دادگای فرانكفۆرت لە ئەڵمانیا، سزای زیندانیكردنی هەتاهەتایی بەسەر داعشێكی عێراقیدا سەپاند بەتاوانی ئەنجامدانی كۆمەڵكوژی دژی ئێزیدییەكان.
تەها جومەیلی تەمەنی 29 ساڵە و چەكداری ڕێكخراوی داعش بووە، دادگا بە ئەنجامدانی تاوانی كۆمەڵكوژی و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و تاوانی جەنگ و بازرگانیكردن بە مرۆڤەوە تاوانباریكردووە و سزای زیندانیكردنی هەتاهەتایی بەسەردا سەپاندووە.
داواكاری گشتیی ئەڵمانیا دەڵێت، ساڵی 2015 تەها جومەیلی و جێنیفەر ڤینیش هاوسەری ئەوكاتی، كچێكی پێنج ساڵان و دایكیان وەك سەبایای ئێزدی لە موسڵ كڕیوە و بردوویانن بۆ فەلوجە بەمەبەستی مامەڵكردن لەگەڵیاندا وەك كۆیلە.
پاش چەند جۆرێكی ئەشكەنجە، بەهۆی میزكردن بە جێگەكەیدا، جومەیلی و هاوسەری كچەكەیان سزاداوە لەڕێی بەستنەوەی بە پەنجەرەی دەرەوەی ئەو ماڵەی لەگەڵ دایكی تیایدا دەستبەسەربوون لە پلەیەكی گەرمیدا كە دەگاتە 50 پلە، لە ئاكامدا كچە منداڵەكە بەهۆی تینوێتییەوە گیانی لەدەستداوە لەكاتێكدا (نورا)ی دایكی ناچاركراوە بەردەوامبێت لەسەر خزمەتكردنی دوو هاوسەرەكە، سەرباری ئەوەی لەلایەن چەكدارانی داعشەوە چەندین جار ڕووبەڕووی دەستدرێژیی سێكسی بووەتەوە.
لە ڕۆژانی ڕابردوودا دادگای فرانكفۆرت سزای 10 ساڵ زیندانیكردنی بەسەر جێنیفەر ڤینیش هاوسەری پێشووی تەها جومەیلیدا سەپاند و دادگاییكردن و جومەیلی و ڤینیش، بە یەكەم ڕێوشوێنی دادوەرییانەی جیهانی دادەنرێت كە لەپای تاوانەكانیان بەرامبەر بە ئێزیدییەكان دژ بە داعشەكان گیرابێتەبەر.