دوای زیاتر لە سێ ساڵ لە کردنەوەی دۆسییەک لە دژی “باشاک دەمیرتاش” هاوژینی سەڵاحەدین دەمیرتاش، دادگای ئامەد بڕیاریدا بە زیندانیکردنی باشاک بە دوو ساڵ و نیو.
میدیاکانی ئۆپۆزسیۆنی حکومەتی تورکیا، بڵاویانکردووەتەوە، “تۆمەتەکەی باشاک دەمیرتاش، دروستکردنی بەڵگەنامەی ساختەی تەندروستییە، بۆ وەرگرتنی مۆڵەت”.
دۆسییەی باشاک لە ساڵی 2018دا لە داگای سزاکان لە ئامەد کرایەوە و دواجار ئەمڕۆ دادگا بڕیاریدا بە تۆمەتی “ساختەکاری” باشاک و ئەو دکتۆرەی بەڵگەنامەکەی نویسووە زیندانی بکات.
پارێزەرەکەی دۆسییەی “باشاک دەمیرتاش” لەوبارەیەوە ڕایگەیاندووە، “باشاک لە ساڵی 2015 بەهۆی دووگیانییەوە چەندجارێک مۆڵەتی لە خوێندنگەکەی وەرگرتووە و دواجار منداڵەکەشی لەبارچوو، دواتر داوای مۆڵەتی فەرمی کرد بۆ خوێندنی ساڵی داهاتوو، لەگەڵ ئەوەش مامۆستای جێگرەوەی لەجێگای خۆی داناوە، بۆئەوەی بۆشایی پەروەردەیی لە خوێندنگەکەدا دروست نەبێت”.
پارێزەرەکەی باشاک ئاماژەی بەوەشکردووە، “دادگای سزا قورسەکانی ئامەد، بەبێ گەڕانەوە بۆ بەڵگەکانی تێکچوونی تەندروستی باشاک دەمیرتاش، بڕیاریانداوە و ئەوەش دەیسەلمێنێت دادگا بڕیاری خێرا و مەبەستی دەرکردووە”.
باشاک دەمیرتاش لەدایکبووی ساڵی 1977ـە و مامۆستا و نووسەرە و هاوژینی سەلاحەدین دەمیرتاشی هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلانە کە لە ساڵی 2016دا زیندانیکرا.
باشاک لەدوای دەستگیرکردنی هاوسەرەکەیەوە، بەردەوام قسەی بۆ میدیا جیهانییەکان کردووە و کاری بۆ دروستکردنی فشارکردووە لەسەر حکومەتی تورکیا بۆ ئازادکردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش.