موقتەدا سەدر: كار لەسەر بەرزكردنەوەی بەهای دینار دەكەین

موقتەدا سەدر

ڕێبەری ڕەوتی سەدر ڕایدەگەیەنێت، چیتر حكومەت و پارتەكان ناتوانن دەست بەسەر پارە و خێروبێردا بگرن بەڵكو بۆ گەل دەبن و دەشڵێت، نەوتی گەل بۆ گەل و كار لەسەر بەرزكردنەوەی بەهای دیناری عێراقی دەكەین.

دوابەدوای بڵاوكردنەوەی ئەنجامە بەراییەكان و دەركەوتنی ڕەوتەكەی وەك براوەی یەكەمی هەڵبژاردن، موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی سەدر وتەیەكی پێشكەشكرد و هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و بردنەوەیانی وەك سەركەوتنی چاكسازی و سەركەوتنی عێراق ناوبرد و وتی، “لەمڕۆوە جێگایەك بۆ گەندەڵ و گەندەڵكاران نابێت”.

وتیشی، “سەرجەم باڵیۆزخانەكان پێشوازیلێكراو دەبن ئەگەر دەستێوەردان لە كاروباری عێراق و پێكهێنانی حكومەتدا نەكەن، بۆ هەر دەستێوەردانێك وەڵامی دیپلۆماسی و ڕەنگی میللیمان هەبێت، عێراق تەنها بۆ عێراقییەكانە و هەرگیز ڕێگە بە دەستێوەردان نادەین”.

سەدر ئاماژەی بە كێشەی بەربڵاوی چەك لە دەست گروپ و لایەنەكاندا كرد و دووپاتیكردەوە، “پێویستە چەك تەنها لەدەست دەوڵەتدا بێت و ڕێگری دەكرێت لە بەكارهێنانی چەك لەدەرەوەی ئەم چێوەیە، كاتی ئەوە هاتووە گەل بە ئاشتی بژی، دوور لە داگیركاری و تیرۆر”.

“لەئێستا بەدواوە، حكومەت و پارتەكان ناتوانن دەستبەسەر پارە و خێروبێردا بگرن بەڵكو بۆ گەل دەبن، نەوتی گەل بۆ گەل و كار لەسەر بەرزكردنەوەی ئاستی دیناری عێراقی دەكەین بۆ ئەوەی بەشێوەی پلەبەند لە ئاست دراوە جیهانییەكاندا بێت” سەدر وای وت.

داواشیكرد ئاهەنگگێران بۆ گەورەترین كوتلە بەبێ دیاردەی چەكداری و بێ بێزاركردنی ئەوانی دیكە بێت.

وتارەكەی سەدر لەكاتێكدا بەپێی ئەنجامە سەرەتاییەكان ڕەوتەكەی زیاتر لە 75 كورسی ئەنجومەنی نوێنەرانی داهاتووی عێراقی بەدەستهێناوە و ڕیزبەندی یەكەمی گرتووە.

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

دوو به‌شه‌ خۆراكى مانگانه‌ له‌ مانگى ڕه‌مه‌زاندا دابه‌ش ده‌كرێت

ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى عێراق كۆبووه‌وه‌ و له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا چه‌ند بڕیارێكیاندا له‌وانه‌ش له‌ مانگى ڕه‌مه‌زاندا دوو به‌شه‌ خۆراك به‌سه‌ر هاوڵاتییان…
Total
0
Share