ئێستا زانیاریی نوێ لەبارەی كوژرانی خێزانە 20 كەسییەكەی بابلەوە ئاشكرادەكات

بە تۆمەتی تێوەگلان لە ڕووداوەكەی بابل كە بووەهۆی كوژرانی 20 كەسی سیڤیل، چەند “كەسێك” لە هێزە ئەمنییەكانی عێراق (بەبێ ئەوەی پۆست و پلەكانیان ئاشكرابكرێن) دەستگیركران. بەپێی گێڕانەوەكانی حكومەت، هێزە ئەمنییەكان بۆ دەستگیركردنی تیرۆریست و بازرگانی ماددەی هۆشبەر گەمارۆی ماڵێكیان داوە، بەڵام سەرۆكی خێزانەكە خۆی بەدەستەوە نەداوە و هاوژین و منداڵەكانی و خوودی خۆیشی كوشتووە. شایەتحاڵێكی ڕووداوەكەش زانیاریی جیاوازی بۆ “ئێستا” ئاشكراكرد و وتی، “ڕووداوەكە هیچ پەیوەندییەكی بە تیرۆر و ماددەی هۆشبەرەوە نەبووە، ئەفسەرێكی هێزی سوات بە هاوبەشیی هاوكارەكانی، خەزووری خۆی و هاوژین و منداڵەكانی كوشتووە”، هەمان ئەو قسە و بۆچوونەی كە سەندیكای پارێزەرانی عێراق جەختیلێدەكاتەوە و ڕووداوەكە بە ئەنجامدانی “كوشتار لەلایەن پیاوانی حكومەتەوە” ناوزەددەكات.

بۆ لێكۆڵینەوەكردن لە ڕووداوەكەی ناحیەی جبەلە لە پارێزگای بابل، مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ یەكشەممە حەمید شتێڕی سەرۆكی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی ڕاسپارد سەردانی شوێنی ڕووداوەكە بكات و لیژنەیەك پێكبهێنێت، ئێوارەی ئەمڕۆ شتێڕی ڕایگەیاند، چەند “ئەندامێكی هێزە ئەمنییەكان” بەتۆمەتی تێوەگلان لەو ڕووداوە دەستگیركراون و وتی، “دەستی دادپەروەری دەگات بە هەموو ئەوانەی لە تاوانەكەدا بەشداربوون و ئەوانەشی كە لە ڕاپەڕاندنی ئەركەكانیاندا كەمتەرخەمبوون”.

درەنگانی شەوی پێنجشەممەی ڕابردوو، هێزێكی سەر بە سواتی عێراقی لە ناحیەی جبەلە لە پارێزگای بابل گەمارۆی ماڵێكیان دا، بەهۆی دەستڕێژی گولـلەوە نزیكەی 20 كەسی سیڤیل كوژران كە زۆرینەیان ئەندامانی خانەوادەی ماڵە گەمارۆدراوەكە بوون، چەند كارمەندێكی هێزە ئەمنییەكەش برینداربوون.

دوای ڕووداوەكە هێزە ئەمنییەكان ڕایانگەیاند، سەرۆكی خێزانەكە بازرگانی ماددەی هۆشبەر بووە، هێزەكەی حكومەت بۆ دەستگیركردنی ڕۆیشتوون، بەڵام تۆمەتبارەكە خۆی بەدەستەوە نەداوە و 12 منداڵەكەی و هاوژینەكەی كوشتووە و دواتر خۆیشی كوشتووە، بەڵام بۆچوونێكی تر هەیە كە تەواو پێچەوانەی ئەم لێدوانەی حكومەتە و دەڵێت، “ڕووداوەكە كوشتنی بەكۆمەڵی كەسانی سیڤیل بووە لەلایەن هێزێكی ئەمنییەوە”.

دواتر لێدوانی فەرمیی حكومەت لەبارەی ڕووداوەكەوە ئەوە بوو كە هێزە ئەمنییەكان دوو تیرۆریستی داعشیان ڕاوناوە، بەڵام ئەوان خۆیان ڕادەست نەكردووە و تەقەیان لە هێزە ئەمنییەكان كردووە و سەرئەنجام كوژراون و چەند كارمەندێكی هێزە ئەمنییەكانیش برینداربوون.

شایەتحاڵێكی ڕووداوەكە لەو بارەیەوە قسەی بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا كرد و وتی، “شتێك لە ئارادانییە بەناوی بازرگانی ماددەی هۆشبەر، سەرۆكی خێزانەكە جوتیاربووە و خەزووری ئەفسەرێكی هێزی سوات بووە، ناكۆكیی كەوتووەتە نێوانیانەوە و ئەفسەرەكە لەگەڵ هێزێكدا گەمارۆی ماڵەكەیان داوە و ئەو كوشتارەیان ئەنجامداوە”.

