دەنگدان و دیارترین كێبڕكێكاران
هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە ژمارە

بڕیارە یەكشەممەی داهاتوو هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ دیاریكردنی 329 پەرلەمانتاری خولی پێنجەم ئەنجامبدرێت.

بڕیاردان لەسەر هەڵبژاردنەكە بۆ هێوركردنەوەی توڕەییەكانی شەقام بوو پاش خۆپیشاندانەكانی تشرینی یەكەمی 2019 و دواتر، كە دژی گەندەڵی و بۆ داواكردنی هەلی كار و خزمەتگوزاری ڕژانە سەر شەقامەكان.

هەڵبژاردنەكە كە وادە ئاساییەكەی خۆی ساڵی 2022 بوو، بەپێی یاسای نوێی هەڵبژاردن بەڕێوەدەچێت كە بریتییە لە فرەبازنەیی و دەنگدان بە تەنها یەك كاندید، بەڵام چاوەڕوان ناكرێت گۆڕانكاری بەسەر قەڵەمڕەویی پارتە گەورە و دەسەڵاتدارەكانی ئێستای دیمەنی سیاسیی وڵاتدا بهێنێت.

دەنگدەران
ژمارەی دانیشتووانی عێراق 40.2 ملیۆن كەسە، كە بەپێی ئاماری نەتەوە یەكگرتووەكان 60%یان لەخوار تەمەن 25 ساڵەوەن.

ژمارەی دەنگدەران لەم هەڵبژاردنەدا 25 ملیۆنە، كە بەسەر 83 بازنەی هەڵبژاردن و 8273 سندوقی دەنگداندا دابەشبوون، لەڕووی تیۆرییەوە ژمارەی ئەو كەسانەی مافی دەنگدانیان هەیە 23 ملیۆنە، ئەو كەسانەن كە كارتی بایۆمەتریی دەنگدانیان كردووە.

لەم هەڵبژاردنەدا عێراقییەكانی دەرەوەی وڵات بەشداری ناكەن، ڕۆژی هەشتی مانگ دەنگدانی تایبەت بۆ كارمەندانی هێزە ئەمنییەكان و ئاوارەبووان و بەندكراوان بەڕێوەدەچێت.

دەنگدان
كاندیدان كێبڕكێ بۆ گەیشتن بە 329 كورسییەكەی ئەنجومەنی نوێنەران دەكەن، لەنێویاندا 83 كورسییان كە بریتییە لە 25% تەرخانكراوە بۆ ژنان، جگە لە 9 كورسی بۆ كەمینە و پێكهاتەكانی كریستیان، شەبەك، سائیبە، ئێزدی و كوردانی فەیلی.

نوێنەران بۆ خولێكی چوار ساڵی دەستنیشان دەكرێن.

ژمارەی كاندیدان بۆ ئەم هەڵبژاردنە زیاتر لە 3240 كەسە كە لەنێویاندا 950یان ژنن، كە دەكاتە كەمتر لە نیوەی ژمارەی ئەو ژنانەی لە هەڵبژاردنی 2018دا خۆیان پاڵاوت، هەروەك 789 كاندیدی سەربەخۆ هەن، ئەودوای كاندیدەكانیش بەسەر پارت و هاوپەیمانییە سیاسییەكاندا دابەشبوون.

ڕێژەی بەشداریكردن لە هەڵبژاردنەكەی ساڵی 2018دا گەیشتە 44.52% بەپێی ئامارە فەرمییەكان، لەكاتێكدا ڕەخنەگران دەڵێن، ژمارەكە زیادكراوە و بەشداربووان زۆر لەوە كەمتر بوون.

دیارترین كێبڕكێكاران
لەسەر ئاستی هێز و لایەنە سیاسییەكان، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان بە هاوپەیمانی كوردستان كێبڕكێكاری سەرەكین لەبەرامبەر پارتی دیموكراتی كوردستان.

جگە لەو لایەنانە، یەكگرتووی ئیسلامی، كۆمەڵی دادگەری و نەوەی نوێ لە بازنە جیاوازەكان بەشدارن.

لەسەر ئاستی هێزە شیعییەكان، ڕەوتی سەدر بە سەرۆكایەتی موقتەدا سەدر بنكەیەكی جەماوەریی بەرفراوانی هەیە و ئەمەش وایكرد زۆرترین كورسی لە هەڵبژاردنەكەی 2018دا بەدەستبهێنێت.

دوای ئەویش هاوپەیمانیی فەتح بە سەرۆكایەتی هادی عامری و هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆكایەتی نوری مالیكی و هاوپەیمانی دەوڵەتی نیشتمانی بە سەرۆكایەتی حەیدەر عەبادی و عەمار حەكیم دێن.

سەبارەت بە لایەنە سونییەكانیش كێبڕكێی توند لەنێوان هاوپەیمانی “تەقەدوم” بە سەرۆكایەتی محەمەد حەلبوسی و هاوپەیمانی “عەزم” بە سەرۆكایەتی خەمیس خەنجەر هەن.

بایكۆت
بەهۆی ناڕەزایی لەسەر شێوازی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكە و دابەشكردنی عێراق بۆ چەندین بازنە و كۆنتڕۆڵكردنی بە هێز و چەك، پێشتر ئەو چالاكوانانەی بەشداری كاریگەرییان لە خۆپیشاندانەكانی تشرینی یەكەمدا هەبوو، لەگەڵ حزبی شیوعی عێراق بایكۆت و بەشدارینەكردنیان لە هەڵبژاردن ڕاگەیاند.

بڕیارە یەكشەممەی داهاتوو 10ی تشرینی یەكەم هەڵبژاردنی پێشخراوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەبچێت، ئەنجامی بەشداری خەڵك و دەنگ و سەنگی هێز و لایەنەكان و كاندیدان لە ڕۆژی دواتر یان چەند ڕۆژی كەمی دواتردا دەركەون.

س: ئەلحوڕە

بابەتی پێشتر

ژنانی قەتەر شکستیانهێنا لە چوونە ناو یەکەم پەرلەمانی وڵاتەکەیان

بابەتی دواتر

گۆڕان: سەرخستنی هاوپەیمانی كوردستان ئەركە بۆ ئاسوودەکردنی ڕۆحی مام جه‌لال و کاک نه‌وشیروان

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

جەنگ، ئینتەرنێت دادەڕمێنێت؟
ڕوسیا و چین كار لەسەر هێڵی تایبەت بەخۆیان دەكەن

لەگەڵ بەردەوامیی شەڕ و ململانێكان سەبارەت بە ئۆكرانیا تۆڕەكانی ئینتەرنێت لەبەردەم ڕووداوی بێپێشینەدان، كە ئەگەری لەبەریەكهەڵوەشانی تۆڕی جاڵجاڵۆكەی…
Total
0
Share