گۆڕان: سەرخستنی هاوپەیمانی كوردستان ئەركە بۆ ئاسوودەکردنی ڕۆحی مام جه‌لال و کاک نه‌وشیروان

گۆڕان: مام جەلال دیپلۆماسیەت و گفتوگۆی‌ ‌ئاشتیانەی له‌گه‌ڵ به‌رگری‌ و شۆڕش ئاوێته‌ كردبوو

بزوتنەوەی گۆڕان بۆ ساڵیادى کۆچى دواى مام جەلال ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە، كاریگەریی نەرێنیی ئامادەنەبوونی “ئەم سەركردە گەورەیە” لەسەر ڕووداوە سیاسییەکانی‌‌ عێراق و ھەرێم كوردستان دووپاتدەكاتەوە، خەباتی نەپساوەی مام جه‌لال و کاک نه‌وشیروان ‌بەبیردەھێننەوە و سەرخستنی هاوپەیمانی كوردستان بۆ ئاسوودەکردنی ڕۆحیان بە بەرپرسیارێتیی هاوبەشی یەكێتی و گۆڕان وەسفدەكات.

دەقی ڕاگەیەندراوەكەی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ ساڵیادی کۆچی دوایی مام جەلال:

‎چوار ساڵ به‌سه‌ر كۆچی‌ دوایی مام جه‌لال، سه‌رۆك كۆماری‌ پێشووتری‌ عێراق و سكرتێری‌ گشتیی‌ یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان تێده‌په‌ڕێت، ‌ئاماده‌نه‌بوونی ئەم سەرکردە گەورەیە کاریگەریی نەرێنی زۆری لەسەر ڕووداوە سیاسییەکانی‌‌ عێراق و ھەرێم كوردستان دروستکرد‌.

‎كه‌سێتیی‌ مام جەلال‌ فره‌ڕه‌هه‌ند و تێكه‌ڵه‌یه‌ك بوو‌ له‌ ئه‌زموونی‌ خه‌بات و شاره‌زایی‌ و قووڵبوونه‌وه‌ له‌ سیاسه‌تی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ و هه‌رێمایه‌تییه‌كان، كه‌‌ بنه‌ما فیكرییه‌کانی كردبووە ئامرازی‌ شۆڕش و خۆڕاگریی نەتەوەیی‌.

‎مام جەلال‌ له‌ هونه‌ری‌ گفتوگۆ و دانوستان، له‌ بڕواهێنان به‌ دۆست و دوژمن پەیوەندیدا‌ر بە‌ دۆزی ڕەوای گه‌لی‌ كورد ڕۆڵی دیار و بەرچاوی ھەبووە، دیپلۆماسیەت و گفتوگۆی‌ ‌ئاشتیانەی له‌گه‌ڵ به‌رگری‌ و شۆڕش ئاوێته‌ كردبوو.

‎لەم یادە ماتەمەدا، بیرەوەری و خەباتی نەپساوەی مام جه‌لال و کاک نه‌وشیروان ‌بەبیردەھێنینەوە، کە لە‌ زۆر وێستگه‌ی‌ دژواردا ته‌واوكه‌ری‌ یه‌كتر بوون بۆ تێپه‌ڕاندنی‌ قه‌یرانه‌ ئاڵۆزه‌كان و مەترسییەکانی سەر نەتەوەکەمان، مه‌خابن مه‌رگ ڕێگه‌ی‌ پێنه‌دان پڕۆژه‌ی‌ یه‌كخستنی‌ گوتاری کوردی لەبەغدا و چاكسازیی‌ گشتگیر لە ھەرێم‌ بگه‌یه‌ننه‌ دوا وێستگه‌ی‌ كۆتایی.

‎ئێستا (ھاوپەیمانی کوردستان) ‌کە بەرھەمی ڕێککەوتنی سیاسیی بزوتنەوەی گۆڕان و یه‌كێتی‌ نیشتمانی کوردستانە بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ھەنگاوێکی کرداریی پێویستە بۆ ھێنانەدیی ئامانجە نەتەوەییەکان و بەیەکەوە کارکردن بۆ بەھێزکردنەوەی پێگەی کورد لە بەغدا، ھەربۆیە سەرکەوتنی ئەو ھاوپەیمانێتیە و کاندیدەکانی بەرپرسیارێتی ھاوبەشی ھەردوولا و ئەرکێکە بۆ ئاسوودەکردنی ڕۆحی مام جەلال و کاک نەوشیروان.

3/10/2021

بابەتی پێشتر

دەنگدان و دیارترین كێبڕكێكاران<br> هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە ژمارە

بابەتی دواتر

سکوید گەیم.. ئەو درامایەی وەك پەتا بڵاوبووەوە و ڕیزبەندیی یەكەمی نێتفلێكسی گرتووە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share