ئەگەری هێرش بۆسەر ڕۆژئاوا
بەرپرسێكی ئەمریكی: بایدن گڵۆپی سەوزی بۆ ئەردۆغان هەڵنەكردووە

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا داوا لە لایەنەكان دەكات پارێزگاری لە ناوچەكانی ئاگربەست بكەن، نێردەی پێشووی واشنتن بۆ سوریاش دەڵێت، لە دوا دیداریاندا جۆ بایدن گڵۆپی سەوزی بۆ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان هەڵنەكردووە لەبارەی هێرشكردنەسەر ڕۆژئاوای كوردستان.

وتەبێژێك بەناوی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ڕایگەیاند، زۆر گرنگە سەرجەم لایەنەكان پارێزگاری لە ناوچەكانی ئاگربەست بكەن و ڕێزی لێبگرن لەپێناو بەهێزكردنی سەقامگیری لە سوریا و كاركردن بە ئاراستەی چارەسەری سیاسیی ناكۆكییەكان.

وتەبێژەكە دووپاتیشیكردەوە، “بارگرژی لە بەرژەوەندی كەسدا نییە”.

ئەو لێدوانە لە وەڵامی ئەو ڕاپۆرتانەدایە كە ئاماژە بە ئامادەكارییەكانی توركیا دەكەن بۆ ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنێكی سەربازی بۆسەر هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) لە ناوچەكانی ڕۆژئاوای كوردستان و باكووری ڕۆژهەڵاتی سوریا.

ئەمەش دوای ئەو هەڕەشە بەردەوامانە دێت كە لەلایەن ئەنقەرەوە بەرامبەر هێزەكانی ڕۆژئاوای كوردستان دەوترێنەوە.

ئەمریكا هێزەكانی سوریای دیموكرات بە هاوپەیمان لە شەڕی دژ بە داعش لە ناوچەكانی باكووری ڕۆژهەڵاتی سوریا دادەنێت، لەكاتێكدا توركیا وەك درێژكراوەی (پارتی كرێكارانی كوردستان) لێی دەڕوانێت.

سەربازانی توركیا لە ناوچەی گردە سپی سەر بە پارێزگای ڕەققە

پێشتر سایتی ئەلحوڕە لە زاری فەرهاد شامی، وتەبێژ بەناوی هێزەكانی سوریای دیموكرات پابەندی بە ڕێككەوتنی كەمكردنەوەی بارگرژییەكان دوپاتكردەوە و وتی، “ئەگەر لەلایەن داگیركاری توركیاوە پابەندی نەبێت، پێویستە ڕێوشوێنی نێودەوڵەتیی زیاتر بگیرێتەبەر، بۆ ڕێگری لە توركیا لە پێشێلكردنی لێكتێگەیشتنەكان، ئەمەشمان بە لایەنی ڕوسی گەیاندووە”.

بەپێی وتەی شامی، “هێزەكانی سوریای دیموكرات بە سەرجەم دەقەكانی ڕێككەوتنەكەوە پابەندبووە”.

بەڵام توركیا دەڵێت، هێزەكانی هەسەدە لە ناوچە سنوورییەكان نەكشاوەتەوە، بەپێی ئەوەی لە كۆتاییەكانی 2019 ڕێككەوتنی لەسەر كراوە.

وەك بیانوویەكیش بەر لە چەند هەفتەیەك ئاماژەی بە بۆردومانێكی مووشەكی بۆسەر ناوچەی كركمیش لە غازی عەنتاب كرد و باسی لەوەكرد كە شوێنی هەڵدانی شاری كۆبانێ بووە.

دۆخێكی دژوار
جیمس جیفری، نێردەی پێشووی ئەمریكا بۆ سوریا ئەگەری ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنی سەربازیی توركیای بەدوورنەزانی، هاوشێوەی ئەوەی لە ساڵانی ڕابردوودا ئەنجامیداون و وتی، پێدەچێت ئۆپراسیۆنەكە بۆسەر “باكووری ڕۆژهەڵاتی سوریا،، یان باكووری ڕۆژئاوا و نزیك لە حەلەب بێت، ئەم ناوچەیە سەبارەت بە توركەكان مایەی نیگەرانییە”.

كاربەدەستەكەی پێشووی ئەمریكا پێشبینی ئەوەشكرد هەر جموجوڵێكی ئەنقەرە بۆ هەر ئاراستەیەكی دیاریكراو دەیخاتە دۆخێكی “دژوار”ەوە بەهۆی ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ هێزەكانی ئەمریكا یان ڕوسیا.

جیفری وتی، “هەر جوڵەیەك لە باكووری ڕۆژهەڵاتی سوریا بەرەو ڕۆژهەڵات یان ڕۆژئاوای ئەو ناوچەیەی توركیا لێیە و لە تشرینی یەكەمی 2019ەوە لێی جێگیربووە، وا لە هێزەكانی توركیا دەكات لەگەڵ هێزەكانی ئەمریكادا ڕووبەڕوو ببێتەوە، هەر ئەمەش نا، بەڵكو لەگەڵ هێزەكانی ڕوسیاش كە لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای هێزەكانی توركیا و ئەمەش گرێیەكی دیكەیە”.

