بەریتانیا: مۆسکۆ دەیەوێت سەرۆکێکی نزیک لەخۆی بۆ ئۆکرانیا دابنێت

بەریتانیا، مۆسکۆ بەوە تۆمەتباردەکات کە هەوڵدەدات سەرۆکێک لە کیێڤ دابنێت نزیک ‏بێت لەخۆی، دەشیەوێت ئۆکرانیا داگیربکات، بەڵام ڕوسیا ئەو لێدوانانەی بەریتانیا ‏ڕەتدەکاتەوە و دەڵێت، بەڵگەیە بۆئەوەی ناتۆ دەیەوێت ئاڵۆزییەکان سەبارەت بە ئۆکرانیا ‏زیاتر بکات.‏

وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد، “زانیاریمان لەبەردەستدایە ‏کە ڕوسیا پەیوەندیی لەگەل ژمارەیەک لە سیاسەتمەدارانی پێشووی ئۆکرانیاوە کردووە و ‏بە بەردەوامی لەپەیوەندیدایە لەگەڵیاندا”.‏

وەزارەتەكە وردەكاریی زیاتری ئاشكراكردووە بەوەی “ڕوسیا هەوڵدەدات یەڤگینی ‏مورایێڤ، کە  یەکێکە لە سیاسەتمەدارانی پێشووی ئۆکرانیا، وەک سەرۆکی ئەو وڵاتە ‏دابنێت”، بەڵام جەختیکردووەتەوە، لەندەن ئەو گەلەکۆمەیەی مۆسکۆ بۆسەر کیێڤ ‏قبوڵناکات.‏

پاڵپشتیی تەواوی بەریتانیاش دووپاتكراوەتەوە بۆ ئۆکرانیا لە پاراستنی سەروەریی ‏خاکەکەی لەو سنوورەی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دانیپێداناوە”.‏

وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا ناوی هەریەکە لە سێرگی ئەربۆزۆڤ (جێگری یەکەمی ‏سەرۆک وەزیرانی ئۆکرانیا لە ساڵانی 2012 بۆ 2014، وەک سەرۆک وەزیرانی کاتیی ‏ئۆکرانیا) و ئەندریێ کلۆیێڤ (کە سەرۆکایەتیی ئیدارەی سەرۆکایەتیی پێشووی ئۆکرانیای ‏دەکرد) و میکۆلا ئازارۆڤ (سەرۆک وەزیرانی ئۆکرانیا لە ساڵانی 2010 بۆ 2014) و ‏فۆلۆدیمێر سیفکۆفیچ (جێگری پێشووی ئەمینداری گشتیی ئاسایشی نیشتمانی و بەرگریی ‏ئۆکرانیا)ی هێناوە.‏

لەبەرامبەردا وەزارەتی دەرەوەی ڕوسیا ئاشکرایکرد، ئەو لێدوانانەی بەریتانیا بەڵگەن ‏بۆئەوەی ناتۆ هەوڵدەدات ئاڵۆزییەکانی ئۆکرانیا زیاتر بکات.‏

داواشی لە بەریتانیا کرد چالاکییە بێزارکەرەکانی ڕابگرێت.‏

بابەتی پێشتر

خوێندكارانی عێراقی لە لوبنان داوادەكەن لە مردن ڕزگاربكرێن

بابەتی دواتر

سەرۆك وەزیرانی نیوزلەندا ئاهەنگی هاوسەرگیرییەكەی هەڵدەوەشێنێتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share