بەهەدەردانی بەرهەمە نەوتییەکان .. “یەکێک لە دیارترین ڕێگاکانی گەندەڵی لە عێراق”

عێراق خاوەنی سامانێکی گەورەی نەوتە و یەکێکە لە وڵاتانی گەورە بەرهەمهێنەری نەوت، خاوەنی پلەی حەوتەمە لە بوونی یەدەگی نەوت لە جیهاندا، بەهەدەردانی نەوت یەکێکە لەو ڕێگا باوانەی گەندەڵی کە عێراق پێوەی دەناڵێنێت، زۆرترین ڕێژەی بەهەدەردانی نەوتیش لە پارێزگای بەسرەدایە کە خاوەنی نزیکەی %60 کۆی یەدەگی نەوتی عێراقە.

بەهەدەردانی نەوتی عێراق لە ڕێگای ئەو تانکەرە نەوتانەوە دەکرێت کە لە دەروازەکانی بەسرەوە بەشێوەیەکی سەرەکی دەفرۆشرێن بەشێوەی ناڕەسمی و بەقاچاغ، تانکەرە نەوتەکان لەلایەن ئۆتۆمبێلی بچوکەوە کە چەکداری نافەرمییان تێدایە پارێزگارییان لێدەکرێت تاوەکو دەگەیەنرێتە شوێنی ساغکردنەوەیان.

لە دیارترین ئەو بەڵگە فەرمییانەی کە باس لە بەهەدەردانی نەوتی عێراق دەکەن ڕاپۆرتی شەفافیەتی ساڵی 2006 ی نوسینگەی سەرپەرشتیاریی گشتی وەزارەتی نەوتی عێراقە بە ناونیشانی، “بەهەدەردانی بەرهەمە نەوتییەکان لە عێراق”.

بەسرە گەورەترین دەروازەی بەهەدەردانی نەوتی عێراق:

لە دووری سەدان کیلۆمەترەوە، تۆڕێکی گواستنەوەی نەوت لە پارێزگای بەسرە دەبینرێت، تێیدا سەنتەری پیشەسازی نەوتی عێراق دامەزراوە، بەڵام ئەمە ڕێگری لە بەقاچاخبردنی نەوت لەلایەن ‘مافیاکانەوە’ نەکردووە.

ڕاپۆرتە عێراقییەکان باسلەوەدەکەن، چالاکییەکانی بەهەدەردانی نەوت لەدوای ڕوخانی ڕێژمی پێشووی عێراق لە ساڵی 2003 بەهۆی کەمتەرخەمی دەسەڵاتی یاسایی پەرەیسەند، پارێزگای بەسرە گەورەترین ڕێژەی یەدەگی نەوتی عێراقی تێدایە، کە بە 65 ملیار بەرمیل مەزەندە دەکرێت ئەوەی تاوەکو ئێستا ئاشکرا کراوە، ئەمەش بە ڕێژەی %60ی یەدەگی عێراق دەکات.

ئەو نەوتەی بەتەنها پارێزگای بەسرە هەیەتی زیاترە لە کۆی نەوتی وڵاتی بەحرەین و نزیکەی کۆی نەوتی وڵاتی ئیمارات، بەڵام بەهۆی بەهەدەردانی نەوتەوە گەنجینەی عێراق کە بەڕێژەی %90 پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت بۆ بودجەی گشتیی وڵات، ملیۆنان دۆلار زیانی بەردەکەوێت کە زیاترە لە 100 ملیۆن دۆلار لە مانگێکدا، ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوەدەکات.

بەپێی ڕاپۆرتە عێراقییەکان، بەهەدەردانی نەوتی عێراق بە هاوکاریی هەندێک لە وڵاتانی دەوروبەری عێراق و بەشداری بەشێک لە بەرپرسانی حکومی و سەرپەرشتیارانی کەرتی نەوتی عێراق و ئاسانکاریی لەلایەن هێزەکانی پۆلیس و گومرگی عێراقەوە ئەنجامدەدرێت.

ئاماژە بەوەشکراوە، ڕۆژانە لە پارێزگای بەسرە، ڕۆژانە زیاتر لە 40 هەزار بەرمیل نەوت بەهەدەر دەدرێت و لە ڕێگەی تانکەرە نەوتییە قاچاخەکانەوە دەنێردرێنە ئێران و قەتەر.

ڕۆڵی ئێران و قەتەر لە بەهەدەردانی نەوتی عێراقدا

ئێران، قەتەر و ئیمارات ئەو سێ وڵاتەن کە کڕیاری نەوتی بە قاچاخ فرۆشراوی عێراقن، سەرچاوە عێراقییەکان ئاماژە بەوەدەکەن ئێران لە ڕێگای بەهەدەردانی نەوتی عێراقەوە پلان بۆ بەهێزکردنی ئابوری سوپای پاسدارانی وڵاتەکەی دادەنێت و کاری بۆدەکات، بەمەبەستی پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییەی سزاکانی ئەمریکا لەسەر ئەو وڵاتە دروستیکردووە.

هەروەها ئێران لەوچوارچێوەیەدا کاردەکات بۆ ئامادەکاری بەرامبەر هەر سزایەکی سەختتر کە ئەمریکا بەسەر وڵاتەکەیدا بیسەپێنێت و لەم چوارچێوەیەشدا لە ڕێگای میلیشیاکانییەوە لە عێراق هەوڵی زۆرترین ڕێژەی هاوردەکردنی نەوت دەدات، لە ڕێگای قەتەریشەوە هەوڵی بەهێزکردنی ئەو لایەنانە دەدات کە لایەنگری حزبی بەعسی پێشووی عێراقیین تاوەکو ئاسانکاری زیاتریان بۆ بکرێت لە بەهەدەردانی نەوتی عێراق.

