ئەمریكا هەڵوێستی خۆی بە ڕوونی یەكلاكردەوە: لە ئۆكرانیا شەڕ دژی ڕوسیا ناكەین

لوید ئۆستن وەزیری بەرگریی ئەمریكا “پێنتاگۆن” دەڵێت، ئەمریكا لە ئۆكرانیا شەڕ دژی ڕوسیا ناكات و ناوچەی دژەفڕین لە ئۆكرانیا ناسەپێنێت.

“كەس نایەوێت ململانێ لەنێوان دوو وڵاتی خاوەن چەكی ئەتۆمیدا ببینێت”، ئەمە بەشێك بوو لە لێدوانی وەزیری بەرگریی ئەمریكا و وتی، “ئەمریكا ناوچەی دژەفڕین لە ئاسمانی ئۆكرانیا ناسەپێنێت، چونكە ئەگەر ئەوە بكەین، واتە دەچینە شەڕەوە لەگەڵ ڕوسیا، ئێمە باسی دوو هێزی ئەتۆمی دەكەین، كەس نایەوێت ئەمە ببینێت”.

ئۆستن جەختیكردەوە كە ئەمریكا بەرگری لە گشت خاكی وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ دەكات، بەبێ ئەوەی باسی هاوكاریكردنی ئۆكرانیا بكات، بەوپێیەی ئۆكرانیا ئەندامی ناتۆ نییە.

لەبارەی هەڵوێستی وڵاتەكەی بەرامبەر بە جەنگی ڕوسیا لەدژی ئۆكرانیا و ئەو قسانەی لەبارەی هاوكاریكردنی ڕوسیا لەلایەن چین-ـەوە دەكرێن، وەزیری بەرگریی ئەمریكا هۆشداری دا بە چین و ڕایگەیاند، “واشنتن بۆ پەكینی ڕوونكردووەتەوە كە پشتیوانیكردنی پرۆسە سەربازییەكەی ڕوسیا لە ئۆكرانیا بژاردەیەكی خراپە، بەهیوام چین ئەو كارە نەكات”.

كۆتایی هەفتەی ڕابردوو، ڤۆلۆدیمێر زیلینسكی سەرۆكی ئۆكرانیا داوای لە ئەمریكا و وڵاتانی تری خۆرئاوا كرد، ئاسمانی وڵاتەكەی بكەن بە ناوچەی دژەفڕین بۆ ئەوەی ڕوسیا هێرشی فڕۆكە جەنگییەكانی بۆسەر ئۆكرانیا ڕابگرێت.

بابەتی پێشتر

كەشناسیی هەرێم كەشوهەوای ڕۆژانی نەورۆز ئاشكرادەكات

بابەتی دواتر

ناسا لێکۆڵینەوە لە نمونەیەکی سەر مانگ دەکات کە تەمەنی 50 ساڵە بەمەبەستی گەڕانەوە بۆ مانگ

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share