ڕاوێژكارێكی سەرۆك كۆمار ڕایدەگەیەنێت، وتووێژ لەنێوان بەرهەم ساڵح و مستەفا كازمی لەئارادایە بۆ ئەوەی ژمارەیەكی زۆری سزادراوان یاسای “لێبوردنی گشتی” بیانگرێتەوە.
مونیف شمەری، ڕاوێژكاری سەرۆك كۆماری عێراق ڕایگەیاند، یاسای لێبوردنی تایبەت كە لە بڕگەی یەكەمی ماددەی 73-ی دەستوور ئاماژەی پێكراوە، تەواوی دەسەڵاتی پێشنیازی داوەتە سەرۆك وەزیران بە ڕەزامەندیی سەرۆك كۆمار.
ئاژانسی هەواڵی عێراق لەزاری شمەری وتیشی، “سەرۆك كۆمار گرنگی بە لێبوردنی تایبەت دەدات بەجۆرێك یاسای لێبوردن بەپێی ڕێوشوێنە دیاریكراوەكان سزادراوان بگرێتەوە كە تەواوكردنی نیوەی سزاكەی یان یەك لەسەر سێی دەگرێتەوە وەك مەرجی ئازادكردن”.
مەرجەكان سزادراوانی نەوجەوان و ژنان ناگرێتەوە، ئەوان ڕاستەوخۆ ئازاددەكرێن جگە لەوانەی تۆمەتبارن بە گەندەڵیی كارگێڕی و دارایی و تیرۆر و تاوانە نێودەوڵەتییەكان.
شمەری دووپاتیشیكردەوە، ئاڵوگۆڕی بیروڕا لەئارادایە بۆ ئەوەی یاسای لێبوردن زۆرترین ژمارەی سزادراوان بگرێتەوە، سەرەڕای بوونی پەیوەندی لەگەڵ كازمی لەمبارەیەوە.
لە دانیشتنی ڕۆژی 30ی ئەیلولی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقدا، مستەفا كازمی ڕێنوێنی دەركردنی لێبوردنی تایبەتی بۆ نەوجەوان و ژنان كرد، بەهەڵاوێردكردنی پرسەكانی تیرۆر، گەندەڵی و بەكارهێنانی دارایی گشتی.