نوسینگەی ڕاگەیاندنی پارێزگاری هەولێر لەبارەی تەندروستیی فرسەت سۆفی-یەوە ئاشكرایكردووە، تەندروستیی ناوبراو جێگیرە و چارەسەری پێویستی بۆ دەكرێت.
لە ڕاگەیەندراوێكدا نوسینگەی پارێزگاری هەولێر ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 3ی تشرینی دووەم ڕایگەیاندووە، “پاش ئەوەی بەرەبەیانیی ئەمڕۆ بەهۆی توشبوونی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا و ناجێگیریی دۆخی تەندروستیی د.فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر ڕەوانەی دەرەوەی وڵات کرا بۆ وەرگرتنی چارەسەر، لێرەولەوێ چەند پەیجێکی چەواشەکار و کەسانێکی نابەرپرس و بێئاگا لەبارەی دۆخی تەندروستیی پارێزگاری هەولێر هەواڵ و زانیاری بڵاو دەکەنەوە”.
نوسینگەی پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوەشكردووە، “وێڕای ڕەتکردنەوەی هەموو ئەو دەنگۆ و هەواڵ و زانیارییە نادروستانەی بڵاوکراونەتەوە، هاوڵاتییان و هاوشارییانی خۆشەویستی شاری هەولێر بەتایبەتی و هەرێمی کوردستان بەگشتی دڵنییا دەکەینەوە، د.فرسەت سۆفی، ئێستا لەدەرەوەی وڵات لەنەخۆشخانەیە و لەژێر چارەسەری پزیشکیدایە و تەندروستیی جێگیرە”.
ئەوەش خراوەتەڕوو، “هەموو ئەو زانیاری و هەواڵانەی لەبارەی تەندروستیی بەڕێزیانەوە لێرەو لەوێ دەگوترێ دوورە لە ڕاستی و جگە لە بڵاوکردنەوەی چەواشەکاری و شێواندنی ڕاستییەکان، شتێکی دیکە نییە”.