ژێرئاوگەڕێكی ئەندۆنیسیا بە 53 سەرنشینەوە بێسەروشوێن بوو

بەشداری لە ڕاهێناندا دەكرد، كاتێك پەیوەندی لەگەڵیدا پچڕا

سوپای ئەندۆنیسیا بێسەروشوێنبوونی ژێرئاوگەڕێكی سەر بە هێزە دەریاییەكانی لە یەكێك لە دورگەكانی بە 53 سەرنشینەوە ڕادەگەیەنێت.

هادی تجاهجانتۆ، فەرماندەی سەربازیی سوپای ئەندۆنیسیا وتی، ژێرئاوگەڕی (كیە ئاڕ ئای نانگالا 402) بەشداری لە ڕاهێنانەكانی چوارشەممەدا دەكرد، كاتێك پەیوەندی لەگەڵیدا پچڕا.

ئەوەشی وت، “باوەڕوایە ژێرئاوگەڕەكە لە دووری 60 میل (95 كیلۆمەتر) لە باكووری بالی ون بووبێت”.

بەرپرسە سەربازییەكە ئاماژەی بەوەشكرد، هێزی دەریایی چەند كەشتییەكی بەمەبەستی گەڕان لە ناوچەكەدا خستووەتەكار و داوای هاوكاریشی لە سەنگافورە و ئوسترالیا كردووە، كە خاوەن كەشتی ڕزگاركەری ژێرئاوگەڕن.

بەپێی میدیا ناوخۆییەكان، هێزی دەریایی وڵاتەكە باوەڕیوایە ژێرئاوگەڕەكە لە ئاوێك بە قوڵایی 700 مەتر نقوم بووە، تائێستاش هۆكاری بێسەروشوێن بوونەكەی نەزانراوە.

ژێرئاوگەڕەكە دروستكراوی ئەڵمانیایە و لە سەرەتای هەشتاكانەوە خراوەتە خزمەت هێزەكانی ئەندۆنیسیاوە و، ڕاهێنانی لەسەر نمایشی هەڵدانی موشەك دەكرد كە بڕیاربوو نمایشەكە ڕۆژی پێنجشەممە بە ئامادەبوونی بەرپرسانی سەربازی بەڕێوەبچێت.

ئەندۆنیسیا خاوەن پێنج ژێرئاوگەڕە و، پلاندادەنێت بۆ بەكارخستنی لانیكەمی هەشت دانە بە گەیشتنە ساڵی 2024.

س: ئەلحوڕە

بابەتی پێشتر

وەزارەتی تەندروستی ئاماری نوێی کۆرۆنای بڵاوکردەوە

بابەتی دواتر

تەندروستیی هەرێم لەسەر دزەكردنی ڤاكسینی كۆرۆنا ڕونكردنەوە دەدات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share