە گوێرەی بڵاوبوونەوە و کەمبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا. پاشان وەزارەت پلانی پەسەندکراو بە نووسراوی فەرمی گشتاندنی پێدەکات.

پارێزراو و تەندروست ساغبن.

ڕاگەیاندنی وەزارەتی پەروەردە

13ی 1ی 2021

بابەتی پێشتر

كەشناسی: دوو شەپۆلی باران و بەفر ڕوو لە شارەكانی هەرێم دەكەن

بابەتی دواتر

ئەمریكا دووەم گەورە بەرپرسی حەشدی شەعبی خستە لیستی تیرۆرەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share