ئۆسکار دەگەڕێتەوە.. دیارترین فیلمە پاڵێوراوەکان بۆ خەڵات

پاش چەندین ڕاگرتن و گۆڕانکاریی ناچارانە کە لە دوو ساڵی ڕابردوودا تەشەنەسەندنی ڤایرۆسی کۆرۆنا سەپاندبوونی، ئەمڕۆ یەکشەممە ڕێوڕەسمی ئۆسکار گەڕایەوە هۆڵەکەی خۆی لەسەر شەقامی ئەستێرە بەناوبانگەکانی هۆلیود، گەڕانەوەکەش بە کێبڕکێیەکی بەهێزەوەیە لە نێوان چەندین فیلمدا، کە وا دیارە بەهێزترینیان “کۆدا”، “زە پاوەر ئۆف زە دۆگ” و “بێڵفاست”بن.

فیلمی وێستێرنی “زە پاوەر ئۆف زە دۆگ” کە لەبارەی پیاوانێکەوەیە ژیانی سێکسیی خۆیانیان پێقەبوڵناکرێت، ماوەیەکی زۆر لە پێشەوەی کێبڕکێکەدا مابووەوە و بەپێی سەرجەم بۆچوونەکانی چەند مانگی ڕابردوو، زۆرترین چانسی هەبووە بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتی فیلمی درێژ، لەم بارەشدا وەرگرتنی ئەم خەڵاتە دەبێتە سەرکەوتنێکی مێژوویی بۆ تۆڕی “نێتفلیکس”، چونکە پێشتر لەم جۆرە سەرەکییەی خەڵاتەکانی ئۆسکاردا هیچی نەبردووەتەوە.

بەڵام هەر چەند هەفتەیەک لەمەوبەر، پشکەکانی فیلمی “کۆدا”ی کۆمیدیی درامیی وەرگیراو لە فیلمی “La Famille Belier”ی فەرەنسییەوە، بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبوونەوە.

ئەم فیلمە کە بە بودجەیەکی نزمەوە بەرهەمهێنراوە، ڕۆژی هەینی ئاستی چاوەڕوانیی چاودێرانی سینەمای تێپەڕاند و پێش فیلمی “زە پاوەر ئۆف زە دۆگ”ی دایەوە.

لە پلەی سێیەمیشدا فیلمی “بێلفاست” دێت، کە بە ڕەشوسپی لەلایەن کینیس براناوە کاری دەرهێنانی بۆ کراوە.

کلایتۆن دایڤیس چاودێری بواری خەڵاتە سینەماییەکان بە گۆڤاری “فاراییتی”ی ڕاگەیاند، “پێشبڕکێکە لە نێوان دوو بۆ سێ فیلمدایە”.

دایڤس ڕوونیکردەوە، “دوو ساڵی ڕابردوو بۆ هەمووان سەختبوون. فیلمی “کۆدا”ش کارێکی گەشبینانە و مژدەبەخشە و دەروون ئاسوودەدەکات، وابزانم دەنگدەرانیش پشتگیریی فیلمیک دەکەن گەشبینی بڵاوبکاتەوە”.

هەروەها ستایشێکی زۆری فیلمی “زە پاوەر ئۆف زە دۆگ” کراوە، کە لە دەرهێنانی جەین کامپیۆنە و چوار ئەکتەریشی پاڵێوراوی خەڵاتن لەم خولەی خەڵاتەکانی ئۆسکاردا.

یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی فیلمی “کۆدا” ئەوەیە، کارێکی سەربەخۆیە و بودجەیەکی تا ڕادەیەک نزمی هەیە(15 ملیۆن دۆلار)، ئەمەش خاڵێکی ئەرێنییە بۆ ڕاکێشانی دەنگی لیژنەکان.

بەپێی سەرچاوەیەکی بەرپرس لە دەنگدان و بەخشینی خەڵاتەکانی ئۆسکار کە نەیویستووە ناوی خۆی بدرکێنێت، ڕەنگە فیلمی “زە پاوەر ئۆف زە دۆگ” چانسێکی کەمتری هەبێت، چونکە “زۆریک لە ئەندامانی ئەکادیمیای هونەر و زانستەکانی سینەما، هێشتا دوودڵن لەوەی دەنگ بە فیلمێکی نێتفلیکس بدەن، بۆ بەدەستهێنانی ئۆسکاری فیلمی درێژ”.

