لە ساڵی 2014، بۆ یەكەمجار هەندێك زانیاری دزەپێكرا دەربارەی نیازی گەورەكۆمپانیای ئەپڵی ئەمریكی بۆ خزانەناو بازاڕی ئۆتۆمبێلی كارەبایی، بەڵام بڕێكی كەم لەوانە بە فەرمی لەو چێوەیەدا بڵاوكراونەتەوە.
ڕۆژنامەی (دەیلی مەیل)ی بەریتانی بڵاویكردەوە، چەند نیشانەیەك هەن كە چوونە پێشەوەی ئەپڵ لە پڕۆژەی ئۆتۆمبێلی كارەبایی دەردەخات، ئاماژەشی بۆ ئەو تاقیكردنەوە بەردەوامانە كرد كە لەسەر بەرنامەی خودشۆفێری لە شاری كۆبیرتینۆ لە ویلایەتی كالیفۆرنیا ئەنجامدەدرێن.
ئەم تاقیكردنەوانە لەسەر ئۆتۆمبێلی (لێكزس)ی وەرزشی دەكرێن، دوای زیادكردنی ئامێری پێشكەوتوو بۆی، وەك ئامێری هەستپێكەر (حاسة).
بەپێی ئەو زانیارییانە، شارەزایان پێشبینی لەبارەی شێوەی ئۆتۆمبێلەكەی ئەپڵ و شۆڕشی بواری ئەو تایبەتمەندییانەی لەخۆی دەگرێت، دەخەنەڕوو.
لە دیارترین تایبەتمەندییەكان، بوونی تابلۆی كۆنتڕۆڵكردنە كە بە دەستلێدان (تەچ) كاردەكات، سەرەڕای هاریكارێكی ئەلیكترۆنیی زیرەك هاوشێوەی سیستمی (سیری) كە لە مۆبایلی ئایفۆن-دا هەیە.
كۆمپانیایەكی بەریتانی بۆ بەكرێگرتنی ئۆتۆمبێل كە ناوی (Vanarama)یە، بە هەماهەنگی لەگەڵ هونەرمەندان، وێنەیەكی نزیكەیی ئەو شێوەیەی بڵاوكردووەتەوە كە ئۆتۆمبێلەكەی ئەپڵی پێدەردەكەوێت.
ئاندی ئەڵدرسۆن، بەڕێوەبەری جێبەجێكاری كۆمپانیاكە ڕایگەیاند، دەنگۆكان دەربارەی ئۆتۆمبێلەكەی ئەپڵ لە ساڵی 2014ــەوە دەستیپێكردووە و لەوكاتەوە جێی سەرنج بووە.
ئەوەشی وت، پرسەكە گرنگیی زۆری هەیە لە بواری پیشەسازیی ئۆتۆمبێل و لە دەرەوەشیدا.