لەدوای رووخانی رژێمی ئەسەدەوە تاوەکو ئەمڕۆ، ناوچەکە بە گشتیی و رۆژئاوای کوردستان بە دۆخێکی تەواو هەستیارادا تێپەڕدەبێت، لەم نێوەندشدا میدیا وەک دەسەڵاتی چوارەم و وەک هۆکارێک بۆ گواستنەوەی زانیارییەکان بۆ هاوڵاتییان ئەرکێکی گرنگی لەسەر شانە، بەڵام ئەوەی گرنگە ئەوەیە تا چەند توانیویەتی پیشەییانە و هاوتەریب لەگەڵ دۆزە نیشتمانی و نەتەوەییەکە کار بکات.
سەبارەت بە دۆزی رۆژئاوای کوردستان، بە بڕوای بەشێک لە چاودێرانی سیاسیی، بەشێک لە میدیاکان رۆڵی خراپیان هەبووە، لە گواستنەوەی زانیارییەکان بە شێوەیەک بینەر و خوێنەریان چەواشەکردووە و پڕوپاگەندەی ناڕاستیان بڵاوکردووەتەوە کە خزمەتی کورد و پرسی کوردیان نەکردووە، لە هەمانکاتدا، بەشێک لە میدیاکان بە شێوەیەکی زۆر باش لە خزمەت دۆزەکە و پیشەییانەش کاریان کردووە و هەڵساون بە گواستنەوەی زانیارییەکان بەشێوەیەکی درووست و بەشێوەیەک گرژییەکان کەمبکرێنەوە نەوەک جیاوازییەکان قوڵبکەنەوە.
رەحمان غەریب، بەڕێوەبەری سەنتەری میترۆ لەبارەی ئەم پرسەوە رایگەیاند، بە بڕوای ئەوان پێویستە رێکخراو هەبێت بۆ چاودێریی میدیاکان تاوەکو کاربکەن لەگەڵ میدیاکان و روونکردنەوەی ئەوەی چۆن مامەڵەی پرسە نیشتیمانییەکان دەکەن.
ئاماژەی بەوەشکرد، بە بڕوای ئەوان وەک سەنتەری میترۆ و لە کۆبوونەوەیان لەگەڵ کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستانیش باسیان لەوەکردووە، کە چەند میدیایەک بێدەنگییان لەسەر هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا و بەنداوی تشرین و ناوچە مەدەنییەکان هەڵبژاردووە و قسە لەسەر بابەتەکە ناکەن.
ژمارەیەک لە رۆژنامەنووسانیش، راگەیەندراوێکیان دەرکرد، کە ئەرکی سەرشانی دامودەزگا میدیاییەکان و میدیاکارانە رۆڵێکی پۆزەتیڤانەی گرنگ ببینن و ستراتیژێکی نەتەوەیی و نیشتمانی و مرۆڤ دۆستانەیان هەبێت بەرامبەر بە گواستنەوەی دۆزی کورد لە سوریا.
داواشیانکرد، میدیاکاران و میدیاکان نەبنە هۆی دابەشبوون و زیادکردنی ناکۆکییەکانی نێوان لایەنەکان و نێو خودی کۆمەڵگای کوردی.
ئاماژەیان بەوەشدا، ئەم دۆخە ئاڵۆز و هەستیارەی ناوچەکە ئەوە لە میدیا دەخوازێت کە پرسی هاوڵاتی کوردستان و دۆزەکەی بخاتە پێشەوەی پرسەکانی ترەوە. دەکرێت لەم هەلومەرجەدا ناکۆکییەکانی نێوان پارچەکانی کوردستان و ناکۆکی لەسەر ئاستی یەک پارچە و بگرە جیاوازی و بەتابییەکانی نێوان دەسەڵاتدارانی باشوور و کۆمەڵگاش بەرپرسانەتر مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت کە بچێتە سیاقی ئەو رووداوانەوە کە ئەگەری پێشخستنی دۆزی کوردی بەهێزدەکات.