بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی “دکتۆر جەمال ئەحمەد ڕەشیدی منداڵانی فێرکاری” لە سلێمانی تەندروستیی سلێمانی ئاگادارکردووەتەوە، کە سێ منداڵ بەهۆکاری خواردنی دەرمانی خۆماڵی و گژوگیا گیانیانلەدەستداوە.
دکتۆر پشدەر عەبدوڵا، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵانی فێرکاری بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، ” گومان دەکرێت مردنی سێ منداڵ هۆکارەکەی بەکارهێنانی دەرمانی خۆماڵی و گژوگیا بێت ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ، بۆیە تەندروستیی سلێمانیمان ئاگادارکردووەتەوە”.
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵانی فێرکاری، داوا لە هەموو دایکان و باوکان دەکات بەبێ ڕێنمایی پزیشکی پسپۆڕی منداڵان دەرمان بەکارنەهێنن بۆ منداڵەکانیان.
نەخۆشخانەکە ناو و کاتی مردنی منداڵەکانی بە نوسراو ناردووە بۆ تەندروستیی سلێمانی و ئاگاداری کردوونەتەوە.