دیارنییە لەبارەی حكومەت قسەدەكەن، یان ئەنجامی هەڵبژاردن
نیوەڕۆخوانێك هەردوو بەرەی شیعەكانی عێراق كۆدەكاتەوە

بڕیارە هێزی ڕازی و ناڕازی لە ئەنجامی هەڵبژاردن ڕازەكانیان بەرامبەر ‏یەكدی بخەنەڕوو

لە نوێترین هەنگاودا بەرەو ئاساییكردنەوەی دۆخی دژوار لە عێراق، سەرانی نزیكەی ‏هەشت لایەنی سەرەكیی شیعە و چەند سەركردەیەكی دیكە لە ماڵی هادی عامری ‏كۆدەبنەوە، بڕیارە هێزی ڕازی و ناڕازی لە ئەنجامی هەڵبژاردن ڕازەكانیان بەرامبەر ‏یەكدی بخەنەڕوو.‏

بڕیارە نیوەڕۆی ئەمڕۆ سەركردەی لایەنەكانی چێوەی هەماهەنگی لە ماڵی هادی عامری، ‏سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح لە بەغداد بە میوانداریی موقتەدا سەدر، سەرۆكی ڕەوتی ‏سەدر، كە ڕەوتەكەی براوەی یەكەمی هەڵبژاردنی تشرینی یەكەمی ڕابردووە، كۆببنەوە.‏

بەهادین نوری، سەركردە لە ڕێكخراوی بەدر، كە هادی عامری سەرۆكایەتی دەكات، لە ‏لێدوانێكی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند، نیوەڕۆخوانێك سەدر و سەركردەكانی چێوەی ‏هەماهەنگی و لەنێویشیاندا نوری مالكی، سەرۆكی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا پێكەوە ‏كۆدەكاتەوە.‏

وتیشی، “ئامادەبووانی پرسی سەرۆكایەتی وەزیران تاوتوێناكەن” بەڵام “تاوتوێی ئەو ‏پرسە دەكەن كە ئایا دادگای فیدڕاڵی هەڵبژاردن ڕەتدەكاتەوە، یان فەرمان بە سەرلەنوێ ‏ژماردنەوە و جیاكردنەوەی دەنگەكان دەكات”.‏

‏”چێوەی هەماهەنگیی هێزە شیعییەكان” كە ئەو لایەنە سیاسییە شیعییانە دەگرێتەوە كە ‏ناڕازین لە ئەنجامی هەڵبژاردن و كۆمسیۆن بە ساختەكاری تۆمەتبار دەكەن، داوایەكی ‏یاساییان بۆ دادگای باڵای فیدڕاڵی بەرزكردووەتەوە و تیایدا داوای پووچەڵكردنەوەی ‏ئەنجامەكان دەكەن.‏

لایەنەكانی چێوەی هەماهەنگی خاوەن نزیكەی 60-65 كورسین، بەڵام تائێستا هاوپەیمانیی ‏پەرلەمانییان ڕانەگەیاندووە.‏

موقتەدا سەدر

حسێن موسەوی، ڕۆژنامەنووسی نزیك لە هاوپەیمانی فەتح لەبارەی كۆبوونەوەكەوە ‏زانیاریی ئاشكراكردووە، دەلێت، “چێوەی هەماهەنگی دەیەوێت هەڵوێستی سەدر بزانێت ‏لەبارەی ئەوەی ئەگەر دادگای فیدراڵی ئەنجامی هەڵبژاردنی ڕەتكردەوە و بڕیاری لەسەر ‏دووبارەكردنەوەی دا، یان لەكاتێكدا ئەگەر بڕیاربدات جیاكردنەوە و ژماردنەوەی دەستی ‏بۆ سەرجەم ناوەندەكانی دەنگدان بكرێت”.‏

ماڵپەڕی ئەلحورە لە زاری موسەوی وتیشی، “هەڵوێستی سەدر سەرەكییە، بەهۆی ئەوەی ‏سەركردەی ڕەوتی براوەی زۆرترین كورسیی پەرلەمانە و باوەڕی وایە كە هەڵبژاردنەكە ‏پاكژە، بۆیە ئامادەسازی بۆ بڕیاری پێشبینیكراوی دادگا پێویستە”.‏

سەرەڕای هەوڵی سەركردەكانی چێوەی هەماهەنگی، بەڵام بەدووردەزانرێت بڕیاری ‏دادگای فیدڕاڵی بەشێوەیەك بێت كە كاریگەری لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردن هەبێت و ‏سەدریش بە هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەكان، یان ژماردنەوەی تەواوی وێستگەكان ڕازی ‏بكەن.‏

حسێن سەعدون، شارەزای یاسایی عێراقی دەڵێت، “دادگا بەپێی ناوەڕۆكی ماددەكانی یاسا ‏كاردەكات، ئەو داوایەی لەلایەن هێزەكانی چێوەی هەماهەنگییەوە پێشكەشكراوە بۆ ‏هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەكان، ئاماژەی بە هیچ سەرپێچییەكی دەقەكانی یاسا و دەستوور ‏نەكردووە”.‏

سەعدون ئەوەشی وت، “جیاكردنەوە و ژماردنەوەی دەنگەكان، بەپێی یاسا بەتەنها لە ‏دەسەڵاتی كۆمسیۆندایە، هەرچی ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردن و ڕەتكردنەوەیەتی پێویستە ‏دادگا قەناعەت پێبكرێت كە كۆی ئەنجامە ڕاگەیەندراوەكان نادروستن”.‏

بەپێی وتەی ئەو یاساناسە، “داوا یاساییەكەی چێوەی هەماهەنگی زۆرینەی لەسەر بنەمای ‏گومانە، نەك لەسەر بنەمای بەڵگەی بوونی ساختەكاریی ڕێكخراو و بەرفراوان، بۆیە ‏پێشبینی ناكرێت دادگا چاوی پێدابخشێنێت”.‏

سەرەڕای ڕێگرییە یاساییەكان، نەمیر محیاوی، شیكەرەوەی سیاسیی عێراقی دەڵێت، ‏‏”پرسی ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی نوێ لە عێراق نیمچە ئەستەمە”.‏

ئەو دەڵێت، “ئەم هەڵبژاردنەی ئێستا نزیكەی دوو ساڵی لە ئامادەكاری خایاند، حكومەتی ‏كازمیش كاری پێشینەی ئەنجامدانی هەڵبژاردن بوو”، ئەوەشی وت، “قسەكردن لەبارەی ‏گۆڕینی حكومەت و كۆمسیۆن لەتوانادا نییە، بەهۆی ئەوەی پەرلەمانی ئێستا ویلایەتەكەی ‏كۆتایی هاتووە و، ناتوانێت ڕەزامەندی لەسەر حكومەتی نوێ و كۆمسیۆنێكی دیكە بدات”.‏

‏”ئەگەر هەمان حكومەت و كۆمسیۆنیش ئەنجامی بدەنەوە، بەهەمان یاسا، چی زامنی ئەوە ‏دەكات كە جارێكی دیكە لایەنە سیاسییەكان ناڕەزایی دەرنابڕن؟، ئەمەش لەكاتێكدا ئەگەر ‏كۆی دۆخی سیاسی بەهۆی ئەو بڕیارەوە تێكنەچێت”، محیاوی وای وت.‏

بەڵام عەلی مەعموری، شیكەرەوەیەكی دیكەی سیاسی عێراقییە و پێیوایە “كۆبوونەوەكە ‏تاوتوێی كەسی سەرۆك وەزیران و ڕازیكردنی كوتلە ناڕازییەكانی تێدادەكرێت”.‏

وتیشی، “ئەمە ئاراستەی ڕاستەقینەیە، لەهەمان كاتدا تاكە ئاراستەی گونجاوە بۆ ئەم ‏دۆخە”.‏

مەعموری باوەڕیشی وایە پێدەچێت سەرجەم لەسەر ناونانی كەسایەتییەك ڕێكبكەون كە ‏سەدر بۆ سەرۆكایەتیی وەزیرانی دەوێت، لەگەڵ پێدانی زامنی گرنگ بە لایەنە ‏ناڕازییەكان، بەتایبەت “لایەنە ناڕازییەكان هیچ شتێكیان لە هەگبەدا نییە جگەلە چەك، كە ‏سەدریش هەیەتی، سەرەڕای هێزی سیاسی و یاسایی كە بەهۆی بردنەوەكەیەوە ‏بەدەستیهێناوە”.‏

بابەتی پێشتر

كه‌شناسی واده‌ى كۆتاییهاتنى بارانبارینى ڕاگه‌یاند

بابەتی دواتر

خامنەیی ڕووداوێكی سەردەمی جەنگی ئێران و عێراق ئاشكرادەكات

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

ئەوروپا ڕێگری و حكومەتی هەرێمیش تۆمەتباری كردن
كۆچبەرە گەڕاوەكانی بیلاڕوسیا هیچ هاوكارییەك نەكراون

ئەو كۆچبەرە كوردانەی بە هاوكاریی حكومەتی عێراق لە سنوورەكانی بیلاڕوسیاوە ‏گەڕێندرانەوە، لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە هیچ هاوكارییەكیان نەكراوە، پەرلەمانتارێك…
Total
0
Share