جیفری بەدووریشیزانی ئەردۆغان “گڵۆپی سەوزی” لە بایدن-ەوە بۆ هەڵكرابێت لەمیانەی ئەو دیدارەدا كە لە ڕۆژی یەكشەممە لە پەراوێزی كۆبوونەوەی كۆمەڵەی بیست لە ئیتاڵیا ئەنجامیاندا.

هۆكارەكەشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە كە “ویلایەتە یەكگرتووەكان لە باكووری ڕۆژهەڵاتی سوریا بوونی هەیە و ناكرێت واز لە هاوبەشییەكەی لەگەڵ (هەسەدە) بهێنێت، چونكە ئەو هێزە زۆر كاریگەرە دژ بە داعش و ئەندامە تیرۆرستییەكانی كە تائێستا سەرچاوەی هەڕەشەن”.

كۆكردنەوەی هێز
هەفتەی ڕابردوو ئاژانسی بلۆمبێرگ بڵاویكردەوە توركیا سەدان سەربازی دیكەی لە باكووری سوریا بڵاوەپێكردووە، “وەك ئامادەكارییەك بۆ هێرشێكی پێشتر هەڵپەسێردراو بۆسەر شەڕڤانانی كورد”.

ئاژانسەكە لە زاری دوو بەرپرس، كە ناو و ناسنامەیان ئاشكرانەكراوە، دەڵێت، هێرشە پلانبۆداڕێژراوەكە ئامانج لێی داخستنی یەك لەسەر سێی سنووری توركیایە لەگەڵ سوریا، كە درێژییەكەی 910 كیلۆمەترە.

دەشڵێن، ئامانجی توركیا “كۆنتڕۆڵكردنی ناوچەكانی باشووری شاری كۆبانێ-یە، بۆ پێكەوەبەستنی ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای ڕووباری فورات”.

“ئامانجێكی پێشبینیكراوی دیكە، دەستبەسەراگرتنی بنكەی میناگ-ی ئاسمانییە لە نزیك شاری ئەعزاز، كە لەژێر دەسەڵاتی هێزەكانی سوریای دیموكراتدایە و لەوێوە هێرش بۆسەر هێزەكانی توركیا و چەكدارە سورییە هاوپەیمانەكانی ئەنجامدەدەدرێت”، بەرپرسەكان وا دەڵێن.

ڕەزامەندی ڕوسیا
دوێنێ ماڵپەڕی (میدڵ ئیست) دانوستاندنی نێوان ڕوسیا و توركیای لەپێناو هێرشی توركیا بۆسەر ڕۆژئاوای كوردستان و كۆنترۆڵكردنی كۆبانێ لەلایەن توركیاوە ئاشكراكرد و باسی لەوەكرد كە بەرلین لەبەرامبەر هەندێك سازشی ئەنقەرەدا، هێزەكانی یەپەگە لە كۆبانێ دەكشێنێتەوە.

ڕاپۆرتەكە ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە چەند سەرچاوەیەك ئاشكرایانكردووە، توركیا دەیەوێت ڕەزامەندیی ڕوسیا بەدەستبهێنێت بۆ هێرشكردنەسەر كۆبانێ و ئامانجی نەهێشتنی هێزەكانی یەكینەكانی پاراستنی گەل (یەپەگە)یە لەو ناوچەیە.

لە 22ی ئەیلولی ڕابردوو سوپای توركیا و گروپە چەكدارە سورییە هاوپەیمانەكانی، هێرشێكیان بۆسەر گوندی دبس لە “عەین عیسا”ی سەر بە پارێزگای حەسەكە دەستپێكرد، بەمەبەستی داگیركردنی گوندەكە و ڕێگەی نێودەوڵەتیی پارێزگاكە، بەڵام لەلایەن هێزەكانی هەسەدەوە شكست بە هێرشەكە هێنرا.

پێشتر سوپای تورکیا سێ جار ئۆپەراسیۆنی سەربازیی بۆسەر ناوچەکانی ڕۆژئاوای کوردستان ئەنجامداوە، یەکەمیان لەساڵی 2016 بەبیانووی شەڕی داعش، کەتێیدا ناوچەکانی ئەعزاز و جەرابلوسی گرتەوە، هەروەها ئۆپەراسیۆنی دووەم لەساڵی 2018 عەفرینی کردە ئامانج، کۆتا ئۆپەراسیۆنیش سوپای تورکیا و چەکدارانی ئۆپۆزسیۆن لە کۆتایی 2019دا لەناوچەکانی گرێ سپی و سەرێکانی ئەنجامیاندا.

بابەتی پێشتر

ئیریکسن بەناچارییەوە ڕوودەکاتە هۆڵەندا

بابەتی دواتر

ڤاكسینێكی دیكە ڕێگەپێدانی تەندروستیی جیهانی وەرگرت

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

بۆچی ئۆكرانیا؟

ڕوسیا هێرشدەكاتەسەر ئۆكرانیا؟ پاڵنەرەكانی چین و پوتین بیر لە چی دەكاتەوە؟ دەیەوێت لەڕێگەی دۆسیەی ئۆكرانیاوە ئەوروپا و ئەمریكا…
Total
0
Share