هێزە ئەمنییەكان 23 هەوڵیان پوچەڵكردوەتەوە
عێراق پلانێك بۆ پاراستنی تاوەرەكانی كارەبا دادەنێت

دەستگیركراوەكان سەر بە داعشن

بەرپرسانی عێراقی ڕایدەگەیەنن، پلانێك بۆ پاراستنی تاوەرەكانی كارەبا لە هێرشەكان داڕێژراوە و وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆش دەڵێت، لە چەند ڕۆژێكی كەمدا 23 هەوڵی تەقاندنەوەی تاوەرەكان پووچەڵكراونەتەوە.

تەلەفزیۆنی فەرمیی عێراق بڵاویكردەوە، چوار كەسی سەر بە داعش لە ناوچەكانی (كەركوك، نەینەوا، سەڵاحەدین و ئەنبار) لەدوای هێرشەكانی ئەمدواییە بۆسەر تاوەرەكانی كارەبا دەستگیركراون، لەنێویشیاندا ئەو هێرشەی كە ڕۆژی هەینی ئەنجامدرا و بووە هۆی بێئاوبوونی ژمارەیەك گەڕەكی بەغداد.

لیوا سەعد معەن، وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ ڕایگەیاند، هێزە ئەمنییەكان هەندێك سەركەوتنیان لە پووچەڵكردنەوەی هێرشەكاندا بەدیهێناوە و وتی، 23 هەوڵی تەقاندنەوەی تاوەرەكانی كارەبا لە چەند ڕۆژی كەمی ڕابردوودا پوچەڵكراونەتەوە.

هەر لەوچێوەیەدا لیوا تەحسین خەفاجی، وتەبێژی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، پلانێك دانراوە بۆ وەستاندنی هێرشی سەر تۆڕەكانی كارەبا.

وتیشی، فەرماندە سەربازییەكان بەرپرسیارێتی پاراستنی هێڵەكانی كارەبا و تاوەرەكانی گواستنەوەی وزەیان لەئەستۆدایە، ئاماژەی بەوەشدا كە لێكۆڵینەوە لەهەر شكستێك لەو ڕووەوە دەكرێت و بەرپرسان دەكەونە بەردەم لێپرسینەوە.

خەفاجی ئەوەشی خستەڕوو كە سەرجەم ئەو هێرشبەرانەی دەستگیركراون “پەیوەندییان بە ڕێكخراوی داعشی تیرۆرستییەوە هەیە” و هێزەكانیان هەوڵدەدەن بزانن “كێ زانیارییان لەبارەی تۆڕەكانی كارەباوە پێدەدات و كێ پشتیوانییان دەكات”.

لە بەرامبەردا خەتار ئەبودیاب، مامۆستای زانستە سیاسییەكان لە زانكۆی پاریس دەڵێت، بەرپرسانی عێراقی حەز بەوەدەكەن تۆمەتەكە بخەنە ئەستۆی ڕێكخراوی داعش لە زۆرێك لە كێشەكاندا.

لە لێدوانێكدا بۆ دەنگی ئەمریكا ئەوەشی وت، گرفتی كارەبا نوێ نییە، هێزی جیاجیا دەیانەوێت ئەو پلانەی میسر، ئوردون و عێراق بوەستێنن، كە تایبەتە بە پێكەوەبەستنی كارەبای نێوان هەرسێ وڵات.

لەماوەی كەمتر لە هەفتەیەكی سەرەتای ئەم مانگەدا زیاتر لە 25 تاوەری كارەبا لە پارێزگاكانی كەركوك، موسڵ و سەڵاحەدین تەقێنراونەتەوە.

هێرشی سەر تاوەرەكان لەكاتێكدایە، ئێرانیش بڕیاریداوە چیتر وزەی كارەبا بۆ عێراق نەنێرێت و پێداویستییە ناوخۆییەكانی پێپڕبكاتەوە.

بەپێی دوایین داتاكانی وەزارەتی ناوخۆی عێراق لەماوەی حەوت مانگی ڕابردوودا 160 تاوەری كارەبا لە چەند پارێزگایەك تەقێندراونەتەوە.

س: ئەلحوڕە

بابەتی پێشتر

تەقینەوەی تەنکەرێکی سوتەمەنی لە لوبنان دەیان قوربانیی لێکەوتەوە

بابەتی دواتر

 ترس لە سەرهەڵدانی گۆڕاوی دیكەی كۆرۆنا و ئەگەری گەڕانەوە بۆ سەرەتا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share