ئێران بڕیاری دەستپێكردنەوەی وتووێژە ئەتۆمییەكانی ڤیەننا ئاشكرادەكات

سەعید خەتیب زادە، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران

وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایدەگەیەنێت، وڵاتەكەی بڕیاریداوە درێژە بە دانوستاندنەكانی ڤیەننا لەگەڵ وڵاتانی 4+1 بدات.

سەعید خەتیب زادە، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، بڕیارەكە پاش كۆتاییهاتنی قۆناغی یەكەمی چاوخشاندنەوە بووە بە وتووێژەكان.

ئاماژەی بەوەشكرد، قۆناغی دووەمی چاوخشاندنەوە بە دانوستانە ئەتۆمییەكان “لە ئایندەیەكی نزیكدا دەگاتە ئەنجام”، ڕوونیشكردەوە ڕاستەوخۆ دوای كۆتاییهاتنی ڕێڕەوی سەرلەنوێ چاوخشاندنەوە بە وتووێژەكانی ڕابردوو، دانوستانەكان دەستپێدەكەنەوە.

بڕیارە حكومەتی نوێی ئێران چاوخشاندنەوە بە شەش گەڕی وتوێژەكاندا بكات كە پێشتر ئەنجامدراون.

“وادەی دیاریكراو بۆ دەستپێكردنی گەڕی نوێی وتووێژەكان كەمتر دەبێت لەوەی تیمی سەرۆكی ئەمریكا پێویستی دەبێت” بۆ گەڕانەوە بۆ دانوستانەكان لە ڤیەننا (واتە 90 ڕۆژ)، وەك ئەوەی خەتیب زادە ئاماژەی پێدا.

كۆمەڵەی 4+1 كە ئێران وتووێژیان لەگەڵ دەكات بریتین لە هەریەك لە (ڕوسیا، چین، فەرەنسا، بەریتانیا و ئەڵمانیا).

ئێوارەی دوێنێش حسێن ئەمیر عەبدللاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران ئومێدی وڵاتەكەی نیشاندا بەوەی وتووێژەكان دەربارەی زیندووكردنەوەی ڕێككەوتنی ئەتۆمی واژووكراوی ساڵی 2015 لەگەڵ گەورە وڵاتان بگاتە ئەنجام، بەو مەرجەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا پابەندییەكانی دەستپێبكاتەوە.

ئەو ڕێككەوتنەی سزاكانی سەر ئێرانی كەمكردەوە لەبەرامبەر سنووردانان بۆ بەرنامەی ئەتۆمییەكەی، لە ساڵی 2018ەوە بەنزیكەیی پەكخراوە دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەوكاتی ئەمریكا كشانەوەی یەكلایەنەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ڕاگەیاند و سەرلەنوێ سەپاندنی سزای قورسی بەسەر تاراندا دەستپێكردەوە.

س: ئەلعەرەبییە

بابەتی پێشتر

خەڵاتەكانی نۆبڵ.. چۆن دەدرێن و بەها داراییەكانیان چەندە؟

بابەتی دواتر

سوپای عێراق بۆ هاوڵاتییان: سبەی گوێتان لە دەنگی فڕۆكەكانمان دەبێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share