لە مانگی ڕابردوودا سێ حاڵەتی كوشتن لە كەمپی هۆل ڕوویانداوە و ئەمەش بە كەمبوونەوەی حاڵەتەكانی تاوان لە كەمپەكەدا دادەنرێت.
ڕوانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ ڕایگەیاند، قوربانییەكانی سێ تاوانەكەی ئەمدواییە پیاوێك و دوو ژنی بەڕەگەز عێراقی بوون كە لە هەردوو بەشی یەكەم و شەشەمی كەمپی هۆل بوون.
دوای ئەو ڕووداوانە، كۆی تاوانەكانی ناو كەمپەكە لە سەرەتای ئەمساڵەوە گەیشتوونەتە 70 حاڵەت.
زیادبوونی ژمارەی حاڵەتەكانی كوشتن لە كەمپەكەدا لەماوەی ئەمساڵدا دەگەڕێتەوە بۆ زیادبوونی بیری توندڕەوی و هەوڵی سەپاندنی ئایدۆلۆجیای داعش لە كەمپەكەدا كە خێزانی چەكدارەكانی ڕێكخراوەكە لەخۆدەگرێت، وەك ئەوەی لە ڕاپۆرتێكی ئاژانسی فرانس پرێسدا هاتووە.
دۆخی دژواری كەمپەكە كە لەژێر دەستی شەڕڤانانی هێزەكانی سوریای دیموكراتدایە، هاوكاتە لەگەڵ هەوڵەكان بۆ گێرانەوەی دەیان خێزان بۆ كۆمەڵگاكانیان و هەوڵی دووبارە تێكەڵاوكردنەوەیان.
بەپێی ڕوانگەی سوریا لە مانگی ڕابردوودا 92 خێزان كە نزیكەی 324 ئەندام لەخۆدەگرێت بەرەو پارێزگای ڕەققە گوازراونەتەوە لەچێوەی دەستپێشخەریی ئەنجومەنی سوریای دیموكرات بۆ چۆڵكردنی كەمپەكە لە سورییەكان، بەوەش لە سەرەتای ئەمساڵەوە 644 خێزانی سوری لە كەمپەكە كراونەتە دەرەوە.
هەر لە مانگی ڕابردوودا 100 خێزانی عێراقی كەمپەكەیان بەجێهێشت دوای هەماهەنگیی نێوان هێزەكانی هەسەدە و وەفدێكی حكومەتی عێراق و بڕیاریشە هەفتەی داهاتوو 100 خێزانی دیكە بگوازرێنەوە.
لە كەمپەكەدا، كە ڕووبەرەكەی 736 فندانە، نزیكەی 70 هەزار كەس دەژین كە زۆرینەیان ژنان و منداڵانن، زۆرینەی ئەوانە بەهۆی جەنگ لە سوریا و شەڕەكانی بەرامبەر داعش هەڵهاتوون.
نیشتەجێبووانی كەمپەكە خەڵكی نزیكەی 60 وڵاتیان تیایە، بەڵام زۆرینەیان عێراقین، وەك ئەوەی ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویكردووەتەوە.