كێ براوەیە؟
شەڕی ڕوسیا بۆسەر ئۆكرانیا پێدەنێتە مانگی دووەمیەوە

چین باس لە تاكە سەركەوتووی شەڕەكە دەكات

شەڕی ڕوسیا بۆسەر ئۆكرانیا مانگێكی تێپەڕاند، لەكاتێكدا شەڕی مەیدانی و شار بەشار بەردەوامە، وڵاتانی ڕۆژئاوا هەوڵی زیادكردنی سزاكانیان بۆسەر مۆسكۆ دەدەن، كرملین سوورە لەسەر درێژەدان بە سەركەشییە سەربازییەكە و گەیشتنە كیێڤ، ئەگەرچی سوپاكەی ڕووبەڕووی بەرگرییەكی توندی هێزەكانی ئۆكرانیا دەبێتەوە بە پاڵپشتی ماددی و لۆجیستیی ڕۆژئاوا.

لە 24ی شوباتی ڕابردوو بە ڕاگەیەندراوێكی ڤلادیمێر پوتین شەڕی ڕوسیا بۆسەر ئۆكرانیا دەستیپێكرد، لەماوەی چوار هەفتەی ڕابردوودا شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوە لە شارە سنوورییەكانی ئۆكرانیا بەردەوامە، بەڵام تەنها یەك شار كەوتووەتە دەست سوپای ڕوسیا و ئامانجی سەرەكیی سوپاكەی پوتین بۆ كۆنتڕۆڵكردنی كیێڤ-ی پایتەخت لە بەردەم بەرگرییەكی بەهێز و توندی ئۆكرانییەكاندایە، كە زۆرجار ناچار بە پاشەكشەیان دەكات.

پاشەكشە بۆ 55 كیلۆمەتر
لەگەڵ چوونە ناو هەفتەی پێنجەمی شەڕ، گەورە بەرپرسێكی وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا (پنتاگۆن) دوێنێ چوارشەممە ڕایگەیاند، ئۆكرانییەكان لەماوەی 24 كاتژمێری ڕابردوودا هێزەكانی ڕوسیایان ناچار بە پاشەكشە كردووە بۆ زیاتر لە 30 كیلۆمەتر لە ڕۆژهەڵاتی كیێڤ-ەوە.

بەرپرسەكە كە ناوی ئاشكرانەكراوە دەڵێت، “ئۆكرانییەكان سەركەوتووبوون لە ناچاركردنی ڕوسەكان بۆ كشانەوە تا 55 كیلۆمەتر لە ڕۆژهەڵات و باكووری ڕۆژهەڵاتی كیێڤ” باس لەوەشدەكات، ئەم دۆخە “گۆڕانكاری لە دۆخی مەیدانی دەوروبەری پایتەخت” دەهێنێتە ئاراوە.

تا سێشەممە پنتاگۆن دەیوت هێزەكانی ڕوسیا لەدووری 15 تا 20 كیلۆمەتری ناوەندی شارەكەدان.

بەپێی وتەی بەرپرسەكە “دەبینین خۆیان كۆدەكەنەوە و پێگەی بەرگری دروستدەكەن” ڕوونیشكردەوە، “پرسەكە ئەوەنییە كە ڕوسەكان پێشڕەوی ناكەن، بەڵكو نایانەوێت پێشڕەوی بكەن. ئەوان دەچنە دۆخی بەرگرییەوە”.

ژمارەیەك لە خۆبەخشانی پشتگیری ئۆكرانیا

لە شاری خاركیف-یش لە ڕۆژهەڵاتی ئۆكرانیا، تائێستا شەڕ درێژەی هەیە، هێزەكانی ڕوسیا لە دووری 15 تا 20 كیلۆمەتری ناوەندی شارەكەدا ماونەتەوە و ڕووبەڕووی بەرگرییەكی توندی ئۆكرانییەكان دەبنەوە.

بەپێی وتەی بەرپرسێك لە وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا سوپای ڕوسیا “لەئێستادا، وا دەردەكەوێت، كە ئەركی پێشینەی دابێتە ناوچەكانی لۆگانسك و دۆنیتسك”ی جوداییخوازی سەر بە مۆسكۆ لە ڕۆژهەڵاتی ئۆكرانیا.

وتیشی، “باوەڕمانوایە دەیانەوێت هێزەكانی ئۆكرانیا (كە لە ساڵی 2014وە بەدرێژایی بەرەی بەرامبەر ناوچە جوداییخوازەكان بڵاوەیان پێكراوە) لەوێ بهێڵنەوە، تا نەتوانرێت لە شوێنی دیكە بەكاربهێندرێن”.

بیردیانسك تاكە شارە كە هێزەكانی روسیا توانیویەتی كۆنتڕۆڵی بكات.

ژمارەی كوژراوان
لەسایەی بێدەنگیی میدیایی لەلایەن ڕوسیاوە دەربارەی ژمارەی كوژراوانی لە شەڕەكەی ئۆكرانیا، زانینی قەبارەی ڕاستەقینەی زیانە مرۆییەكانی سوپای ڕوسیا ئەستەمە.

