دیاردەی ڕاوكردن لە سنووری مەیدان زیادیكردووە، پۆلیسێك، كە بەم دواییانە لە شوێنی كارەكەی گواستراوەتەوە، دەڵێت، لەلایەن ئەوانەی بەرپرسن لە پاراستنی دارستان و ژینگەی ناوچەكەوە، كارئاسانی بۆ ڕاوچییەكان دەكرێت، بەڵام ئەو بەرپرسانە ڕەتیدەكەنەوە و هۆكارەكەی بۆ نەبوونی پاڵپشتیی دارایی دەگەڕێننەوە.
مەیدان، كە دەكەوێتە ناوچەی گەرمیان و نزیك قەزای خانەقین، بەهۆی هەڵكەوتە سروشتییەكەی و بوونی چەند شاخێكەوە، بە پەلەوەر و گیاندارە كێوییە جۆراوجۆرەكان ناسراوە.
ناوچەكە بە زۆریی ژمارەی ئاسك جیادەكرێتەوە، بەجۆرێك زۆربوونیان وایكردووە بە ڕوونی لەلایەن خەڵكەكەوە بەدیبكرێن، بەڵام لە ئێستادا بینینیان كەمبووەتەوە، هۆكارەكەشی بۆ زیادبوونی دیاردەی ڕاوكردن دەگەڕێندرێتەوە.
ڕاوچییان تاپڕ و كەلوپەلی جۆراوجۆر بۆ كارەكەیان بەكاردەهێنن، زۆرجار لەكاتی ئەنجامدانیدا بە كەلوپەل و نێچیرە ڕاوكراوەكانیانەوە دەستبەسەردەكرێن، بەڵام سەرچاوەیەكی نێو پۆلیسی دارستان و ژینگە دەڵێت، هەندێكجار كارئاسانی دەكرێت و ڕاوچییەكان ئازاددەكرێن.
سەرچاوەیەك لە بنكەی مەیدانی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگە بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “ئێمە ژمارەیەك پۆلیسین ڕۆژانە ئیشەكانی خۆمان بە دڵسۆزی دەكەین، ئیشی ئێمە ئەوەیە نەهێڵێن خەڵك ڕاوبكەن، ڕۆژانە بە ماتۆڕ بۆ ئەو شوێنانە دەچین كە ڕاوی لێدەكرێت”.
وتیشی، “زۆرجار خەڵك دەگرین و تەلەفۆن بۆ ئەفسەری بەرپرسمان دەكەین، كە كەسێك یان زیاترمان گرتووە ڕاوی كردووە، یان تاپڕ و كەرەستەی ڕاوی پێیە”، نموونەی هێنایەوە، ڕایگەیاند، “پێش ماوەیەك چوار كەسمان گرت (كەڵ)ێكیان لەسەر شاخی شەڕواڵدڕە كوشتبوو، ئەفسەری بنكەكەمان لەگەڵ گەیشتنە فەرمانگە، وتی ئازادیان دەكەم، بەڵام ئێمە ڕێگریمان لێكرد”.
بەوتەی ئەو، لە چەند ڕۆژی ڕابردووشدا سێ كەسی دیكە كە دوو پۆڕیان كوشتووە، بەهەمان شێوە كارئاسانییان بۆ كراوە و لەلایەن بەرپرسی بنكەكەوە، كە بەڵێنی ڕادەستكردنیان بە دادگا دراوە، دەستی دەستی پێدەكرێت و دوادەخرێت.
ئەو سەرچاوەیە، كە نەیویست ناوی ئاشكرابكرێت، ئەوەی خستەڕوو، بەهۆی هەوڵەكانیان لە ڕێگریكردن لەو دیاردانە و گەیاندنی ئەو كێشانە بە دادوەری بەرپرس، بڕیاری گواستنەوەی بۆ دەرچووە.
بۆ پشتڕاستكردنەوەی قسەكانی، نمونەی دیكەی هێنایەوە، وتی، بەر لەماوەیەك ئاگاداركراونەتەوە كە لە ناوچەی زەلكە ڕاوكردن هەیە و ئەوانیش بە دوو ماتۆڕ بەڕێكەوتوون، بەڵام بەر لە گەیشتن بەرپرسەكەیان پێی وتوون مەچن ناوچەكە مەترسیدارە و داعشی لێیە، نەیهێشتووە بچن بۆ دەستگیركردنی ڕاوچییەكان و وتی، “بۆیە ئێمە گومان ئەكەین دەستی خۆی تیایە”.
