ئەڵمانیا و دانیمارك یازدە ژنی داعش و 37 منداڵ دەگەڕێننەوە

یەكێك لە ژنە جیهادییەكان لەگەڵ دوو لە منداڵەكانی لەكاتی گەیشتنی بە فڕۆكەخانەی فڕانكفۆرت

لە سوریاوە هەشت ژنی ئەڵمانی لەوانەی پێشتر چوونەتە پاڵ ڕێكخراوی داعش لەگەڵ 23 منداڵیاندا بۆ ئەڵمانیا گەڕێندرانەوە، كە بە گەورەترین پرۆسەی لەو جۆرە دادەنرێت، دانیماركیش سێ ژن و 14 منداڵی لە خێزانە جیهادییەكان گەڕاندووەتەوە.

هایكۆ ماس، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ئەمڕۆ هەواڵەكەی دووپاتكردەوە و بە گەورەترین پرۆسەی لەو جۆرەی وڵاتەكەی لە ساڵی 2019ەوە ناوبرد.

ماس وتی، “منداڵان بەرپرسنین لەو دۆخەی تیایدان، دایكان لەبەردەم دادگادا لێپێچینەوەیان لەگەڵ دەكرێت لەبەرامبەر ئەو كارانەی كردوویانن، ژمارەیەكی زۆریان بەندكراون دوای گەیشتنیان بە ئەڵمانیا”.

گەڕاندنەوەی ئەو ژن و منداڵە ئەڵمانییانە بە پشتیوانیی لۆجستیی سوپای ئەمریكا بووە، لەمیانەی هەمان هەوڵدا دانیماركیش سێ ژن و 14 منداڵی لە خێزانە جیهادییەكان گەڕاندووەتەوە.

بەپێی وەزیرە ئەڵمانییەكە، منداڵەكان لەژێر ناوی (ئەوانەی پێویستییان بە پارێزگاریی تایبەت هەیە) ڕیزبەندكراون.

تیمێكی وەزارەتی دەرەوە و پۆلیسی ئەڵمانی بەیانیی دوێنێ چوارشەممە بە فڕۆكەیەكی ئەمریكی گەیشتووەتە باكووری ڕۆژهەڵاتی سوریا و منداڵ و ژنەكانی بەهەمان فڕۆكە گەیاندووەتە كوەیت، دواتریش بە فڕۆكەیەكی دیكە كۆمەڵەكە لە ئێوارەی دوێنێ گەیەندراونەتە فڕانكفۆرت.

بەپێی سایتی شپیگل ئۆنلاین، تەمەنی ژنەكان لەنێوان 30 بۆ 38 ساڵاندایە و خەڵكی ناوچە جیاوازەكانی وڵاتەكەن.

لەدوای شكستهێنان بە داعش لە ئازاری 2019، كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەبەردەم گرفتی گەڕاندنەوەی خێزانە جیهادییە بیانییەكاندایە كە بەشێكی زۆریان لە ڕۆژئاوای كوردستان لەژێر دەستی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) دەستبەسەرن.

لە كانونی یەكەمی 2020یش ئەڵمانیا بە هاوبەشیی فینلەندا پێنج ژن و 18 منداڵی گەڕاندەوە و زۆرێك لەوانە خرانە بەردەم دادگای ئەڵمانیا بەهۆی گومانلێكردنیان بە ئەنجامدانی چالاكیی تیرۆرستانە و تۆمەتی دیكە.

بەپێی ئەو ژمارانەی ڕێكخراوی هیومان ڕایتس وۆچ لە ئازاری ڕابردوودا بڵاویكردوونەتەوە، نزیكەی 43 هەزار بیانی، كە 27 هەزار و 500 نەوجەوانیان تیادان لەژێر دەستی هێزەكانی هەسەدە لە ڕۆژئاوای كوردستان دەستبەسەرن، لەنێویاندا پیاوانی ڕاگیراو لە بەندیخانەكان و ژنان و منداڵانی نێو كەمپەكان هەن.

س: DW

بابەتی پێشتر

ڕەگەزنامە و كارتی دەنگدانیان بۆ دروستكراوە.. هێزەكانی ڕۆژ و حسێن یەزدان پەنا بەشداریی هەڵبژاردن دەكەن

بابەتی دواتر

بەهۆی خۆڤاكسیننەكردن شاجوانی هۆڵەندا لە كێبڕكێی شاجوانی جیهان كشایەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share