قوباد تاڵەبانی: چوارساڵە هەرچی دەكەین ئەو كەلێنانەمان بۆ پڕناكرێتەوە كە لەدوای مام جەلال دروستبوون

قوباد تاڵەبانی پەیامێكی لە چوارەمین ساڵیادی كۆچی دوایی مام جەلالدا بڵاوكردەوە و دەڵێت، “بەڵێنمان ئەوەیە تا ئەو جێگای دەسەڵات و توانامان هەبێت نەهێڵین گیراوی بیر و ڕۆژنامەنوسی زیندانیكراو و سەركوتكردنی ڕەخنەگرتن هەبێت و هەر بۆ پرەنسپیی چەپكە گوڵەكە تێدەكۆشین”.

قوباد تاڵەبانی لە پەیامەكەیدا دەڵێت، “چوار ساڵ بەسەر ماڵئاوایی تۆدا تێپەڕبوو، كەچی خەمی لەدەستدانت و ئەو بۆشاییەی دروستیكرد هێشتا هەر ئەڵێی ئەو ڕۆژەیە كە هەواڵی ناخۆشی مەرگت هەموومانی ڕەشپۆش كرد”.

دەشڵێت، “هەموومان چوارساڵە ڕاكە ڕاكمانە و هەرچی دەكەین هیچ لەو كەلێنانەمان بەتەواوی بۆ پڕ ناكرێتەوە كە لەپاش تۆ دروستبوون؟!”.

هەر لەپەیامەكەیدا قوباد تاڵەبانی دەڵێت، “باوکە گیان، لەپێناو قووت و گوزەرانی خەڵکەکەمان لەهەموو دەرگایەکی بەغدادمان دا، چوینە هەركوێیەک سەربەرزبوین كە میراتگری مام جەلالین”.

دەقی پەیامەكەی قوباد تاڵەبانی:

باوكە گیان..

چوار ساڵ بەسەر ماڵئاوایی تێپەڕبوو، كەچی خەمی لەدەستدانت و ئەو بۆشاییەی دروستی كرد هێشتا هەر ئەڵێی ئەو ڕۆژەیە كە هەواڵی ناخۆشی مەرگت هەموومانی ڕەشپۆش كرد.

لەم ماوەیەی بەجەستە لەناوماندا نەبوویت، لەهەمووكات زیاتر لە گرنگی و پێگەو كاریگەریی ژیانی سیاسی تۆ تێگەیشتین، ئاخۆ تۆ چی بووبیت وا هەموومان چوارساڵە ڕاكە ڕاكمانە و هەرچی ئەكەین هیچ لەو كەلێنانەمان بەتەواوی بۆ پڕ ناكرێتەوە كە لەپاش تۆ دروستبوون؟!

دڵمان پڕە و هێشتا خەمباری ماڵئاوایی تۆین، بەڵام ئاسودەین كە لەهەوڵی گەیاندنی كاروانەكەتین بە دوا مەنزڵ، خەریكبوو ئەو یەكێتییەی هەموو ژیانی خۆتت لەسەر دانا بەرەو هەڵدێر بڕوات، بەڵام شانمان دایە ژێر باری ڕاستكردنەوەی و ئێستا لەگەڵ ھەڤاڵان خەریكین هەنگاو بەهەنگاو بیخەینەوە سەر ڕاستەڕێگەكەی تۆی مام و ڕابەر.

بەر لەوەی كۆچ بكەیت، لەگەڵ كاك نەوشیروانی هاوڕێی تەمەنت، خەونی یەكڕیزی و گێڕانەوەی برایەتی جارانتان هەبوو کە لە دەباشان هێڵە گشتییەکانتان بۆ ڕاکێشاین، وا ئێمە هەنگاو بەرەو بەدیهێنانی ئەو خەونەی ئێوە دەنێین و سوورین كۆتایی بەهەموو دابەشبوونێك بهێنین و یەكێتی و گۆڕان بكەینە بەرەیەك و هاوپەیمانێتییەكی سیاسی تا یەکگرتنێک كە ببێتە مایەی خێر و خۆشی بۆ هەموو كۆمەڵانی خەڵكی کوردستان.

باوکە گیان، لەپێناو قووت و گوزەرانی خەڵکەکەمان لەهەموو دەرگایەکی بەغدادمان دا، چوینە هەركوێیەک سەربەرزبوین كە میراتگری مام جەلالین. زۆر زۆر سوپاس بۆ ئەو هەموو پەیوەندی و دۆست و شكۆو ڕێزەی لەدوای خۆت بۆ ئێمەت بەجێهێشت و ئێمە ئێستا سەرمان بەرزە پێی، چونکە دەمانزانی و هەستمان پێدەکرد کە بەشی زۆری ئەو ڕێزە، تەنانەت دوای چوار ساڵ لەماڵئاوایی تۆ، هێشتا هەر بۆ تۆ بوو. لەدڵەوە دەیڵێم سەربەرزم کوڕی تۆم باوکە گیان!

خەمێكی قووڵی تری تۆ ئازادی و داكۆكیكردن بوو لە جیاوازییەکان، پاراستنی شکۆی نووسەران و خەڵكی خاوەن بیر و ڕۆشنفكردابوویت، بەبێ ئەوەی بتەوێ دواتر بەرەو ڕوویەكی دیار ئاراستەیان بكەیت، پێتوابوو ئازادی مافێكی خۆڕسكە تەنانەت بۆ تانەدان و ڕەخنەی توندیش لەخودی خۆت، ئێمەش هەر لەسەر باوەڕی تۆین و گفت و بەڵێنمان ئەوەیە تا ئەو جێگای دەسەڵات و توانامان هەبێت نەهێڵین گیراوی بیر و ڕۆژنامەنوسی زیندانیكراو و سەركوتكردنی ڕەخنەگرتن هەبێت و هەر بۆ پرەنسپیی چەپكە گوڵەكە تێدەكۆشین.

باوکە گیان ناتوانین بۆشایی تۆ وەك پێویست پڕ بكەینەوە، بەڵام هیچ كاتێكیش درێغی ناكەین و وتەو ڕەفتار و هەڵسوكەوتەكانت مەشخەڵی ڕێگەمانە بۆیە بەهیوام لە دوامەنزڵگەتدا ئاسوودە و ئارام بیت و ساڵ دێت و دەڕوات تۆ هەر مام جەلالی، ڕابەری كوردان و شكۆی نەتەوەکەمانی.

کوڕی خۆت

قوباد

بابەتی پێشتر

(ڤیدیۆ) دێربی تۆرینۆ به‌ بردنه‌وه‌ی یوڤانتۆس کۆتاییهات

بابەتی دواتر

(ڤیدیۆ) ئینته‌ر میلان به‌شێوه‌یه‌کی کاتی بۆ پله‌ی دووه‌م سه‌رکه‌وت

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

تونێلی دەربەندیخان دادەخرێت

لەمشەوەوە بۆ ماوەی 24 كاتژمێر تونێلی دەربەندیخان دادەخرێت. بەڕێوەبەرێتی هاتوچۆی دەربەندیخان لە ئاگادارییەكدا بۆ هاوڵاتییان و شۆفێران رایگەیاند،…
Total
0
Share