لەكاركەوتنەكەی فەیسبووك لەڕووی تەكنیكی، دارایی و یاساییەوە

كۆمپانیای فەیسبووك و فەرمانبەرە باڵاكانی ڕەتیدەكەنەوە لەكاركەوتنی چەند كاتژمێریی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكە هێرشی ئەلیكترۆنی بووبێت، بەڵكو كێشەیەكی تەكنیكی بووە.

دوێنێ تۆری كۆمەڵایەتیی فەیسبووك، ئینستگرام و وەتسئەپ بەیەكەوە لەكاركەوتن، لەكاركەوتنەكە بۆ ماوەیەكی كاتی بوو و دواتر خزمەتگوزارییەكە گەڕایەوە.

لەكاركەوتنە كاتییەكە لێكدانەوەی زۆری بۆ كرا، هەر زوو باس لە هێرشی ئەلیكترۆنی كرا، بەڵام كۆمپانیای فەیسبووك دوای كاراكردنەوەی خزمەتگوزارییەكان، ڕایگەیاند، “هەندێك هەمواری هەڵە لە (ڕێكخستن – setting )ی ئامێرە سەرەكییەكانی ئاراستەكردن (ڕاوتەر) كە جووڵەی نێوان سەنتەرەكانی داتاكان ڕێكدەخات، بوونەتە هۆی دروستكردنی كێشە و وەستانی خزمەتگەزارییەكان و پچڕانی پەیوەندیی نێوان بەكارهێنەران و ئەوپلاتفۆڕمانە”.

كێشەكە نزیكەی 3.5 ملیار كەسی لە تەواوی جیهاندا لە خزمەتگوزارییەكانی فەیسبووك، ئینستگرام و وەتسئەپ بێبەشكرد، بۆیە فەیسبووك داوای لێبووردنی لە بەكارهێنەران كرد لە خەڵك و كۆمپانیاكان.

لەكاركەوتنە چەند كاتژمێرییەكە زیانی بە پشكەكانی كۆمپانیاكە گەیاند و نزیكەی 5%ی پشكەكانی فەیسبووك لە بازاڕی جیهانیدا دابەزی، كە گەورەترین دابەزینە لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ڕابردووەوە تووشی دەبێت، بەڵام دوای گەڕانەوەی خزمەتگوزارییەكان، پشكەكانی كۆمپانیاكە نزیكەی 0.5 پۆینت بەرزبووەوە.

هەروەها پشكەكانی خودی مارك زوكەربێرگ دامەزرێنەری پلاتفۆڕمەكە 6% دابەزی و لە پلەی پێنجەمی دەوڵەمەندترینەكانی جیهانەوە هاتە پلەی شەشەم.

بەپێی ماڵپەڕی (Fortune)، داهاتی لەدەستدراوی فەیسبووك لەو چەند كاتژمێرەی ڕابردوودا گەیشتووەتە نزیكەی 99.75 ملیۆن دۆلار، ئەگەر ڕێژەی قازانجی كۆمپانیاكە لە نیوەی دووەمی ئەمساڵ بەراورد بكرێت بە كاتژمێرەكانی لەكاركەوتنی كۆمپانیاكە، بەو پێیەی لە نیوەی دووەمی ئەمساڵدا فەیسبووك هەر كاتژمێرێك نزیكەی 13.3 ملیۆن دۆلار داهاتی هەبووە.

بەڵام ماڵپەڕی (Fortune) پێی وایە، ئەگەر ئەو لەدەستدانە بۆ كۆمپانیایەكی دیكە ببێتە هۆی كێشەیەكی گەورە، پێناچێت بۆ فەیسبووك گرفتێكی ئەوەندە گەورە بێت، دڵۆپێكە لە دەریایەك و وەبەرهێنەران بەهەندی وەرناگرن”.

لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا ئەوە دووەم لێدانە بەر فەیسبووك بكەوێت، بەو پێیەی ڕۆژی یەكشەممەی ڕابردووش ژنەكارمەندێكی پێشووی فەیسبووك چەند نهێنییەكی كۆمپانیاكەی ئاشكراكرد، بەوەی بەكارهێنەرانی بەلاوە گرنگ نییە و هیچ ڕێگرییەكی ئەوتۆ ناكات بەرامبەر گوتارە ڕقاوی و توندەكان.

ژنە فەرمانبەرەكە ناوی “فرانسیس هاوگن”ــە، كاریگەرییەكانی فەیسبووكی لەسەر خەڵك و بەتایبەت گەنجان بە “ژەهراوی” ناوبرد، نەك هەر ئەوە، بەڵكو باسیشی لە كاریگەرییە خراپەكانی ئینستگرامی كرد (كە خاوەندارێتییەكەی دەگەڕێتەوە بۆ فەیسبووك) و وتی، بەرپرسانی ئەو دوو پلاتفۆڕمە درك بەو كاریگەرییانە دەكەن، بەڵام لەبەر قازانجی دارایی هیچ هەنگاوێك نانێن.

چەند سیناتۆرێكی ئەمریكیش كاردەكەن بۆ ئەوەی دۆسیەیەك لەبارەی قسەكانی ئەو فەرمانبەرە ژنەوە بجوڵێنن و شایەتیی لێوەربگرن.

بابەتی پێشتر

ئایا ئەم منداڵە هۆکاری ڕاگرتنی فەیسبووک بوو؟

بابەتی دواتر

سی ژنە مۆسیقاژەنی ئەفغانی دەبرێنە دەرەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share