کازمی لەگەڵ کۆمسیۆن و لیژنەی ئەمنیی هەڵبژاردنەکان کۆبووەوە

سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ ئەندامانی ئەنجومەنی کۆمسیارانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان و لیژنەی باڵای ئەمنیی هەڵبژاردنەکان کۆبووەوە و چەند بڕیارێكی دەركرد.

بەپێی ڕاگەیەندراوێكی نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ مستەفا کازمی لەگەڵ سەرۆک و ئەندامانی ئەنجومەنی کۆمسیارانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان و لیژنەی باڵای ئاسایشی هەڵبژاردنەکانی عێراق کۆبووەوە، لەکۆبونەوەکەشدا ڕێکارەکانی کۆمسیۆن بۆ هەڵبژاردنی 10ی ئەم مانگە و دوایین ئامادەکارییەکانی پرۆسەکە تاوتوێكران.

كازمی باسیلەوەكردووە، “لە ھەڵبژاردنەکانی ڕابردوودا عێراق بە دەست گەندەڵی و ساختەکاریی ناڵاندوویەتی، بۆیە ئێستا کاتی ئەوە ھاتووه‌، عێراقییەکان لە ڕێگای سندوقەکانی دەنگدانەوە و دوور لە دەستی ساختەکاران، متمانەیان بە دەوڵەتی خۆیان زیاتر بێت”.

هەروەها ھەڵوێستەکەی عەلی سیستانی بەرزنرخاندووە کە داوای لە ھاوڵاتییان کرد بەشداریی لە ھەڵبژاردنەکاندا بکەن.

سەرۆك وەزیرانی عێراق پێشوایە، بایکۆتکردنی ھەڵبژاردنەکان، ئەنجامی خراپی لێدەکەوێتەوە، چونکە دواتر کەسانێک بەرپرسیاریەتی لە ئەستۆ دەگرن کە شایەنی نیین.

کازمی ئەوەشی وتووە، “لە ساڵی 2003 وە ئەمە یەکەمجارە ھەڵبژاردنێک ئەنجام دەدرێت کە سەرۆک وەزیران تیایدا خۆی کاندید نەکردووە، بۆیە ھیچ فشارێک لەسەر کۆمسیۆن نییە و خۆم سەرپەرشتیی لیژنەی باڵای ئەمنی ھەڵبژاردنەکانم کردووە”.

جەختی لەوەشكردووەتەوە، “دەبێت ھەڵبژاردنێکی دادپەروەرانە ئەنجام بدرێت کە متمانە بە سستمی سیاسی بگێرێتەوە”.

هەر بەپێی راگەیەندراوەکە مستەفا کازمی چەند ڕاسپاردەیەكی دەرکردووه‌ لەوانە، چڕترکردنەوەی ھەوڵە ئەمنیی و ھەواڵگرییەکان بۆ ڕێگرتن لە ھەر لایەنێک ئەگەر ھەوڵبدات کاریگەریی لەسەر دەنگدەران دروست بکات.

هەروەها بڕیاری فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانیش جێبەجێ بكرێن.

بابەتی پێشتر

گومان دەکرێت سێ منداڵ لە سلێمانی بەهۆی خواردنی دەرمانی خۆماڵییەوە مردبن

بابەتی دواتر

هاوپەیمانی کوردستان بانگەشەی هەڵبژاردنی ڕادەگرێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share