كاردانەوەكانی ڕووداوەكە بەردەوامن، سەندیكای پارێزەرانی عێراق ئەمڕۆ ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و چەند جارێك پێداگیریدەكات لەسەر ئەوەی ڕووداوەكە كوشتنی بەكۆمەڵ بووە لەلایەن پیاوانی حكومەتەوە و دەڵێت، “كوشتارەكە لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە كراوە و چەكی وێرانكەری تیادا بەكارهێنراوە”.

سەندیكاكە ڕایگەیاند، “تاوانەكە ژن و منداڵی تیادا كوژراوە و ئەوەی لە خوودی ئەم تاوانانە مەترسیدارترە، بەكارهێنانی تۆمەتی ناڕەوایە، ڕووداوەكە بەهۆی ناكۆكیی كەسی و خێزانییەوە ڕوویداوە و بووەتەهۆی بەكارهێنانی هێزە ئەمنییەكان و ئۆتۆمبێل و ئامێرەكانیان، ئەوەش هەڕەشەیە بۆسەر بوونی دەوڵەت”.

نووسینگەی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران ڕایگەیاند، سەرۆك وەزیران حەمید شتێڕی سەرۆكی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراقی ڕاسپاردووە لێكۆڵینەوە لە ڕووداوەكە بكرێت، خوودی سەرۆك وەزیران لە نزیكەوە بەدواداچوون بۆ ڕووداوەكە دەكات.

ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە، حەمید شتێڕی سەرۆكی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لە لێدوانێكدا وتی، “چەند ئەندامێكی هێزە ئەمنییەكان بەتۆمەتی تێوەگلان لەو ڕووداوە دەستگیركراون، دەستی دادپەروەری دەگات بە هەموو ئەوانەی لە تاوانەكەدا بەشداربوون و ئەوانەشی كە لە ڕاپەڕاندنی ئەركەكانیاندا كەمتەرخەمبوون، كەمتەرخەمی نانوێنین لە سزادانی هەموو ئەو كەسانەدا، بەڵام ئێستا هەموو وردەكارییەكان ئاشكراناكەین و ئەنجامی كۆتایی لێكۆڵینەوە دەهێڵینەوە بۆ ئەنجومەنی باڵای دادوەری”.

لە لێدوانێكدا بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا، عەمید عادل عەناوی وتەبێژی فەرماندەیی پۆلیسی پارێزگای بابل ڕایگەیاند، “لێكۆڵینەوە لە ڕووداوەكە بەردەوامە و دادگای تێهەڵچوونەوەی بابل لێكۆڵینەوە لە دۆسیەكە دەكات، دوای تەواوكردنی ڕێككارە یاساییەكان، زانیارییەكانمان پێدەدات”.

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی كە كوشتنەكان لەلایەن سەرۆكی خێزانەكەوە ئەنجامدراون یاخود هێزەكەی سوات؟، وتەبێژی فەرماندەیی پۆلیسی پارێزگای بابل وتی، “لە هیچ شتێك دڵنیانین و چاوەڕوانی ئەنجامی لێكۆڵینەوەكان دەكەین و بەزووترین كات تەواودەكرێن و دەخرێنەڕوو”.

شایەتحاڵی ڕووداوەكە كە لەڕێگەی پەیوەندیی تەلەفۆنییەوە قسەی بۆ “ئێستا” كرد، ڕەتیكردەوە سەرۆكی خێزانەكە هاوژین و منداڵەكانی و دواتر خۆی كوشتبێت و وتی، “سەرجەمیان لەلایەن هێزەكەی سواتەوە كوژراون، ئەوەی ڕوویدا كوشتار بوو، ئەگەر بازرگانی ماددەی هۆشبەر بووبێت، چۆن سەرۆك وەزیران و سەرۆكی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی بەشداریی پرسەكەی دەكەن؟!”.

بابەتی پێشتر

كه‌مبوونه‌وه‌ى ڕێكکاره‌كانى ته‌ندروستى ڕێژه‌ى هاتنى گه‌شتیارانى بۆ هه‌رێم زیادكرد

بابەتی دواتر

هاتوچۆی سلێمانى دوو ڕێنمایی نوێ بۆ گواستنه‌وه‌ى خاوه‌ندارێتى ئۆتۆمبێل ده‌خاته‌ بوارى جێبه‌جێكردنه‌وه‌

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

ئەنجومەنی نوێنەران كۆدەبێتەوە

بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كۆببێتەوە و پڕۆژەیاسای پاڵپشتیی فریاگوزاری بۆ ئاسایشی خۆراک تاوتوێ بكات. فەرمانگەی ڕاگەیاندنی ئەنجومەنی…
Total
0
Share