سەرۆكایەتیی ڕوسیا لێدوانی ئەمریكا ڕەتدەكاتەوە لەبارەی هێرشكردنە سەر ئۆكرانیا و داگیركردنی و تەنانەت دیاریكردنی كات بۆ ئەو هەنگاوە، بەڵام وتەبێژی كریملن نایشارێتەوە بارودۆخی سنووری نێوان هەردوو وڵاتەكە “ئێجگار مەترسیدارە و هەڕەشەمان لێدەكات”.
دیمیتری بیسكۆڤ وتەبێژی سەرۆكایەتیی ڕوسیا، باسی گفتوگۆكانی وڵاتەكەی لەگەڵ ئەوروپا و ئەمریكا كرد و ڕایگەیاند، “هەندێك لێكتێگەیشتن لە پەیوەندییەكانی ڕوسیا لەگەڵ ئەمریكا و ناتۆدا هاتووەتەئاراوە، بەڵام سەرباری ئەوە هەردوولا بە دوو ئاراستەی جیاواز لە یەكتر كاردەكەن و ئەوەش باشنییە، بەڕاستی مایەی دڵەڕاوكێیە”.
ئەو گفتوگۆیانەی بیسكۆڤ لەبارەیانەوە دوا، كۆبوونەوەكانی هەفتەی ڕابردووی نێوان ڕوسیا و ئەمریكان، كە شاندی هەردوو وڵات لە جنێڤی سویسرا كۆبوونەوە، تاوتوێی پێشنیازەكانی ڕوسیایان كرد كە داوای گەرەنتی لە خۆرئاوا كردبوو لەبارەی بڵاوكردنەوەی هێز لە سنووری ئۆكرانیا. دواتر ئەنجومەنی ناتۆ – ڕوسیا بۆ هەمان مەبەست لە برۆكسل كۆبوونەوە.
دیمیتری بیسكۆڤ وتەبێژی سەرۆكایەتیی ڕوسیا كە چاوپێكەوتنی لەگەڵ كەناڵی “سی ئێن ئێن”ی ئەمریكیدا كردووە، نیگەرانیی وڵاتەكەی لە گرژییەكانی سەر سنووری وڵاتەكەی و ئۆكرانیا نیشاندا و وتی، “گرژییەكان لەڕادەبەدەرن، بۆیە ڕوسیا مكووڕە لەسەر وەرگرتنی وەڵامێكی ڕاستەوخۆ لە ئەمریكا لەبارەی پێشنیازە ئەمنییەكانییەوە”.
بیسكۆڤ دەڵێت، “مۆسكۆ وەڵامێكی زۆر دیاریكراوی بۆ پێشنیازە زۆر دیاریكراوەكانی دەوێت، بارودۆخەكە ئێجگار مەترسیدارە و هەڕەشە لە كیشوەرەكەمان دەكات”.
ماوەیەكە ڕوسیا داوا لە ئەمریكا و وڵاتانی تری خۆرئاوا دەكات، گەرەنتی پێبدەن بەوەی بڵاوكردنەوەی هێزی ناتۆ لە خۆرهەڵاتی ئۆكرانیا، هەڕەشە نییە بۆسەر ڕوسیا و ئەو هێزانە زیاتر بەرەو سنووری ڕوسیا ناكشێن، لە بەرامبەردا خۆرئاوا داوا لە ڕوسیا دەكات هێزی زیاتر ڕەوانەی سنووری ئۆكرانیا نەكات و جەنگ لەگەڵ ئەو وڵاتەدا هەڵنەگیرسێنێت، هەردوولا یەكتر بە ئاڵۆزكردنی دۆخەكە و پەلكێشكردنی ناوچەكە بەرەو مەترسیی هەڵگیرسانی جەنگ تۆمەتباردەكەن، هەردوولاش داوای هێوركردنەوە دەكەن.
دوێنێ ئەمریكا بانگەشەی ئەوەی كرد كە بەمنزیكانە ڕوسیا ئۆكرانیا داگیردەكات و هەڕەشەی لێكرد بەوەی گەر ئەو كارە بكات بە سەختی ئازاری دەدات. جین ساكی، وتەبێژی كۆشكی سپی ڕایگەیاند، “نیگەرانین لەوەی حكومەتی ڕوسیا ئامادەكاری بۆ داگیركردنی ئۆكرانیا دەكات”.
هەمان ڕۆژ، ڤیكتۆریا نلالاند جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا ڕایگەیاند، وڵاتەكەی 18 سیناریۆی بۆ بەرپەرچدانەوەی ڕوسیا ئامادەكردووە ئەگەر ئەو وڵاتە ئۆكرانیا داگیربكات و وتی، “ئێمە و هاوپەیمانان ئامادەین بەشێوەیەكی خێرا ئازارێكی سەختی ڕوسیا بدەین ئەگەر هەر هەنگاوێكی دوژمنكارانە بنێت”.
لە بەرامبەردا ڕوسیا ئەوە ڕەتدەكاتەوە و پڕوپاگەندە ناویدەبات و دەڵێت، هەواڵی درۆیینەن.
وتەبێژی سەرۆكایەتیی ڕوسیا لەو بارەیەوە وتی، ئەمریكا هیچ بەڵگەیەكی لەبارەی ئەو بانگەشەیەی نەخستەڕوو كە دەڵێت ڕوسیا پلان بۆ داگیركردنی ئۆكرانیا دادەڕێژێت، “ئێمە چاوەڕوانی بەڵگەین”.
بیسكۆڤ ڕاشیگەیاند، “ئێمە لە جیهانێكدا دەژین تژییە لە تۆمەتی درۆ و هەواڵی ساختە، تا ئەمریكا ئەو قسانەی نەسەلمێنێت، ئێمە بە هەواڵی درۆیینەی دەزانین”.