سەبارەت بە ئەکتەران، لەمساڵیشدا هەر وێڵ سمیس لە پێشەوەی کێبڕکێکەدایە و لە فیلمی “کینگ ڕێچارد”دا ڕۆڵی باوکی هەردوو پاڵەوانی تێنس “سیرینا و ڤینۆس ویلیەمز” دەگێڕێت.

هەروەها بۆ خەڵاتی باشترین ئەکتەری لاوەکی، ڕۆی کۆتسۆر یەکێک لە ئەستێرەکانی فیلمی “کۆدا” لە پێشەوەی پێشبڕکێکەدایە.

سەبارەت بە ژنەئەکتەرەکان، سکۆت فینبێرگ ڕایگەیاندووە، “هەر پێنج پاڵێوراوەکە هەلی بردنەوەیان هەیە” لەمساڵدا، بەڵام جێسیکا چاستین کە لە فیلمی “زە ئایس ئۆف تامی فای”دا ڕۆڵدەگێڕێت، چانسی لە هەمووان زیاترە.

وا پێشبینیدەکرێت ئاریانا دوبۆز ئۆسکاری باشترین ژنەئەکتەری ڕۆڵی لاوەکی بەدەستبهینێت، بەهۆی ڕۆڵگێڕانیەوە لە فیلمە نوێکراوەکەی “وێست ساید ستۆری”دا کە لە دەرهێنانی ستیڤن سپیلبێرگە، سپیلبێرگیش لەگەڵ جەین کامپیۆن-دا لە پێشبڕکێدایە بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتی ئۆسکاری دەرهێنەران.

بۆ ئەمساڵ، ڕێکخەرانی ئۆسکار و کەناڵی “ئەی بی سی” کە گوێزەرەوەی ڕێوڕەسمەکەیە، ئومێدەوارن بۆنەکە ڕێژەی پێشووی جەماوەرانی خۆی بەدەستبهێنێتەوە، لە کاتێکدا کە ساڵی 2021 بە ڕێژەی 56 دابەزیبوو.

هەر بۆ ڕاکێشانی جەماوەری زیاتر، ڕێکخەران لەمساڵدا “خەڵاتی جەماوەر”یان ڕاگەیاندووە، کە تێیدا خەڵک لەڕێی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە دەنگ بە ئەستیرەکان دەدەن.

هەروەها ڕێگایەکی دیکەی ڕێکخەران بۆ ڕاکێشانی جەماوەری زیاتر، ئەو نمایش و کۆنسێرتەیە کە هەریەک لە بیۆنسێ و بیلی ئیلیس لە ئێوارەی ئۆسکاردا دەیکەن، کە هەریەکیان لە دوو فیلمی جیادا و بە دوو گۆرانی پشبڕکێی خەڵات دەکەن، مەبەست لە هەردوو فیلمی “کینگ ڕیچارد” و “نۆ تایم تودەی”ە، کە دووەمیان نوێترین فیلمی جەیمس بۆندە.

بابەتی پێشتر

لە هەولێر منداڵێک ماوەی 20 ڕۆژە جێهێڵدراوە و کەسوکاری دیارنییە

بابەتی دواتر

ڕاداری ئارسیناڵ لەسەر لاوە ئاڵتونییەکەی مانچستەر یونایتدە

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

ڕۆژنامەیەكی ئەمریكی زانیاریی نوێ لەبارەی كۆنگرەكەی هەولێر ئاشكرادەكات

ڕۆژنامەی “نیویۆرك تایمز”ی ئەمریكی، لە ڕاپۆرتێكدا بەدواداچوونی بۆ دوایین پەرەسەندنەكانی دوای كۆنگرەكەی هەولێر كردووە، كە لەلایەن “ناوەندی پەیوەندییەكانی…
Total
0
Share