فیلمی ئەزموون خەڵاتێكی نێودەوڵەتی بردەوە

شەوکەت ئەمین کورکی

فیلمی سینەمایی (ئەزموون) لە دەرهێنانی سینەماکاری کورد شەوکەت ئەمین کورکی، خەڵاتی باشترین سیناریۆی لە به‌شی پێشبڕکێی سه‌ره‌کیی 19یەمین خولی فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تیی فیلمی تیرانا له ئەلبانیا به‌ده‌ستهێنا.

فیلمەكە چواره‌مین فیلمی درێژی ئەو سینەماكارە كوردەیە و لە بەرهەمهێنانی مەمەد ئەکتاش-ە، بەرهەمی هاوبەشی هەرێمی کوردستان، ئەڵمانیا و قەتەرە.

(ئەزموون- The Exam) له دووه‌مین به‌شداریی نێوده‌وڵه‌تی خۆیدا لە به‌شی پێشبڕکێی سه‌ره‌کی 19یەمین خولی فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تیی فیلمی تیرانا نمایشکرا و ئه‌ندامانی لیژنه‌ی دادوه‌رانی ئه‌م ڕووداوه سینه‌ماییه‌ باوه‌ڕپێکراوەی ئەکادیمیای ئۆسکار، خەڵاتی باشترین سیناریۆی ئه‌م به‌شه‌یان پێشکه‌ش به شەوکەت ئەمین کورکی و محەمەد ڕەزا گەوهەری، نووسه‌رانی سیناریۆی فیلمەکە کرد.

فیلمە سینەماییەكە بەرهەمی کۆمپانیای میتوس فیلمی بەرلین و کۆمپانیای مەستی فیلمە، که بە پاڵپشتی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکومه‌تی هەرێمی کوردستان به‌رهه‌مهاتووه و، لەلایەن کۆمپانیای نێودەوڵەتیی ئەڵمانی ئاڕت هوود لە ئاستی جیهاندا بڵاودەبێتەوە.

فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی (تیرانا) گه‌وره‌ترین ڕووداوی سینه‌مایی ناوچه‌ی باڵکانە، خولی ئەمساڵی فێستیڤاڵەكە به دروشمی (جیاواز بیربکه‌نه‌وه و یه‌کسان سه‌یربکه‌ن) له چه‌ندین به‌شی پێشبڕکێی فیلم پێکهاتبوو، له ڕۆژانی 24 تا 30ی ئەیلولی ئەمساڵ له شاری تیرانای پایته‌ختی ئەلبانیا به‌ڕێوه‌چوو.

 

بابەتی پێشتر

پرۆسەی ماندێلا.. دوایین پڕۆژەی مام جەلال

بابەتی دواتر

بەهۆی برسێتییەوە هۆشداری لە دۆخی منداڵانی ئەفغانستان دەدرێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share