عەبادی وەڵامی كتێبەكەی بارزانی دەداتەوە

بارزانی و عەبادی
ئیئتیلافەكەی عەبادی، وەڵامی كتێبەكەی بارزانی دەداتەوە و بە “شێواندنی ڕاستییەكانی مێژوو” تۆمەتباریدەكات.

لە ڕۆژانی ڕابردوودا، مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، كتێبێكی بە ناوی “بۆ مێژوو” بڵاوكردەوە. لە بەشێكیدا باس لەوە دەكات كە “دوای ڕیفراندۆم و دەستپێكردنەوەی گفتوگۆ لەنێوان هەرێمی كوردستان و بەغداد، لە یەكەم گەڕی گفتوگۆكاندا، نوێنەرانی حكومەتی عێراق و سوپای پاسدارانی ئێران و حزبوڵای لوبنان بەشداربوون.”
بارزانی نووسیویەتی، “لە گفتوگۆكاندا، عێراقییەكان بە فەرمانی نوێنەرانی ئێران و حزبوڵا دەجوڵانەوە و ئەوەش لە ڕاستیدا سوكایەتییەكی گەورە بوو لەلایەن عەبادی-یەوە دەرهەق بە سەروەریی عێراق، كە كەسانی بیانی بهێنێت و لە دیاریكردنی هێڵی تەماسدا ئەوان بڕیاربدەن، بۆیە بڕیارماندا شاندی دانوستاندنكار جارێكی تر لەگەڵیاندا كۆنەبێتەوە.”
لە وەڵامدا، ئیئتیلافی نەسڕ كە حەیدەر عەبادی سەرۆكوەزیرانی پێشووتری عێراق سەرۆكایەتی دەكات، ڕایگەیاند كە ئەو وتانە ڕەتدەكاتەوە و وتی، “ئەوە شێواندنی ڕاستییەكانی مێژووە، شێواندنی سەروەریی عێراقە و هەوڵدانە بۆ تێكەڵكردنی بابەتەكان.”
لە ڕاگەیاندراوێكدا ئیئتیلافەكەی عەبادی جەختیكردووەتەوە كە “بەڵگەنامەكان دەیسەلمێنن كە شاندی دانوستاندنكاری حكومەتی فیدراڵی، تەنها لەلایەن فەریقی یەكەمی ڕوكن عوسمان غانمی سەرۆك ئەركانی سوپا و فەریق ڕوكن سەعد عەلاق، سەرۆكی هەواڵگیریی سەربازی و فەریق ڕوكن مەناف تمێمی، جێگری فەرماندەی دەزگای دژەتیرۆر-ـەوە پێكدەهێنرا، هەمووشیان زیندوون و پۆستیان لە دەوڵەتدا هەیە و دەتوانن لەوبارەیەوە لێیان بپرسن.”

 

بابەتی پێشتر

نەجمەدین کەریم تووشی جەڵتەی مێشک بووە و لەژێر چاودێریی پزیشکییدایە

بابەتی دواتر

ئابوریی عێراق هەڕەشەیە بۆسەر ڕێککەوتنی ئۆپیک+

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share