چاوی جیهان ئێستا لەسەر کۆرۆنا و “ئۆکرانیا”یە کە ناوی هاوشێوەی ناوی کەڵەشێری ڕۆمییە، ناوی ئۆکرانیا بەشێوەی جیاواز ناسراوە بەپێی زمان و نەتەوە جیاوازەکان، پێیدەوترێت “ئۆکرانیا” بە عەرەبی، ئیسپانی و پورتوگالی، “ئۆکرەین” بە فەرەنسی و “یوکرەین” بە ئینگلیزی و هیندی، هەروەها “ئۆکراینا” بە تورکی، ئیتاڵی و ژاپۆنی و بە ئەڵمانیش پێیدەوترێت ئۆکرائینا.
بەڵام ناوی وڵاتەکە لای چینییەکان دووردەکەوێتەوە لە ناوە بنەڕەتییەکەی و شێوازی زمانی ئەو وڵاتە بە “ئۆکرۆلاین” دەریدەبڕن، زمانی فەرمیی وڵاتەکە کە 44 ملیۆن دانیشتووانەکەیەتی ئۆکرانییە بەڵام ژمارەیەکی زۆری خەڵکەکەی بە ڕوسی قسە ئەکەن و بە ناوی وڵاتەکەی خۆیان دەڵێن “ئۆکرایینا”، هەر ئەوەش ناوە بنەڕەتییەکەیەتی، وڵاتەکە کە دەکەوێتە ئەوروپاوە لەڕووی ڕووبەرەوە سێیەم وڵاتە لەو کیشوەرەدا لەدوای ڕوسیا و فەرەنسا کە ڕووبەرەکەی 603 هەزار و 628 کیلۆمەتر چوارگۆشەیە.
ئۆکرانیا خاوەنی چیرۆک و دیمەنی سەرنجڕاکێشە، لەوانە خاوەنی وێستگەیەکی شەمەندەفەرە بەناوی Arsenalna کە قووڵترین میترۆیە لە جیهاندا، ئەو پلیکانە کارەباییەی دەتگەیەنێتە میترۆکە یان دەتوانیت لەڕێگەیەوە بچیتە دەرەوە، لە 90 پلە پێکهاتووە، ماوەی گەیشتنت لەڕێگەی ئەو پلیکانەیەوە پێنج خوولەکی پێدەچێت، لە ساڵی 1960 دروستکردنی لە شاری کیێڤی پایتەخت دەستیپێکردووە، قووڵییەکەی 105.5 مەتر لەژێر زەویدایە، بەوە ناسراوە شوێنێکی گونجاوە بۆ دەربازبوون لە سەرمای سەختی ناوچەکە چونکە پلەی گەرما بەدرێژایی ساڵ تێیدا 18 پلەیە بەبێ گۆڕانکاری.
ئۆکرانیا هەروەها بە وڵاتی ژنانی جوان ناسراوە، ژمارەی ژنانی ئەو وڵاتە بۆ هەر مەتر چوارگۆشەیەک زیاترە لە ژنانی هەر وڵاتێکی دیکەی جیهان بۆ هەمان ڕووبەر، ئەوان بە ڕەنگی زەردی قژ و پێستی ئەسمەر و ڕەنگی شین یان سەوز یان هەنگوینیی چاویان لە ژنانی جیهان جیادەکرێنەوە، لەگەڵ ئەوەشدا زۆرترینی دانیشتووانە بەتەمەنەکانیان ژنەکانیانن، لە ئۆکرانیا ژمارەی ژنان زیاترە لە پیاوان و بەوەش هەر 100 ژنێک بەرامبەرە بە 86 پیاو.
سەرەڕای ژنەکانیان وڵاتی ئۆکرانیا خاوەنی یەکێک لە جوانترین دراوە نیشتمانییەکانە لە جیهاندا کە پێیدەوترێت hryvnia، شارەزایانی بواری دراو لە سویسرا لە ساڵی 2008دا لەناو 50 جوانترین دراوی جیهاندا بە پلەی یەکەم دایانناوە، لەدوای ئەو دۆلاری ئوسترالی، یۆرۆ، LEVی بوڵگاری و دواتر دۆلاری ئەمریکی هاتوون.
ئۆکرانیا، بە جۆری جیاواز و سەرنجڕاکێشی ئاسکەکان ناسراوە، هەروەها باڵندەی جۆری Ciconia کە ناوێکی لاتینییە و لە خێزانی لەقلەقەکانە، نیشتمانی بنەڕەتییان ئەمریکای لاتینە، بەڵام لە ئۆکرانیا بەشێوەیەکی بەربڵاو هەن، ئۆکرانییەکان بە باڵندەی نیشتمان ناویدەبەن کە دەتوانێت بیانپارێزێت، خەڵکی ئەو وڵاتە بە جووڵەکانیدا کەشوهەوا دەزانن، ئەگەر لەسەر یەک قاچ و بەشێوەیەکی خەمبار بووەستێت نیشانەی دابەزینی پلەکانی گەرما و کەشوهەوایەکی ساردە، بەڵام ئەگەر نیگەران دەرکەوت نیشانەی با و باران و گەردەلوولە.
هەروەها لە کیێڤ-ی پایتەختی ئۆکرانیا، لقێکی ماکدۆناڵد هەیە ساڵانە زۆرترین ژمارەی ساندویچ دەفرۆشێت لە جیهاندا لەناو هەر 40 لقەکەی ماکدۆناڵد لە جیهاندا زۆرترین فرۆشی هەیە.
لە ڕۆژئاوای کیێڤی پایتەخت شوێنێک هەیە بەناوی Rakhiv کە 680 کیلۆمەتر دوورە لە پایتەختەوە بەتەواوی ناوەڕاستی کیشوەری ئەوروپایە لەڕووی جوگرافییەوە، هێڵێکی شەمەندەفەری ئاسنین لە ئۆکرانیا هەیە کە دراختی بەرز لەتەنیشتەکانییەوە ڕواون و سەرەوەی ڕێگاکەیان بەشیوەی بنمیچێک داخستووە کە وەک تونێلێک دەردەکەوێت و ناونراوە “تونێلی خۆشەویستی”.
دانیشتووانی ئۆکرانیا زیاتر بەوە بەناوبانگن ئالوودەی شیرخواردنەوەن و بەپێی پێگەی InfAgro UAی کشتوکاڵی لەو وڵاتەدا زیاتر لە دوو ملیۆن و 300 هەزار مانگای شیردەر هەن، واتە هەر 20 ئۆکرانییەک مانگایەکیان بەردەکەوێت.
دانیشتووانەکەی بینەرێکی جددی فیلمەکانن بەڵام لە سینەماکاندا نەک لە ماڵەکاندا، دوو هەزار و 329 سینەما لە وڵاتەکەدا هەن، دەوڵەمەندترین پیاوی ئۆکرانی مسوڵمانێکی تاتاریی تەمەن 55 ساڵە لەگەڵ ئەوەی زۆرینەی دانیشتووانەکەی بەڕێژەی 82% کریستیانن، سامانەکەی بەپێی گۆڤاری فۆربس بە شەش ملیار و 800 ملیۆن دۆلار دانراوە.
ژمارەی مزگەوتەکان لە ئۆکرانیا 160 مزگەوتن، بەپێی “كارگێڕیی ئایینیی مسوڵمانانی ئۆکرانیا” ژمارەی مسوڵمانەکانی ئەو وڵاتە دوو ملیۆن کەسن کە دەکاتە کەمتر لە 1%ی کۆی دانیشتووانەکەی.
ئۆکرانیا لە ساڵی 1991دا سەربەخۆیی ڕاگەیاند کە پێشتر بەشێکبوو لە یەکێتیی سۆڤێت و نزیکەی 300 کیلۆمەتری لەسەر دەریای ڕەشە.