بەڵام بەرپرسی بنكەكە ئەو تۆمەتانە ڕەتدەكاتەوە و دەڵێت، كارئاسانی بۆ هیچ كەسێك نەكراوە و ئامادەم بۆ لێكۆڵینەوە و دادگا.
ملازم لوقمان والی، بەرپرسی بنكەی مەیدانی پۆلیسی دارستان و ژینگە بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، هەفتانە نووسراو بۆ فەرمانگەی سەروو خۆیان بەرزدەكەنەوە و ئەو كەسانەش كە سەرپێچی دەكەن، ڕادەستی دادگایان دەكەن.
دەربارەی ئەو تۆمەتانەش كە ڕووبەڕووی دەكرێتەوە وتی، “هەر كەسێك هەر تۆمەت و بەڵگەیەكی هەیە من ئامادەم، ئەوە دادگا و لێكۆڵینەوە هەیە هیچ حاڵەتێكی كارئاسانی بۆ ڕاوچییەكان نەبووە و ناكرێت”.
سەبارەت بە گواستنەوەی ئەو پۆلیسەی بنكەكەشی، ڕەتیكردەوە كە بەهۆی سزاوە بێت و وتی، گۆڕانكای و گواستنەوە لە بەشێكەوە بۆ بەشێكی دیكە پەیوەندیی بە پێویستیی بەشەكەیانەوە هەیە.
هاوكات ملازمی یەك هاوڕێ جەلیل، بەڕێوەبەری بەشی خانەقینی پۆلیسی دارستان و ژینگە بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، هەر كەسێك هەر زانیارییەكی لەو جۆرەی لایە و بەڵگەی پێیە، با بیهێنێت، ئێمە ڕێوشوێنی یاسایی لەگەڵ دەگرینەبەر، دادگای سەربازی هەیە و ئاراستەی دەكەین.
دەربارەی كارئاسانیش بۆ ڕاوچییان وتی، “ئەگەر خۆمان ڕێگە بە ڕاوكردن بدەین وەكو ئەوە وایە خیانەت لە پیشەكەی خۆمان بكەین”.
بەڕێوەبەری بەشی خانەقین، كە بەرپرسی ڕاستەوخۆی بنكەی مەیدانی پۆلیسی دارستان و ژینگەیە، دەربارەی گواستنەوەی كارمەند وەك سزا ئەوەی خستەڕوو، “ناكرێت پۆلیسێك لە شوێنێكەوە بۆ شوێنێكی دیكە نەقڵ بكەین تۆمەت ببەخشێتەوە، لەكاتێكدا بەمدواییە لیژنەی زیادەڕەوییەكان لە گەرمیان خراوەتەسەر دارستان و ئاسایش، ئێمەش لە سەرجەم بەشەكانەوە دوو تا سێ پۆلیسمان بۆ ئەو لیژنانە گواستووەتەوە”.
دووپاتیشیكردەوە، “هەر كەسێك بەڵگەی لەسەر كارمەندێكیمان یان ئەفسەرێكمان هەیە كە سەرپێچی كردووە حەزدەكەین پێمان بڵێن، بەڵام ئەوەی ئاگاداربم كارمەند یان ئەفسەرێكم شتێكی وای كردبێت و خیانەتی لە ئیشەكەی كردبێت، دڵنیابە شتی وانییە و ئیجرائات دەكەین”.
بەرپرسیارێتیی بنكەی مەیدان لە زمناكۆوە تا سنووری چوار كڵاو دەگرێتەوە، ملازم لوقمان وتی، سەر شاخەكانی (بەمۆ، كۆشك و شەڕواڵ دڕە) تا ناوچەی هاجیرە لە سنووری بەرپرسیارێتیی ئەواندایە.
دووپاتیشیكردەوە هەر كەسێك ڕاوی كردبێت “بەپێی توانای خۆمان درێغیمان نەكردووە، بەڵام ئیمكاناتی پێویستمان لەبەردەستدا نییە، یەك ئۆتۆمبێلمان هەیە و مانگانە تەنها 130 هەزار دینارمان بۆ سەرفدەكەن بۆ بەنزین و ڕۆنی سەیارە، ئەوەش بەشناكات”.