دەنگدانی تایبەت كۆتاییهات

بنكەكانی دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەران، لە تەواوی عێراق و هەرێمی كوردستان داخران و كۆمسیۆنیش ماوەكەی درێژنەكردەوە.

كەمێك لەمەوبەر بنكەكانی دەنگدان لەسەرانسەری عێراق داخران كە نزیكەی یەك ملیۆن و 200 هەزار دەنگدەر مافی بەشداریكردنیان هەبوو.

كۆمسیۆن بەفەرمی ڕێژەی بەشداریكردنی دەنگدەرانی بڵاونەكردووەتەوە، كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانیش دووپاتیان كردووەتەوە، “ئامێرەکانی دەنگدان بەشێوەیەکی ئەلکترۆنی کاردەکەن و لە کاتژمێر 7:00ی بەیانی دەکەونەکار و لە کاتژمێر 6:00ی ئێوارە لەكاركردن دەوەستن”، بەو مانایەی وەستانی ئامێرەکان بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکییە، بۆیە هیچ کەسێک لەدوای کاتژمێر 6:00ی ئیوارەوە ناتوانێت دەنگبدات”.

كۆمسیۆن جەختی لەوەشكردبووەوە ڕاگەیاندنی ئەنجامەكانی دەنگدانی تایبەت لەگەڵ ئەنجامەکانی دەنگدانی گشتی و دوای 24 كاتژمێر لە پرۆسەی دەنگدانی گشتی پێكەوە ئاشكرادەكرێن.

پێشتریش جومانە غەلای، وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، لەبارەی دەنگدانی تایبەتەوە، بە تۆڕی میدیایی ئێستای وتبوو، ئەوانەی كە بەشداریی دەنگدانی تایبەت دەكەن پێكهاتوون لە هێزە ئەمنی و سەربازییەكان، ئاوارەكان و هەروەها زیندانییەكان.

غەلای ژمارەكانی بۆ ئێستا ئاشكراشیكرد، زیاتر لە یەك ملیۆن و 196 هەزار كەس مافی دەنگدانی تایبەتیان هەیە، بەسەر دوو هەزار و 86 بنكەی دەنگدان لەسەرانسەری عێراقدا دابەشكرابوون.

وتەبێژەكەی كۆمسیۆن پۆلێنی دەنگدەرانی تایبەت و بنكەكانی دەنگدانی بەمشێوەیە بۆ ئێستا ڕوونكردەوە:

یەك ملیۆن و 75 هەزار و 727 دەنگدەری سوپا و هێزە چەكداری و ئەمنییەكان مافی بەشدارییان هەبووە و 559 بنكەی دەنگدانیان بۆ كرابووەوە. (ئەو ژمارەیە هەرێمی كوردستانیش دەگرێتەوە).

هەروەها لەكۆی 27 كامپی ئاوارە، كە 16یان لە دهۆك و شەش لە هەولێر و چوار لە سلێمانی و ئەوەی دیكەشیان لە نەینەوایە، 120 هەزار و 28 كەس مافی بەشداریكردنیان لە دەنگدانی تایبەت هەبووە، لەلایەن كۆمسیۆنەوە 89 بنكەی دەنگدان بۆ ئاوارەكان كراوەتەوە.

ژمارەی ئەو زیندانییانەشی كە مافی بەشداریكردنیان لەدەنگدان هەبوو، 617 زیندانی بوون كە ماوەی سزادانەكەیان تاوەكو پێنج ساڵە، ئەوانیش بەسەر شەش بنكەی دەنگداندا دابەشكرابوون.

ئەو دەنگدانە تایبەتەی ئەمڕۆ، لە چێوەی پرۆسەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق بوو، كە بڕیارە ڕۆژی یەكشەممە دەنگدانە گشتییەكەی لە تەواوی عێراق و هەرێمی كوردستان بەڕێوەبچێت.

هەڵبژاردنی ئەمجارە، بۆ خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقە.

بابەتی پێشتر

پەرلەمانی توركیا بۆ زیادنەكردنی زمانی كوردی، ئینگلیزیشی سڕییەوە

بابەتی دواتر

کازمی لەبارەی دەنگدانی تایبەتەوە: هەنگاو بوو بە ئاراستەی گۆڕانکاری

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

پەیامێك لە قوباد تاڵەبانی-یەوە

قوباد تاڵەبانی رایدەگەیەنێت، هەموو خەڵکی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە داوای خزمەتگوزاریی و خۆشگوزەرانیی دەکەن. رێککەوتنی نێوان هەرێم و…
Total
0
Share