بەشێک لە لایەنە عەرەبی و عێراقییەکان باس لەوەدەکەن، “ئێران و قەتەر داهاتی بەهەدەردانی نەوتی عێراق بۆ کرینی چەک و پاڵپشیکردنی تیرۆر و جێبەجێکردنی چالاکی و هێرشە چەکدارییەکان لە عێراق، سوریا، یەمەن و لوبنان بەکاردەهێنن، هەروەها چەکدارکردن و ڕاهێنانی دەیان گەنج لەو وڵاتانە بۆ کارە تیرۆریستییەکان.

فرۆشتنی نەوتی عێراق بە ڕێگەی نایاسایی و قاچاخ بە چەند شێوەیەکە کە بریتیین لە:

  • فرۆشتنی نەوتە دزراوەکان بە تێکەڵکردنیان لەگەڵ نەوتی نەدزراو و گواستنەوەیان بەبێ ئەوەی هەستیان پێبکرێت.
  • نەوتە دزراوەکان لە ڕێگەی بەلەمەکان و نەوتهەڵگرەکانەوە دەگوازرێنەوە دواتر دەکرێنە ناو تانکەرەکانی نەوتەوە لە کەنداوی عەرەبی، لە ساڵی 2006 وەزارەتی نەوتی عێراق ئاشکرایکرد 166 بەلەم لە ئاوەکانی بەسرەدا هەن وەک هەنگاوی سەرەتایی و چاوەڕێی بەلەمی گەورەتر دەکەن بێت بۆ هاوکارییان.
  • شێوازێکی دیکەی بەهەدەردانی نەوتی عێراق لە ڕێگەی ئەو تانکەرە گەورانەی نەوتەوەیە کە لەلایەن هەریەکە لە ئێران و تورکیا و سوریاوە پارێزگارییان لێدەکرێت.
  • لە دیارترین ڕێگاکانی دزینی نەوتی عێراق کونکردنی بۆرییە نەوتییەکان و دەرهێنانی نەوتە لێیان و فرۆشتنی بە وڵاتانی دەوروبەر بە نرخێکی زۆر بەرزتر لە فرۆشتنی لەلایەن حکومەتی عێراقەوە.

ئەوانەی بەشدارن لە بەهەدەردانی نەوتی عێراق و داهاتی بەهەدەردانەکە:

میدیا عێراقییەکان باس لەوەدەکەن لایەن و حزبە عێراقییەکان تێوەگلاون لە بەهەدەردانی نەوتی عێراق بۆ ئیمارات، لانیکەم 40 لایەنی عێراقی و 10 حزبی سیاسی سودمەند دەبن لەو داهاتەی لە بەهەدەردانی نەوتی عێراقەوە دەستدەکەوێت، هەروەها حزبە کوردییەکانی هەرێمی کوردستانیش بەهەمان شێوە سودمەندن لە داهاتی نەوتی بەهەدەردراو، ئەو داهاتەی تۆڕەکانی بەهەدەردان و دزینی نەوت دەستیاندەکەوێت لە بانکەکانی وڵاتی ئیماراتدا هەڵدەگیرێن، هەروەها بەهەدەردان و بەقاچاخ بردن لە هەرێمی کوردستان هاوشێوەی عێراقە بەپێی ڕاپۆرتە عێراقییەکان، هەروەها کەرکوک بەهەمان شێوەیە لەلایەن خێڵەکان و عەشیرەتەکانی گوندەکانی دەوروبەری کەرکوک هەڵدەستن بە شکاندن و کونکردنی بۆرییە نەوتەکان و ڕۆژانە هەزاران تۆن بەنایاسایی دەبەن.

بەپێی ڕاپۆرتێکی کۆتاییەکانی ساڵی 2007 لانی کەم 25 کون کراوەتە بۆرییە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان و نەوتەکەی بەرەو تورکیا نێردراوە و بەشێک لە هێزە ئەمنییەکانی بەرپرسیار لە پاراستنی ئەو بۆرییە نەوتانە بەشدارن لە پرۆسەی بەهەدەردانەکە.

ڕاپۆرتەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا داهاتی نەوت بەهەدەردان بڕی 90 ملیار دۆلارە کە یەکسانە بە بودجەی هەندێک دەوڵەت، هەروەها بەپێی ئاماری وەزارەتی نەوتی عێراق لە ساڵی 2004 تاوەکو سەرەتای 2005 بڕی  56 ملیۆن لیتر نەوت بە شێوەی نایاسایی فرۆشراوە بە بڕی 28 ملیۆن دۆلار لەکاتێکدا فرۆشتنی ئەم بڕە نەوتە لەڕێگەی کۆمپانیا فەرمییەکانەوە داهاتەکەی بۆ حکومەتی عێراق  چوار ملیۆن دۆلارە واتە 24 ملیۆن دۆلار زیاتر لەو بڕەی حکومەت دەیفرۆشێت.

بابەتی پێشتر

کۆترى ئاشتی-ن یان باڵیۆزى جەنگ؟

بابەتی دواتر

نێیمار: دەمەوێت لەگەڵ مێسی یاریبکەم

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

یەكێتی لەبارەی پۆستی پارێزگاری كەركوكەوە ڕێككەوتنی لەگەڵ پارتی هەیە و داوای ‏جێبەجێكردنی دەكات

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان داوای زیندووكردنەوەی خاڵێكی ڕێككەوتنەكەیان لە پارتی ‏دەكات، كە تایبەتە بە دانانی كاندیدێكی یەكێتی بۆ پۆستی…
Total
0
Share