سێ هەفتە تێپەڕیووە بەسەر لێدوانی فەرمی ڕوسیا دەربارەی ژمارەی كوژراوانی، دوای ئەوەی لە سەرەتاكانی ئەم مانگە وەزارەتی بەرگریی ڕوسیا دانی بە كوژرانی 498 سەرباز و برینداربوونی 1500ی دیكەدا نا، كە ژمارەیەكی زۆرە دوای تەنها 10 ڕۆژی شەڕ.

بەڵام ڕەخنەگران لە ناوخۆ و دەرەوەی ڕوسیا پێیانوایە ژمارە فەرمییەكانی حكومەت پێویستە بە گومانەوە سەیربكرێن.

لە بەرامبەردا بەرپرسانی ئەمریكی و ئۆكرانی دەڵێن ڕوسیا 10 یان 20 یان تەنانەت 30 هێندەی ئەو ژمارەیەی ڕایگەیاندووە زیانی پێگەیشتووە. دەشڵێن، زیانەكانی ڕوسیا دەشێت نزیكببێتەوە لە ژمارەی قوربانییانی لە چیچان یان ئەفغانستان.

سێ كۆبوونەوەی لوتكە
لە سەردانێكدا كە بە هەوڵی یەكخستنی ڕۆژئاواییەكان لێكدرایەوە، جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا گەیشتە برۆكسل بۆ ئامادەبوون لە سێ لوتكەی پەیمانی باكووری ئەتڵەسی، كۆمەڵەی حەوت و یەكێتیی ئەوروپا، كە تایبەت دەبێت بە قەیران و شەڕ لە ئۆكرانیا.

پێشتر كۆشكی سپی ڕایگەیاند، بایدن سزای نوێ بەسەر ڕوسیادا دەسەپێنێت، تیایدا كەسایەتیی سیاسی و ئابوری وڵاتەكە دەگرێتەوە جگە لە دوپاتكردنەوەی پشتیوانیی واشنتن و هاوپەیمانەكانی بۆ كیێڤ لە جەنگەكەیدا.

جیك سۆلیڤان، ڕاوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا ڕایگەیاند، سەرانی هاوپەیمانیی ناتۆ تاوتوێی پلانێكی سەربازیی درێژمەودا دەكەن، بۆ پاڵپشتیی ئاسایش و بەرگری. هەروەك بایدن لەگەڵ سەرانی ناتۆ و ئەوروپا تاوتوێی هەڵوێستی چین بەرامبەر شەڕی ئۆكرانیا دەكات.

لە بەرامبەردا وەزارەتی دەرەوەی ڕوسیا ڕایگەیاند، لیستێكی بە باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە مۆسكۆ داوە دەربارەی ژمارەیەك لەو دیپلۆماتە ئەمریكییانەی دەردەكرێن بەهۆی ئەوەی “كەسانێكی نەخوازراون”.

وەزارەتەكە لە ڕاگەیەندراوێكدا ڕوونیكردەوە، دەركردنی دیپلۆماتە ئەمریكییەكان وەڵامدانەوەی دەركردنی 12 دیپلۆماتی ڕوسییە لە نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان لە نیویۆرك و كارمەندێكی ڕوسیا لە ئەمیندارێتیی گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان.

كێ براوەیە؟
شەڕ بەردەوامی هەیە، هێشتا لایەنە ناكۆكەكان لە شەقامی شارە جۆراوجۆرەكان لە ڕووبەڕووبوونەوەدان و لایەنی سەركەوتووی شەڕەكە یەكلانەبووەتەوە، بەڵام چین باس لە تاكە سەركەوتووی شەڕەكەی ئێستا دەكات.

چاو لیجیان، وتەبێژ بەناوی وەزارەتی دەرەوەی چین، پیشەسازیی سەربازیی ئەمریكا بە براوەی شەڕەكە ناودەبات.

چاو لە تویتەردا وێنەیەكی “سێگۆشەی ئاسنینی كۆمەڵگای پیشەسازیی سەربازی” بڵاوكردووەتەوە و ڕوونیدەكاتەوە، كۆنگرێسی ئەمریكا كە لە لوتكەی هەرەمەكەدایە، پاڵپشتیی باج دەداتە وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا (پنتاگۆن)، كە ئەویش لای خۆیەوە واژووی گرێبەستی پاڵپشتیكراو بە باج لەگەڵ گەورە بەڵێندەرانی سەربازی دەكات، ئەوانیش لای خۆیانەوە بەشداردەبن لە هەڵمەتەكانی هەڵبژاردنی ئەندامانی كۆنگرێس.

لە سەروو وێنەكەشەوە نوسیویەتی “تەنها یەك براوەی سەرەكی هەیە لە قەیرانی ئۆكرانیادا: كۆمەڵگای پیشەسازیی سەربازیی ئەمریكا”.

بابەتی پێشتر

تاڵیبان كەسی دووەمی بزوتنەوەكەی كردە سەرۆك وەزیران

بابەتی دواتر

دۆلار دابەزینێكی كەمی بەخۆیەوە بینی

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

نرخی نەوت بەرزبووەوە

بەیانیی ئەمڕۆ نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا بەرزبووەوە. دوای ئەوەی لە دوو رۆژی رابردوودا نرخی نەوت دابەزی، بەیانیی…
Total
0
Share