ڕۆژنامەی “نیویۆرك تایمز” ئاشكرایكرد، ئاژانسی هەواڵگریی ئەمریكا سی ئای ئەی نیگەرانە لەوەی ژمارەیەكی زۆری سیخوڕەكانی لە وڵاتان لەدەستداوە، ئەوەش لەڕێگەی كوشتن و هەڵگەڕاندنەوە و دەستبەسەركردنیانەوە.
بەپێی ڕاپۆرتێكی ڕۆژنامەكە، گەورە كاربەدەستانی سی ئای ئەی نامەیەكی نهێنیی نائاساییان بۆ گشت نووسینگە و بنكەكانی سی ئای ئەی لە وڵاتان ناردووە، هۆشدارییانداوە لە زیادبوونی نیگەرانكەری حاڵەتەكانی تیرۆركردن و دەستبەسەركردنی سیخوڕەكانی سی ئای ئەی لە وڵاتان و زۆرجار ناچاركردنی سیخوڕەكان بەوەی ببن بە سیخوڕی ئەو وڵاتانە.
“نیویۆرك تایمز” باس لەوە دەكات “لە نامەكەدا ژمارەی ئەو سیخوڕانەش ئاشكراكراوە، كە تیرۆركراون لەكاتێكدا ئەو بابەتە لەو جۆرە نامانەدا ناخرێتەڕوو”.
ڕۆژنامەكە بڵاویكردووەتەوە، هێشتا نازانرێت ئەو سیخوڕانەی ئەمریكا كە وڵاتانی تر كردوویانن بە سیخوڕی خۆیان ژمارەیان چەندە؟ بەڵام ئەوە باسكراوە كە لەم ساڵانەی دواییدا چەندین وڵات دەستیانكردووە بە هەڵمەتێكی چڕی بەكارهێنانی سیخوڕەكانی ئەمریكا و كردنیان بە سیخوڕی دووسەرە، لەوانە ڕوسیا و چین و ئێران و پاكستان.
نامەكە ئەوەی خستووەتەڕوو كە وڵاتان تەكنیكی بەهێز بەكاردەهێنن بۆ ئاشكراكردنی سیخوڕەكانی ئەمریكا وەك تەكنەلۆجیای نوێ و سیستمی بایۆمەتری و پرۆگرامی ناسینەوەی دەموچاو و زیرەكیی دەستكرد و هاككردن.
ڕۆژنامە ئەمریكییەكە لەزاری چەند بەرپرسێكی پێشووی سی ئای ئەیەوە ئاشكرایكردووە، هاككردنی سیستمی پەیوەندییە نهێنییەكانی سی ئای ئەی، بووەتەهۆی خستنی چەندین تۆڕی سیخوڕانی ئەمریكا لە چین و ئێران و لەسێدارەدانی هەندێك لە سیخوڕەكان، بۆیە بەشێكیان لە وڵاتەكانیان بروانەتە دەرەوە و لە وڵاتانی تردا نیشتەجێكراون.
لەماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا، سی ئای ئەی گرنگییەكی زۆری داوە بە مەترسییەكانی تیرۆر و ململانێكان لە عێراق و ئەفغانستان و سوریا، بەڵام سەرباری ئەوەش باشكردنی شێوازەكانی كۆكردنەوەی زانیاری، ئێستا بووەتە پرسێكی سەرەكی لە ئەجێنداكانی ئەمریكادا، چونكە سیاسەتمەدارەكان داوا لە سیخوڕ و كاربەدەستانی ئاژانسی هەواڵگری دەكەن زانیاریی زیاتریان لەناو چین و ڕوسیاوە پێبدەن، وەك ڕۆژنامەكە ئاشكرایكردووە.