ژنانی قەتەر شکستیانهێنا لە چوونە ناو یەکەم پەرلەمانی وڵاتەکەیان

وەزارەتی ناوخۆی قەتەر، ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی شورای وڵاتەکەی بڵاوکردەوە، کە بۆ یەکەمجارە لەو وڵاتە بەڕێوەدەچێت، 30 ئەندام لە کۆی 30 بازنە دەرچوون بۆ ئەندامێتی ئەنجومەنەکە، بەڵام لەناویاندا هیچ ژنێک بوونی نییە ،لەکاتێکدا 63.5%ی دەنگدەران ژن بوون.

ژنانی قەتەری لە کۆی 30 بازنەی هەڵبژاردن، تەنها کاندیدیان لە 14 بازنەدا هەبووە، بەڵام هیچ یەکێکیان نەیانتوانیوە بۆ ئەندامێتی ئەنجومەنەکە دەنگی پێویست بێنن.

لە هەڵبژاردنەکاندا 26 ژن لە 14 بازنەی هەڵبژاردندا کاندید بوون، بەو مانایەی 16 بازنە هیچ کاندیدێکی ژنی تێدا نەبووە.

بازنەی 22ی هەڵبژاردنەکان زۆرترین ژمارەی کاندیدی ژنی تێدابووە، پێنج کاندیدی ژن کێبڕکێیانکردووە، سێ ژنیش لە هەریەکە لە بازنەکانی 3 و 7 کێبڕکێیان کردووە.

دوێنێ شەممە هاوڵاتییانی قەتەر بەشداری هەڵبژاردنەکانی وڵاتەکەیان بۆ دەنگدان بە ئەندامانی ئەنجومەنی شورا کرد و دەنگیان بە 30 ئەندام بۆ ئەنجومەنەکەدا، لە کۆی 45 ئەندام.

15 كورسی دیكەی ئەنجومەنەكە لەلایەن شێخ ته‌میم بن حەمەد ئالسانی، میری قەتەرەوە پڕده‌كرێته‌وه‌.

بڕیارنامه‌ی یاسای هه‌ڵبژاردن پێشتر لەلایەن میری قەتەرەوە واژووكرا و تیایدا هاتووه‌، ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی شورا، كه‌ ده‌سه‌ڵاتی یاسادانانی لە وڵاتدا هەیە، به‌ هه‌ڵبژاردن دیاری بكرێن.

بەپێی بڕیارنامەكە، مەرجی خۆكاندیدكردن بۆ ئەنجومەنەكە ئەوەیە كە “هاوڵاتیی ڕه‌سه‌نی قه‌ته‌ر بێت”، “باپیری قه‌ته‌ری بێت و خۆیشی له‌ قه‌ته‌ر له‌دایك بووبێت”.

بابەتی پێشتر

پلاسخارت: 800 چاودێری نێودەوڵەتی بەشداری هەڵبژاردنی عێراق دەكەن

بابەتی دواتر

دەنگدان و دیارترین كێبڕكێكاران<br> هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە ژمارە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share